موحسین ئاوارە

ئەوەی پیر نابێ و هەر جوانە و جوانە نیشتمانە

ئەوەی تەڵاکەی عەیار بەرز و هەر درەوشاوەیە کەم شەوق نابێ نیشتمانە

ئەو چاوانەی هەمیشە زەق زەقن نابینا نابن نیشتمانە

ئەو دڵەی پڕ لە ئەڵماس و  یاقووت و مروارییە

شۆڕبییەوە زیاتر و زیاتر

سەردەرەی سندوقەکەی هەڵدەیتەوە

دەبێ دەست بە چاوانتەوە بگری و بکشێیتەوە

هەر حاڵ و جەزبەی پڕشنگی

مەرجان وعەقیق و سەندەلووسە

هەر دزەنیگای ئەڤینی پیرۆزە و زمرووت و کەهرەمانییە

تەبەشی بلووری بێگەردە

نغرۆی نێو جوانییە

ئەوانەی موبتەلای شکۆمەندی و میحرابی خاکن

لە خوێنی ڕژاویان بێ باکن

کە جێیی ناهێڵن و تەنیا نابێ نیشتمانە

نیشتمانەکەم چاوی لێتانە ئازاری دەدەن

بە خشکەیی دەست بۆ گیرفانی دەبەن

ئاگای لێتانە

مێوانداری کردوون لە ماڵی خۆیدا

دەتانەوێ ئابڕووی بەرن

ئاگای لێتانە

هەتا گۆڕی شەهید هەڵدەتەکێنن

زامی کۆنی هەڵدەدڕن

پلاتینی نێو قاچ و قوڵێ  دەردەهێنن

ئاگای لێتانە و ئاگای لێتانە

کەچی ئەوەی پیر نابێ و هەر جوانە

نیشتمانە و کوردستانە