
ئیبراهیم هەورامانی
ئێوە دەتوانن،
دەغڵمان بدورنەوە،
لێمان بدزن،
برسیمان کەن.
ئێوە دەتوانن
دەتوانن!
بەڵام ناتوانن کۆیلەمان کەن.
ئێوە دەتوانن،
گوڵی باخچەکانمان بژاکێنن
ڕوناکیمان،
لێ بشارنەوە.
خەندە،
لەسەر لێوی مناڵانمان بتۆرێنن.
ئێوە دەتوانن
ئێوە دەتوانن
بەڵام ناتوانن کۆیلەمان کەن.
ئێوە دەتوانن
نیشتمان پڕکەن لە زیندان
ڕێڕەوەی ڕوبارەکان بگۆڕن،
تینومان کەن.
مانگ بشارنەوە،
ئاسمان،
پڕلە دوکەڵی جەنگ بکەن.
ئێوە دەتوانن
ئێوە دەتوانن
بەڵام ناتوانن کۆیلەمان کەن.
ئێوە دەتوانن
ڕەنجمان بدزن،
هەروەکو چۆن دزیوتانە.
لەنێو کونجی زیندانمان کەن،
هەروەکو چۆن کردوتانە.
بەرهەمی،
نیشتمان بەتاڵان بەن،
هەروەکو چۆن بردوتانە.
ئێوە دەتوانن
ئێوە دەتوانن
بەڵام ناتوانن کۆیلەمان کەن.
ئێوە ناتوانن،
هەتاوەک هەن،
بەری ڕەنجی ئێمە بدزن.
نیشتمانمان،
داگیر بکەن.
شادی و خۆشی مناڵانمان بشێوێنن.
ئەم وڵاته،
پڕ زیندان کەن.
گەنج و لاومان،
بێکار بکەن.
ئالودە بە تلیاک بکەن،
ئەوە ئێوەن،
کەناتوانن،
ئازادیمان،
بیربەنەوە.
سەربەستیمان،
زەوت بکەن.
هەق و مافمان بسڕنەوە.
ئێوە ناتوانن
ئێوە ناتوانن
بەر بە توڕەییمان بگرن.
گڕی تۆڵەمان بکوژێننەوە.
ئەوە ئێمەین،
ڕۆژێک هەر دێ
دەسەڵاتتان،
لەبەین ببەین.
نا یەکسانی و
چەوسانەوە ، بسڕینەوە.
شادی و
خۆشی ،
لەبۆ هەموان بێنینەوە.
ئەوە ئێمەین،
کە دەتوانین !
کە دەتوانین!
کەدەتوانین!
هەڵەبجە
حوزەیرانی /٢٠٢٣