
كەریم دەشتی
لە ڕەنگی شەرابدا
شەونمی ئەزەلییم ڕەنگڕێژ كرد
لە ڕەنگی شەفەقدا
كۆتەرەی درەختم ڕواندەوە
لە ڕەنگی ڕەژوودا
ئەڵماسی ئاوازم داڕژاند
لە ڕەنگی خۆڵەمێش
ئاگری ئۆلێمپم داگیرساند
لە ڕەنگی خۆرەتاو
شەوگارم بۆ ماڵی تاریكیی
بردەوە
لە ڕەنگی ئازادیی
دەرگام لە باستێلی دیلەكان كردەوە
لە ڕەنگی ساماڵدا
پیرۆزەم بۆ گەردەن بردەوە
لە ڕەنگی ئەبەنووس
بەفری ئەشكم باراند
لە ڕەنگی كافووردا گوڵی ڕەش
لە ڕەنگی خوێناویی گوڵی گەش
ببوورە خاکی پڕ برینم
بۆ ڕەنگی كازێوە
چوومە ڕێی مەرگ و مان
هەموو ڕەنگەکانم تێکەڵ کرد
بەم هەموو ڕەنگانەش نەمتووانی
نەخشەیەك داڕێژم بۆ باخی نیشتمان