
جەبار جەمال غەریب
١١
بەشی یازدەیەم دوای كۆتایی
هەورێك دێت و شار دەخاتە سەر كەڵكەڵەی ماتەم، یازدە تەرم لە هەلیكۆپتەرێكی بۆرەوە فڕێ دەدرێنە ناو زیلێكی بۆرتر. تا ئێستا، كە ئەو چەند دێڕە دەنووسم، تەقەی بەركەوتنی سەری مەیتەكان بە پشتە زیلەكە، لە مێشكمدا دەنگ دەداتەوە.
- ئەرێ ئەو سەربازانە دایكیان نەبوو؟ چۆن بەرگەی زرمەی ئەو لاشانەیان دەگرت، كە لەو بەرزییەوە دەكەوتنە ناو پشتە زیلەكە، بەناو زیلەكەدا دەكشان و دووبارە تاق بەر كۆتاییەكەی دەكەوتن.
- ئەوان تازە لەوە بورابوون ئازار بچێژن، ئەو دەستانەی فڕێیان دەدان منداڵیان نەبوو؟ نەیاندەزانی چاوەڕێكردنی منداڵ چ مانایەكی هەیە؟
- ئەوانە قسەی ئێستان، دەنا ئەو شێرەكوڕانە بیریان لەو نەدەكردەوە، ئەوان بۆ مردن هاتبوون.
- ئەوان هاتبوون لە قەڵادزێ بمرن.
- ئەوان تەواوی شاخ و دۆڵ و شار و گوند گەڕابوون، هاتبوون لە قەڵادزێ بمرن.
- ئەوان دەشێ بیستبێتیان، دەشێ نەشیانبیستبێ، كە لە كوێ دەژی بژی، بەس لە قەڵادزێ بمرە.
- ئەوان بەدوای ئەو قسەیەدا هاتبوون.
- تەنیا بكوژەكانیان ئەوەیان نەبیستبوو، ئەگەر ئەوەیان دەزانی، هەرگیز نەیاندەهێشت ئەو شكۆیەیان پێ ببڕێ، شكۆی ناشتن لە قەبرستانی قەڵادزێ.
- یازدە شێری بێشەیان هێنایە سەرقەبران، یازە تەرمیان خستە سەر گڵی ئەو گۆڕستانە.
ئەو گۆڕستانەی، كە لە هەموو دنیادا ژیان ببڕێ، لەوێ هەر بەردەوامە.
من و تەرم
- كە گەیشتمە سەرقەبران، جارێ خەڵك تەواو نەیانزانیبوو چ قەوماوە.
- جارێ خەڵك نەجووڵابوون، جارێ خوێنی شار قوڵپی نەدابوو.
- سدیق، كە پێشیان دەگوت سدیقە كوێر، تەنیا لەبەر ئەوەی تانەیەكی سپی لەسەر چاوی بوو، نەك ناشیرین، لای من شیرینی كردبوو، تەنیا ئەو لەوێ بوو، دەشێ كەسێكی دیكەشی لێ بووبێ و من نەمدیبێ، چونكە چەند تەرمێكیان هێنا بۆ سەر تاتەكان و ڕووتیان كردبوونەوە، جلەكانیشیان لەبن كەڵەكەكەی وەك شوورە دروست كرابوو، خستبوونە سەر یەكتر.
- من ترسنۆك و گرینۆكیش بووم، نزیكەی ئێستاش هەر وام، بەڵام لەوێ گەرماوگەرم هەستم بە ترس نەكرد و هیچ خەمێكیشم لەبەر نەبوو.
- بەناو تەرمەكاندا گەڕام، لەو كاتەدا كەسێكی دیكەش پەیدا بوو، ئەویش هەر چووكەڵە، وەك لەبیرم بێ ڕێبواری محەمەد یوسفی بەرید بوو، هاتبووە لای مام سدیق.
- من سدیقە كوێرم زۆر پێشتر دەناسی، ئەو كاتانەی، كە كرێكاری مەلاریا بوو، بابم سەرۆكی گرووپەكەیان بوو، زۆر دەهاتە ماڵمان و تێكەڵ بووین.
- جەنازەیەك تاڕادەیەك قەڵەو و بەخۆوە، كەمێكیش باڵابەرز، پێست سپی، هیچ نیشانەی گولـلەی پێوە نەبوو، ڕووخساری، سەر سینگی، ورگ و ڕان و لاقولەتەری سەلامەت بوو، كە سدیق هەڵیگێڕایەوە، پارچەیەك پشتە سەری بردبوو، شەباقەیەكی تێكردبوو.
- ئەوەم لەبیرە، ڕێبوار ئاوی بە دەستی سدیقدا دەكرد، منیش هەندێك ئەو كارەم كرد. یەكە یەكە سەیری تەرمەكانم كرد، یەكی باریكەڵەیان لەسەر ڕوو كەوتبوو، ئەویش هیچی پێوە دیار نەبوو، تەنیا ئەوەندەی ئاگری جگەرەیەك پشتی سوور ببووەوە، وەك كون بووبێ، كە هەڵیانگێڕایەوە و خستیانە سەر ڕوو، كڵۆ بەزێك لەسەر سینگی هاتبووە دەرێ و بەرز ببووەوە. توومەز گولـلە لە پشتی دابوو و لەسەر سینگییەوە هاتبوو دەرێ، ئەوەندەی بۆشی كرابوو گۆشتی پچڕی بوو.
- چەند جەنازەیەك لە خوار تاتەكەی سەر كانییەكە درێژ كرابوون، هەر یەكەی بە جۆرێك كەوتبوو، یان ڕاكشابوو.
- سدیق چەند جارێك بانگی كردم، بەناو جەنازەكاندا بەسەر تاتەشۆرەكە كەوتم، جلیان لەبەر هەمووان داكەندبوو، ئەو كەسەی كە پێم وابوو هەر لە سەرەتاوە لەگەڵ سدیق لەوێ بوو، جلەكانیانی لەبن كەڵەكە بەردەكەی وەك شوورە بە دەوری گۆڕستانەكەدا دروست كرابوو، كەڵەكە كردبوو، دەیویست بیانسووتێنێ، سووتاندنیشی، سدیق هاواری كرد دوور كەوە، گیرفانیان گوللەی تێدایە و دەتەقێتەوە. كابرا هەوڵی دا ئاگرەكە بكوژێنێتەوە، كوژاندیشییەوە. نازانم بۆ لە سووتانی جلەكانیان بەپەلە بوون.
- لەو سەرقاڵی و مەشغەڵەتەدا سەرم هەڵبڕی، ئەو هەموو خەڵكە لە كوێ پەیدا بوون!
- حەمەی مینە ڕێحانی و جەماعەتەكەی دەستیان پێكردبوو، خەڵكێكی زۆریش لەگەڵیان ملیان لێنابوو و یارمەتییان دەدان.
- حەمەی مینە ڕێحانی و گرووپەكەی هەر كە بیستبایان كەسێك كۆچی دوای كردووە، بێ ئەوەی بپرسن كێیە و بە چی مردووە؟ پاچ و خاكەنازیان هەڵدەگرت و دەچوون بۆ سەرقەبران و گۆڕیان هەڵدەقەند، بۆیە هەرگیز پێویست نەبوو كەسێك پێیان بڵێ فەڵانە كەس مردووە، یان كەسێكم مردووە دەكرێ گۆڕی بۆ هەڵقەنن. نا ئەوان تەنیا ئەوەندەیان پێویست بوو بزانن مردووەكە پیاوە یان ژنە، دەنا خۆیان گۆڕیان هەڵدەقەند و دەچوونەوە، زۆر خاوەن مردوو نەشیدەدیتن تا دەستخۆشییان لێ بكات.
- جگە لە پیاوماقووڵانی قەڵادزێ، كە دەتوانم یەك بە یەك ناویان بێنم، كە هاتبوون و بەوپەڕی چالاكی و بەوپەڕی خەمەوە لەوێ بوون، جگە لەوانە بابم بەرچاو كەوت، لەگەڵ هۆمەری حاجی مووسای، تۆپە قوماشێكیان بەدەستەوە بوو، دەیانپێوا تا بەشەكفنی لێ كەنەوە.
- وام زەن دەكرد، كە هیچ كەسێك لەناو شاردا نەماوە و هەموو خەڵكی شار وەك لەشكری غەدر و خەم هاتبوونە سەرقەبران.
- یازدە مەیت، یازدە گۆڕ، لەسەر ئەو گردە لێی ڕاكشابوون، جا گۆڕستانەكەی قەڵادزێ لەسەر گردێكە، گۆڕەكان وا هەڵكەتبوون، وەك ئەوەی مەل بن و باڵیان كردبێتەوە و بیانەوێ لە هەر لەحزەیەكدا بدەنە شەقەی باڵ.
06/07/2023