
فەرەیدوون سامان
پێشەکی
فەرمان-کۆمەڵکوژی –جینۆسایدی کەلتووری
لای کوردە ئێزەدییان بە تاوانی کۆمەڵکوژی دەڵێن فەرمان، چونکە لەڕأبردووی دیرۆکی مەرگەسات و پڕ تراژیدیای گەلەکەیان تا دەگات بە ئەمڕۆ دووچاری حەفتاوچوار فەرمانی تاوانی کۆمەڵکوژی- جینۆساید هاتوون، بەڵام ئێمە لەم نووسینەدا زیاتر مەبەستمان جینۆسایدی کولتورییە، کە بە هزر و باوەڕی (رافائیل لیمکن) کە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان پشتگیری لەسەر چەمکی جینۆساید لە هزرەکانی ئەو دەکات، لە پەیماننامەی دژایەتیکردنی جینۆساید و پێناسەی بۆ چەمکی جینۆساید، بە واتای وێرانکردنی ڕاستەوخۆ ناگەیەنت بۆ ژێرخانی بنچینەیی لە ژیانی کۆمەڵێک خەڵک، یان پێکهاتەیەکی ئیتنیکی و نەتەوەییدا. کە لێکترازان و وێرانکردنی سیستەمی کۆمەڵایەتی و سیاسی و کولتوری لەوانەش زمان و هەستی نەتەوەیی و ئایینی، هەروەها هەبوونی ژێرخانی ئابووری گرووپێک یان پێکهاتەیەکی نەتەوەیی بە ئامانجکراوە، واتە کۆمەڵکوژییەکی ئاراستەکراوە بۆ تاکەکانی جڤاک، هاوکاتە بەرەو جۆرەها دیاردەکانی ژیانی کۆمەڵگە بە ئامانجکراوەکە.
رافایل لیمکن چەمکی کۆمەڵکوژی بۆ هەشت جۆر پۆلین کردووە، وەک جینۆسایدی سیاسی، کۆمەڵایەتی، کولتوری، ئایینی، ئەخلاقی، ئابوری، بیۆلۆژی و فیزیکی. کە ئەم پۆلینکردنانە بەسن بۆ شرۆڤکردنی هەنگاوەکانی کۆمەڵکوژی و چۆنیەتی تەگەرەخستنە بەردەم گەشەکردنی ناسنامەی نەتەوەییەوە. جینۆسایدی کولتوری بە جینۆسایدی سپیش ناسراوە، کە واتەکەی لەگەڵ جینۆسایدی سوور جیاوازە کە جینۆسایدی بیۆلۆژی-فیزیکی دەگرێتە خۆی،
لای لیمکن جینۆسایدی کولتووری دەچێتە خانەی پۆلینی سێیەمەوە کە بریتییە لە قەدەغەکردن و نەهێشتنی چالاکیی و دامەزراوە کولتورییەکان و گۆڕینەوەیان بە فێرکردنی پیشەیی لەپێناو قەدەغەکردنی بیرکردنەوەیەکی مرۆیی، چونکە بەردەوامی چالاکی رۆشنبیری لای تاوانبارانی جینۆساید کارێکی پر مەترسییە. و دەبێتە هۆی گەشەکردنی هزری نەتەوەیی، هەر بۆیەش توێژەران جینۆساید بە ئیتنۆساید ناودێر دەکەن، کە کۆمەڵکوژییەکی بە مەبەستە بۆ یادەوەری بەکۆمەڵ و ناسنامە و ڕۆشنبیری گروپێک بێ پەنابردنە بەر جینۆسایدی بیۆلۆژی-فیزیکی و کوشتنی بە کۆمەڵیان. ئێمەی لێرەدا دەتوانین جینۆسایدی کەلتووری بۆ پێکهاتەی کوردانی ئێزەدیی و شەبەک و کاکەیی و مەسیحییەکانی کوردستان بە نموونە وەربگرین.
ئێزەدییەکان ئایین یان نەتەوەن:
ناساندنی پێکهاتەی-ئیتنیکی ئێزیدییەکان وەک نەتەوەیەکی جیاواز لە ئەنجوومەنی نیشتمانی عیراقدا، هەوڵێکی ڕەگەزپەرستانەی نەتەوەپەرستی مەزهەبگەرایە دژی نەتەوەی کورد، ئامانج لەو بانگەشەیەو هەوڵی ناساندنەش، گۆڕینی دیموگرافی و سیاسەتی پاکتاوی نەژادی نەتەوەی سەردەستە لە بەردەوامی پرۆژەی سەدساڵەی جینۆسایدی گەلی کورددا، ئەم هەوڵە نەزۆکە گەر بۆیان بچێتە سەر بە دڵنیایی بۆ داهاتوویەکی دوور و نزیک مەترسی لەسەر ئاساییشی نەتەوەییمان هەیە و نەک هەر بۆ قەوارەی جوگرافی باشووری کوردستان، بەڵکو هەرەشەیەکی مەترسییە بۆ تەواوی کوردستانی گەورە، بۆ سەر زمان و ناسنامەکەمان هەیە.
وێڕای حاشاهەڵنەگرتنی کوردبوونی ئەم پێکهاتە ڕەسەنەی نەتەوەکەمان، لە ڕوانگەی داکۆکیکردن لە مافەکانی مرۆڤیشەوە، چونکە ئەم پێکھاتەیە بە درێژایی مێژوو لەلایەن دەسەڵاتدارانی نەتەوەی سەردەستەوە بە پلان و بەرنامەی تۆکمە چەوسێنراونەتەوە و ھەوڵی قڕکردن و لە نێوبردنیان دراوە، هەر هیچیان نەکردبێت لە هەوڵی بەردەوامبوون زمان و کولتووری خۆیان بەسەر ئەو پێکهاتانە بسەپێنن و ئاسمیلەی ناسنامە و فەرهەنگەکەیان بکەن، دیارە ئامانجی سەرەکی و ستراتیژییان هەر بە مەبەستی گۆڕانکاریی دیموگرافی لە خاکی کوردستان و بەرتەسککردنەوەی جوگرافی نیشتمانەکەمان بووە، تا لە ناسنامەی کوردبوونی خۆیان دایانبماڵن و دواجار وەک نەتەوە و زمانی سەربەخۆیان بناسێنن.
بۆیەش توێژینەوە لەسەر پرسی کەمینە ئایینییەکان لە کوردستاندا، ئامانجی سەرەکی لە ئەنجامدانی تەواوی کارو چالاکییەکان زیاتر ناساندنی پرسی ئەو کەمینانەیە، وەک پێشتر ئاماژەم پێدا لە بوارەکانی (زمان، ناسنامە، کولتوور)دا، ھەروەھا لە ھەردوو ڕووی ئاشتی و لێبوردەیی و پێکەوە ژیان و ھاندانیان لەبیرکردنەوە و شرۆڤەی نوێ لەو ھەڕەشانەی کە کۆمەڵگەی کوردستان لە ئێستا و ئاییندەدا ڕووبەڕوویان دەبێتەوە.
کۆمەڵکوژی شنگال لە ٣ی ئابی ٢٠١٤
چەکدارانی تیرۆریستانی دەوڵەتی ئیسلامی لە عیراق و شام ناسراو بە داعش، یەکێک لە ھەرە قێزەونترین تاوانەکانی سەردەمیان بەرامبەر بە ھاووڵاتیانی کوردی ئێزەدی دەڤەری شنگال و دەوروبەریدا و پێشتریش ھاووڵاتیانی کاکەیی و کریستان و شەبەک و تورکمانە شیعەکانی ناوچەی موسڵ ئەنجامدا، کە نموونەی ئەم تاوانانە لە ١٠٠ ساڵی رابردوو لەجیھاندا نەبووە، بۆیەش داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و کوردستانی کرا بەرەو ڕووی تاوانەکە ببنەوە.
ھەر کەس و لایەنێک لە کوردستانەوە ریکلام بۆ داعش بکات، پێویستە بە تاوانی ھاوکاریکردنی تیرۆر و بانگەشە بۆی دادگایی بکرێت، ھەر کەس و لایەنێک نکۆڵی لە جینۆسایدی ئێزەدی و کریستان و پێکھاتەکانی دیکە بکات لەلایەن داعشەوە، پێویستە سزابدرێت، ئینکارکردنی تاوانەکانی جینۆساید وەک تاوان سەیر بکرێت لە ھەرێمی کوردستاندا، بە یاسا رێکبخرێت. ھەر پارت و لایەنێکی سیاسی ئینکاری جینۆسایدی ئێزیدی و کریستان و شەبەک و کاکەیی بکات، یاخود برەو بە سیاسەتی جیاکاری بەرامبەریان بدات لە ئاستی خوارەوە پێویستە قەدەغە بکرێت، پێویستە ئەو چەکدارە کوردانەی لە ڕێزی داعش بوونە، لە کاتی وازھێنانیان دادگایی بکرێن لە بەرامبەر بەشداری کردنیان لەو تاوانانەی ئەنجامیان داوە، ھەروەھا پێویستە ئەو تاوانانەی لە ڕابردوودا لە رێگای ٧٤ فەرمانەکەوە بەرامبەر بە ئێزەدی و کریستان و پێکھاتە ئاینییەکانی کوردستان کراوە، تۆمار بکرێن وەک مێژوو و بچێتە بواری میتۆدەکانی خوێندنەوە. دەبێت سنورێک بۆ تەجاوزات بۆ سەر ناوچەکانی ئێزەدی و کریستان و پێکھاتەکانی دیکەی کوردستان دابندرێت، تایبەتمەندی ناوچەکانیان بپارێزرێت و لە دەسەڵاتدارێتی کوردستاندا ڕۆڵی زیاتریان پێ بدرێت.
لەیادی ئەم تاوانە قێزەونەدا داواکارین، حکومەتی ھەرێمی کوردستان فشار بخاتە سەر حکومەتی بەغدا بۆ ئەوەی پەیماننامەی رۆما واژۆ بکات و ببێتە ئەندامی دادگای تاوانی نێونەتەوەیی، بۆ ئەوەی نیازپاکی خۆی لە رێگای بە ئەندامبوونیەوە لەدادگاکە بۆ پێکھاتەکانی ئەم وڵاتەی مەڵبەندی جینۆساید ڕابگەیەنێت، کە دژ بە دووبارەبوونەوەی تاوانەکانی رابردووە، کە بەسەر گەلەکەماندا ھاتووە.
(کیمیابارانی ھەڵەبجە، بالیسان و شێخوەسانان، ئەنفالی بارزانییەکان، فەیلییەکان، جینۆسایدی شنگال)، کە لە دواجاردا تاوانەکانی کۆمەڵکوژی شنگال سەلماندییەوە بە ئەندامبوونی عێراق زامنی دووبارەنەبوونەوەی ئەم جۆرە تاوانانە و سزادانی بکەرانی و ناساندنی حەقیقەتی یاسایی تاوانەکەیە لە ئاستی نێونەتەوەییدا، داواکاری بە ئەندام بوونی عێراق لە دادگای تاوانی نێونەتەوەیی بکەنە یەک لە داواکارییەکانی خەڵکی کوردستانە لە دانوساندنەکانیان لەگەڵ حکومەتی بەناو فیدرالی بەغدا، لەگەڵ لایەنە عێراقییەکان و سازشی لەسەر نەکەن.
کۆمەڵکوژی شنگال
ئێزدییەکان گروپێکی ڕەسەنی ئیتنیکی کۆمەڵگەی کوردین، بە زۆری لە دەڤەرەکانی باشووری کوردستان و بەتایبەتیش لەکاڤاری شنگال و شێخان، ھەروەھا کەمینەیەکیشیان لە باکوور و رۆژاوای کوردستان، لە ئەرمەنستان و گورجستان و رووسیا دەژین، ئێستا ژمارەیەکی بەرچاویش نیشتەجێی وڵاتانی ئەوروپان، بەتایبەت ئەلمانیا، زۆرێک لە دەوڵەتداران و ناسیۆنالیستی عەرەب هەوڵیان داوە ناسنامەی نەتەوەیی ئێزەدییەکان لە نەتەوەی کورد جودا بکەنەوە بە زۆر و بە درۆودەلەسە بیانکەن بە عەرەب، یان لانی کەم بیانکەن بە نەتەوەیەکی سەربەخۆ بە نەتەوەی ئێزەدی بیانناسێنن،.
بەداخەوە دوای هەڵوەشانەوەی یەکیتی سۆڤیەت، ناسیۆنالیزمی ئەرمەن و دەسەڵاتدارانی ئەرمەنستانیش هەمان هزرو هەوڵیان هەبووە بۆ ئاسمیلەکردنی ناسنامەی نەتەوەیی ئێزەدییەکان و لاوازکردنی پێگەی کورد لە ناوچەی قافقاسدا، تەنانەت کاریگەرییان لەسەر سیاسەتی مۆسکۆش هەبووە لە بە فەرمی ناساندنی کوردی ئێزەدییەکان وەک نەتەوەیەکی سەربەخۆ، هەر لەو سۆنگەیەش هەرچی کوردی مسوڵمان هەبوو لە ئەرمەنستان ناچارکران ئەو وڵاتە بەجێ بهێڵن ڕوو لەوڵاتانی ئاسیای ناوین و ڕووسیا بکەن.
زمان و ناسنامەی ئێزەدییەکان
دکتۆر خەلیل ڕەشۆ جندی لەکتێبی (ئایینی ئێزەدی، باوەڕەکان، میتۆلۆجیا، چینە ئاینییەکان)دا، کە لە ساڵی ٢٠١٨ لە دەزگای ئەلمەسارات لە وڵاتی لوبنان چاپ بووە، دەڵێت: بە چەمکە مێژووەییە کۆمەڵایەتییەکە ئایین لە نەتەوە کۆنترە، دەرکەوتنی ئایین بە هەزاران ساڵ بەر لەدرووست بوونی نەتەوە بووە، بۆیەش کاتێک یەکێک دەڵێت من ئێزەدیم، ئەمە ئەوە ناگەیەنێت کە کورد نییە و خۆی بە نەتەوەی کورد نازانێت و خۆی بە دوور دەگرێت و جیای دەکاتەوە، ئێزەدی ئایینێکی دێرینی کوردانە و مێژووەکەی بۆ سەردەمی پێش شارستانیەتی سۆمەرییەکان، رەنگە کۆنتریش بگەڕیتەوە، بەڵام توێژەری ناسراو دکتور هۆگر تاهیر تۆفیق هەروەها د. زرار سدیق و کۆچکردوو سەلام ناوخۆش پێیانوایە کە ئێزەدییەکان گرووپێکی ئایینی مسوڵمانن، بەڵام هەڵگەڕاونەتەوە و لە ئەنجامی ململانێی نێوان بنەماڵەی عەباسییەکان و ئەمەوییەکان سەریان هەڵداوە، کەواتە مێژووی سەرهەڵدانی ئاینی ئێزەدییەکان بۆ ئەو سەردەمە دەگەڕێنیتەوە، ئەمەش پێچەوانەی بەڵگەنامە مێژوویی و زانستییەکانە کە دەیسەڵمێنێت ئاینی ئێزەدی ئایینێکی دێرینی خەڵکی کوردستان بووە.
ئێزەدییەکان لە ھەرێمی کوردستاندا بەگشتی ژمارەی دانیشتوانیان نزیکەی ٦٥٠٠٠٠ کەس دەبێت، تا وەکو رۆژی ٣-٨-٢٠١٤ ئێزەدییەکان تاوانی کۆمەڵکوژی شنگالیان لەلایەن ڕێکخراوی تیرۆریستی دەوڵەتی ئیسلامیی ناسراو بە داعش لەھەق ئەنجام درا، ژمارەیان بۆ نیوە کەمتر دابەزی، دوای ئەو کارەساتە تراژیدییە بەتەواوی نەدەزانرا کە ئێزەدییەکان تا چەند پەراوێز خراون.
توێژینەوە مێژووییەکان لە کۆندا ئاماژە بە شاڵاوی (فەرمانی کۆمەڵکوژی ئێزدییەکان) دەکەن، کە زۆرینەیان بە ھۆکاری ئایینی، دواتر کوردبوونیان بووە.
ئەم کۆمەڵکوژییانە ھۆکاری کارەسات بوون بۆیان، کە دواترینیشیان لە کاڤاری شنگال لەلایەن ڕیکخراوی تیرۆریستی (داعش) ئەوانی کردە ئامانج، سەرەتاش لە ساڵی ٢٠٠٧ لە (کۆمەڵگەی سیپا شێخ خدر و گرعوزێر) لە ڕێگای تەقاندنەوەی تانکێکی بۆمبڕێژکراو، بووە ھۆی کوشتنی پتر لە ٥٠٠ کەس و بریندارکردنی ژمارەیەکی زۆر لەوە زێتریش.
لە سەرەتای ئابی ٢٠١٤ تیرۆریستانی داعش ھێرشێکی بەرفرەوانیان کردە سەر کاڤاری شنگال (توندوتیژترو خوێناویتر)، کە لە ڕاپۆرتە دیکۆمینتاری ومیدیاییەکان و کۆمیتەکانی مافی مرۆڤی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان جەخت دەکەنەوە، لە شەوی ٣ ی تەباخی ٢٠١٤ لەگەڵ ھاتنی داعش بۆ ناو شنگال، پیاوان و منداڵانی کۆمەڵکوژ کرد و بە زیندوویی لەگۆڕە بەکۆمەڵەکاندا ناشتنیانی، ژنان و کچانیان کۆیلەکران و بەسەر تیرۆریستەکانیانی خۆیانیاندا بەشینەوە.
لە شارۆچکەی سنونی و کۆمەڵگای خانەسۆر لە شنگال کە زێدی رەسەنی ئێزدییەکانە و کە ئێستا ژمارەیەک لە کۆچبەرە گەڕاوەکان لەوێ نیشتەجێن، ھەندیک لەو ژن و کچانە لە دەست رێکخستنی تیرۆریستی داعش ھەڵاتوون.
ئێزەدییەکان بەبەرچاوی ھەمووانەوە تووشی ھەڕەشەی قڕبوون و لەناوبردن کرانەوە، بەپلەی یەکەم بەھۆی ئێزەدی بوونیان و دواتر ھۆکاری دووەمیش کوردبوونیان و ھۆکاری سێیەمیش ستراتیژییەتی ناوچەی جێ نفوزیی ئەوان بوو، کە لەلایەن وڵاتانی ھەرێمییەوە جێی بایەخی جیۆپۆلەتیکی خۆی بوو، ئێزیدی وەک ئایینێکی دێرینی کوردی
جگە لە یارسانەکان، ئێزەدییەکانیش وەکو ئایین، ئاینێکی جیاوازیان ھەیە و بە ڕەسەنترین ئایینی دێرینی کوردان دەژمێردرێت، ھەرچەندە لەسەرئەو باوەڕەی خۆیان زۆر چەوساونەتەوە، بەڵام بەردەوام داکۆکیان لە ناسنامەی ئایینی خۆیان کردوە، بە گوێرەی شێوازی باوەڕ و پێوانەکانی پەرستن و شوێن و پەرستگاکانیان و شێوازی ژیانیان، بۆچوونێک هەیە کە دەتوانرێ وەک تیرە یان پاشماوەی ئایینی میترایی بەناو بکرێن، کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ٣٠٠٠ ھەزارساڵ بەر لەزایین، دکتور ئاورەحمان قاسملو لە کتیبی کورد و کوردستاندا، ئێزەدییەکان بە میراتگریی زەردەشتییەکان دەناسێنێتن بەڵام خودی ئێزەدییەکان ئەم بۆچوونە ڕەت دەکەنەوە، ئێزەدی بە ئاینێکی جیاوازتر و سەربەخۆتر دەزانن، تەنانەت کاتی زەردەشتییەکان داوایان لەو پەیرەوکەرانی ئایینی ئێزەدی کردووە کە بێنە سەر ئایینی زەردەشتی، ئێزەدییەکان ئەو داواکارییەیان بە توندی ڕەتکردۆتەوە، هەر بۆیەش لەلایەن زەردەشتییەکانەوە بە دێوپەرست ناسراون و چەوسێنراونەتەوە.