لێرە ژیان 

خەریکی کوشتنی ئاوە 

بۆیە منیش وەکو تۆ سەیری کفنەکانی مردن دەکەم !

چەند دەگەڕێم ،

مۆسیقایەک نادۆزمەوە دەستەکانی لەناودەستی ئاودا بێ و 

هەفتەکانم پڕ کا لەدەریای خۆی

لێرە زۆر شت غەدری لێکردیــن ، زۆر شت !

ئەوەنیە هەموو ڕۆژێک ،

پایز توورەکەکانی پڕدەکا لەخۆڵی ئێمەو 

کانیەکم منداڵانە دەستدەکات بە پاڕانەوە ؟

ئەوەنیە تۆش ،

بەدەم ئاوابوونی ویساڵ و 

بەدەم زەردبوونی بیابانەکانی نووسینەوەم 

ڕۆژنیە کەنارێکت پەلم نەگرێ و 

ڕۆژنیە بەقەڵەمی مافیاکانی دووری

دەربەندێکم داگیرنەکەیت و

چەندڕستەیەکی ڕوناکیم نەکوژیت !

چەند سەیرە !

جاران کەتۆ بەسەحەری شەممەیەکدا دەهاتیەوە 

منیش ئێوارەیەکم بەعەتر دەکرد 

ئێوارەیەک کەهەرچی مەخلووقی خوا هەیە 

نەیاندەزانی تارماییەک بەناو قەرسیلی ژیان و 

بەناو تەمی گۆرانیمدا ڕەت دەبێ

تارماییەک هەر بڕوای بەوە نەبوو ،

ڕۆژێک گوێی لە قیژەی ئەو داهۆڵانە دەبێ 

کەبەپێوە ئێسکەکانی ژیان دەکرۆژن !

ئەی یار 

بۆ ئەوەی شیعر درز نەبا، 

لەکانوونی یەکەمی هەموو ساڵێک چاومان دەخەینە ڕستەوە

تێدەگەین تەنیا باران لەوێ خۆی ناکوژێت

تەنیا باران هەنارەکانی خۆی ناخاتە ناو تەهلیلەوە 

کەدڵم لەوێ نەبا !