لەپەنجەرەیەک دەگەڕێم 

تاهەنگـی وشەو گۆرانی سپی لێوە هەڵدەم 

تا ڕەنگی هەرمێ و 

دەست و خەتی باڵندەکانی ئەو عیشقە تۆخ دەکەمەوە 

تۆ هەر سەیری بێدەنگیم دەکــەی ؟!

ئەی دەفی شکاوی کۆنە شیعرەکانی ئەوێم !!

ئێستا کوا ئەوسەردەمەیە ،

بەدەم ئاخیر فڕینەوە شەق لەماڵی شەراب هەڵدەی  ؟!

ئێستا کەی وەختی ئەوەیە ،

بەو عەسری لەت بوونە زەمی ئاگر کەین و 

عیشق بەتەنیشت دڵهێشانی درەختێکەوە هەڵنێیــن !!

ئەوبەباران دەناسمەوە !

کێ هەیە بەو دەنگە مۆرەوە 

ماڵی گیای پڕکردووە لە ئاخر تانەی ئەوین و 

پەرداخەکەی هەڵێنجاوە لەهەڵمی نوور  ؟!

بەکام شیعرەم دەڵێی بیڵێ !

کام سنەوبەرە دەکەیتە شاهید ؟!

بەدەم چنینی خەیاڵەوە ،

ئەو دەمەی باران پێ لەمن دەنێت 

ئەو دەمەی دڵی من بەباخچەیەکەوە لەسێبەر دەکەوێتەخوار 

ئەو دەمەی کەشەڵاڵ دەبووین لەعەتری تەماشاو 

مۆسیقا نم نم دەیخستمە ناو گەوڵەکانی خۆی 

ئێستا کە ڕادەکشێی لەگەڵ باداوبروسکە لەبەردەکەی 

کراسی کام حەیرانی هەتیووە دەگوشی بەخۆتەوەو 

بەکام نەسیم دووری دەشۆی  ؟!

خوایە ئەو ڕۆژە تۆ لەوێ بووی 

تخوبەکانی منیان پڕکرد لەسەودای قسە بێتامەکانی بـا 

خۆت شاهیدی ،

چۆن دەستان خستە ناو ڕستەکانی گریانم ؟ 

چۆن ئاگریان لەپرچی شیعر بەردا ؟!

ئێرەجگە لەتۆ کەسی تری پێدانایە !

دەستێکم بگەیەنە دەست روبار 

خەریکە ئەو کەنارە بەتاریکی دا دەڕوات !! 

من پڕبووم لەبەستەکانی گڤەی با 

لەخۆڵی ئەستێرەی کشاو 

تاپڕبوونی پێکی ڕستە لەمانگـی شکاو !! 

کوا خەوم لێ دەکەوێ ،

تاشەڕ بەشووراکانی دڵم نەفرۆشم ؟!

تۆ ئەگەر بەکۆڵانی شیعرێکی نوێشمدا هاتیەوە 

سەرێک لەماڵی گمەی ئەو پرسیارانە دە 

جگە لەتۆ کێ دەربەندەکانی منی دیووە ؟ 

تا پەرداخم پڕنەکردبێ لە پیری خۆم 

تا پەڕەکانی غوربەتیم ،

لەنوێژی ئیماندارێکــا نزا نەکەن 

تا چۆڕاوگەی مۆسیقام ،

نەچۆڕابێتەوە سەر گوڵەگەنمەکانی سەراب 

منی چۆڵ هیچ دەقێکم 

بۆ شەونمی سەر ڕوومەتی بــاو 

بۆ دووری حەبیبەکەی نالـی نەنوسیووە !! 

 محمدی مام ڕەسوڵ 

        2023 / 8 /14