شەماڵ بارەوانی

دەمەوێ مۆسیقای وشەکانم بچنەوە سەر نەسەبی ئەلفوبێی سەراب و ملوانکەی ئەم هەموو قەیرەحوزنە لە گەردنی شیعرەکانم دابماڵم

دەمەوێ بڕۆمەوە کەناری متبوون و بەدەم سیگاری حەسرەتەوە

بێدەنگی بکەم بە ناونیشانی دێڕەکانم

نامەوێ چیتر کانی مەراقم جۆگەلەی ڕەشبینی لێ بڕژێت و

هەوری ئاسمانی دیدەم بارانی قەڵەق ببارێنێت

نامەوێ جارێکی تر مۆرانەی هاڕین بە پلیکانەی ڕۆحم سەرکەوێت و کۆرپەی سەرگەردانیم لە ئاستانەی خەونێکی نەزۆکەوە سەربنێتەوە

دەمەوێ بڕۆمەوە سەر لەهجەی بێتاقەتی و لە قافیەکانی زەمەن ڕەها ڕەها دەبم

هەرگیز نەدەبوو هەموو شتێک لە ڕوانگەی ئەرگوێمێنتی منداڵییەوە ببینم

دڵنیام دوای ئەم فەسڵەی فریودان مەوسمێکی تری کاڵبوونەوە هەواری تەنیاییم بەسەردەکاتەوە و دووبارە ڕەنگەکانم دەڕۆنەوە دواسنووری ئاوابوون

ناچارم کاژی نیگەرانی فڕێدەم و فەسڵێکی تری ئالوودەبوون بە فرمێسک دەست پێبکەم

ناچارم پێکێکی تری عەزاب بنۆشم و پەڕە پەڕەی دەفتەری بیرەوەرییەکانم بدڕێنم