فەرەیدوون سامان*

دداننانبەکۆمەڵکوژیی ئێزەدییەکان لەلایەن ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بە تاوانی جینۆساید، دەستکەوتێکی گەورەیە بۆ ئێزەدییەکان و ھەموو گەلی کوردستان، ھەروا بە قازانجی داد و دادوەرییە لەجیھاندا، بۆیە پێویستە یاساناسان و ڕێکخراوە سیاسی و کۆمەڵایەتی و کولتوورییەکانی کوردستان، لە دەرەوە و ناوەوەی وڵاتدا بەتەنگ جێبەجێکردنی ئەم بڕیارەوە بن و پشتگیری و کۆمەکی پارێزەرانی ئەم کەیسە جیھانییە بکەن، ڕێگا نەدەن ئەنجومەنی ئاساییش بە ھەر بیانوو و بەھانەیەک بێت، ئەم کەیسە رابگرێت و ڕەوانەی دادگای تاوانی نێونەتەوەیی نەکات، لەھەمان کاتدا پێویستە بە ڕێز و حورمەتێکی زۆرەوە چاو لە ڕەنج و ماندوبوونی یاساناسی جیھانی و داکۆکیکاری مافی مرۆڤ خاتوو ئەمەل کلونی، ھاوسەری ئەکتەری ناسراوی سینەما جۆرج کلونی بکرێت، کە خۆی کردۆتە خاوەنی ئەم دۆزە و لە نەتەوە یەکگرتووەکان و جیھاندا داکۆکی لێ دەکات. ئەم خانمە پسپۆری یاسای نێونەتەوەیییە و تا ئێستا وەک پارێزەر داکۆکی لە کۆمەڵێک کەیسی گەورەی جیھانی کردووە، لەوانەش کەیسی داھێنەری ویکیلیس جولیان ئەسانج و سەرۆکوەزیری پێشووتری ئۆکراینا خاتوو تیمۆشینکا.ھیوادارم دادگای تاوانی جیھانی بتوانێت لەڕێگای دەرخستنی ڕاستی و سزادانی تاوانبارانی ئەم جینۆسایدە، داد و ماف بۆ قوربانیان و حورمەت بۆ عەدالەت و مرۆڤایەتی و ژیانی قوربانیانی ئێزیدییەکان بگێرێتەوە.

 

ڕێکخراوی ئێزیدی بۆ بەڵگەکردن

ڕێکخراوی ئێزیدی بۆ بەڵگەکردن بە ھاوکاری دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ، راپۆرتێکی تیروتەسەلی لەبارەی "کۆیلایەتی کردن بەژنان و کچانی ئێزیدی لەژێر چەنگی داعش" ئامادەکردوە و بڵاوی کردوەتەوە. ڕاپۆرتەکە زۆر لایەنی بەڵگەنامەیی و دیکۆمێنتکردن و یاسایی و ڕەھەندە جیاجیاکانی تاوانەکە و گونجاندنی لە چوارچێوەی یاسا و رێسا نێونەتەوەیییەکان تێدایە.

سەرەتای راپۆرتەکە کۆمەڵێک داتاو ئاماری وردی تێدایە و بەم شێوەیە خراونەتەڕوو "لە بەر ئەوەی راپۆرتەکە تایبەتە بە کۆمەڵگەی ئێزیدی لەعێراق، لە ڕێکەوتی (٣ی ئابی ٢٠١٤)ئێزدییەکان دووچاری دڕندانەترین شێوازی تاوان و پێشێلکاری بوونەتەوە، لەلایەن "رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی-داعش"، بەتایبەتی لەکاڤاری شنگال و گوندەکانی دەوروبەری،کە لەناوبردنیان حەڵاڵ کرابوو، بووە ھۆیکوشتنی ھەزاران هاووڵاتی سیڤیلی ئێزیدی و ڕفاندن و دەربەدەربوونی ھەزارانی تر، بەرەو خاکی دەوڵەتی سوریا و وڵاتانی کەنداو.

 

خشتەی -١-

ئامارێک لە فەرمانگەیڕزگارکردنیڕفێندراوانی ئێزیدییەکان، لە ئەنجامی ئەو تاوانە قێزەونانەی کەڕێکخراوی تیرۆریستی داعش لە٣ی ئابی  ٢٠١٤ەوە بەرامبەر ئێزیدییەکانی ئەنجام داوە.

ئەم ئامارانە لەلایەن نەتەوەیەکگرتووەکانەوە باوەڕپێکراون. لەسەر بنەمای ژمارەی دانیشتوان پشتڕاستکراوەتەوە.

-ژمارەی ئێزیدییەکان لە عێراق نزیکەی ٥٥٠ هەزار کەس بووە.

جگە لەو دەیان گۆڕە بەکۆمەڵەی تا ئێستا لە شنگال دۆزراونەتەوە،

٩٣ شوێنی گۆڕی تاکەکەسی دۆزراونەتەوە.

 ٢٩ ڕزگاربووی گۆڕە بەکۆمەڵەکان.

٦٨ مەزارگە و گۆڕی ئایینی لەلایەن داعشەوە بۆردومانکراون:

١٢٠ هەزارکەس ژمارەی ئەوانەی کە کۆچیان کردووە بۆ دەرەوەی وڵات.

ژمارەی ئەوانەیڕفێنراون: (٣٥٤٨کەس مێینەکان-٢٨٦٩کەس نێرینەکان).

ژمارەیڕزگاربووانی چنگی داعشی تیرۆریستی بەم شێوەیەیە:٣٥٨٩ کەس

١٢١١ ژن :٣٣٩پیاو: ١٠٧٥ منداڵی مێینە: ٩٦٤ منداڵی نێرینە:

ژمارەی ئەوڕفێندراوانەی کە بە دەستی داعشی تیرۆریستی شەهید بوون و تەرمەکانیان لە نێو گۆڕەکاندا دۆزرانەوەلەوان:٢٧٤کۆمەڵ

ئەوانەی ڕادەستی بنەماڵەکانیان کران ٣٧ -مێینەکان: ٢٣٧

لە ئەنجامی ئەم توێژینەوەیەم چەند راسپاردەیەکم لا گەڵاڵە بوو وەک :

-ھەنگاوی خێرا بگیرێتە بەر بۆ یارمەتیدانی ھەموو ئەوانەی کە ئاوارە و بێخانە ولانە بوون بە ھۆی جەنگێکەوە کە بەسەریاندا سەپێندراوە، بە جیا لەئایین و ڕەگەزیان. ھاوکاتیش دەبێت خوشکان و دایکانی بەکۆیلەکراوی ئێزدییەکان ڕزگار بکرێن.

- ئەو وڵاتانەی کە ھاوکاری ڕێکخراوی تیرۆریستی داعشیان کردووە، نەک ھەر دەبێت سەرکۆنە بکرێن، بگرە دەبێت بەرپرس بکرێن بۆ ئەو ھاوکارییە سەربازی و داراییەی کە پێشکەش بە داعشیان کردووە.

- ئیدانەکردنی ئەو کەسایەتی و لایەن و حزبە سیاسییانەی کە لەو بارودۆخەوە گلاون کەوتوونەتە ھەڵخڕاندنی ھەستی ڕەگەزپەرستی و تایفی، مسوڵمان لە دژی ئێزیدی، عەرەب لە دژی کورد و بە پێچەوانەوە سوننی لە دژی شیعە و بەپێچەوانەوەش، ئەم سیاسەتەش بۆتە مایەی کارەسات و ھەل ومەرجێکی نامرۆڤانە و ڕەگەزپەرستانە لە عێراق و کوردستاندا.

-پێویستە فشار بخرێتە سەر لایەن و پارتە سیاسییەکان بۆ کۆتایی ھێنان بەو سیاسەتە قێزەونە.

ھەرجۆرە ھەڵسوڕان و چالاکییەک لەلایەن لایەنگرانی داعشەوە لە کوردستان و تەنانەت لە ئەوروپاش دەبێت چالاکییەکانیان قەدەغە بکرێت، ئەوەی ئەوان پیادەی دەکەن بەشێک نییە لە ئازادی بیروڕا و ئازادی ھەڵسووڕانی سیاسی، بگرە بانگەشەیە بۆ چاندنی ڕق و کینە و کوشتار، بۆیە دەبێت وەک نازییەکان تەماشا بکرێن. لەلایەکی تریشەوە، دەرکەوتنی ئەوان بارودۆخ دەخوڵقێنێ بۆ سەر بەرزکردنەوەی گروپ و مەیلە ڕاسیست و ڕەگەزپەرستەکان لەئەوروپادا لەدژی ھەر ھاووڵاتییەکی غەیرە ئەوروپی یان ئەوانەی کە بە ناو لەوڵاتە ئیسلامییەکانەوە ھاتوون. ئەمەش پشێوییەک دەنێتەوە کە ئەوروپا نیەتیەتی خۆی لێ لابدات.

-لەم کەمپینانەدا  گەرەکە چەندان دروشم بەرزبکرێنەوە لەوانە” جیھان پێویستە سنوریک بۆ جینوسایدی ئێزیدییەکان دابنێت” ،”

-پێویستە ئێزیدییەکان ڕزگار بکرین” ئاوارەکان ژیانیان دابین بکرێت”،” بەڵی بۆ عێراقێکی سکولار نا بۆ توندو تیژی وسەرکوت” ، “داعش یەکسانە بە فاشیزمی نوێ ، دەستی خوێناویتان لەسەر گیانی منداڵان و خەڵکی عێراق لە کوردستان ھەڵگرن، ئەوەی داعش بەرامبەر کوردانی ئێزیدی دەڤەری شنگال ئەنجامیدا، تاوانی ئەنفالی بەعسیەکانیشی تێپەڕاند، چونکە ئەوان بەئاشکرا وێنەی کوشتارەکان، سەربرینی مرۆڤەکان، فرۆشتنی ژنان بە پاساو دەھیننەوە و بڵاویشی دەکەنەوە، کەچی ھێزە ئیسلامییە کوردستانییەکان ئامادەییان تیا نییە، لاوازترین ھەڵوێست ئیدانەی داعشە بەھێزێکی تیرۆریست و ھاوسۆزی دەرببڕن، لەگەڵ کوردانی ئێزیدی لە دەڤەری شنگال، لە میدیا و لێدوانی فەرمی بدەن.

-ئەم بێدەنگییەی لایەنە  ئیسلامییەکانی کوردستان و ناوچەکە  ئەوە دەردەخات ئەوان دژی ڕەفتارە فاشی و بەربەریەتی داعش نین، بەرامبەر بە کوشتار و پاکتاوی کوردە ئێزدییەکان، تەنیا بەھۆی ئەوەی ئاینیان جیاوازە، لەکاتێکدا ئەو تاوانانە لەپاڵ دروشمەکانی ئیسلامدا دەکرێ و وێنەیەکی زۆر ناشیرینی داوە بە پیرۆزی ئیسلام، کە خودی ئایینی ئیسلام لێی بەرییە، ھەموومان دەیان نمونەی دووروویی ئەو عەقلیەتەمان لەماوەی  ٣٠ ساڵی رابردوو بینی و لەبەردەستە لەسەر مافی ئازادی و داکۆکی لەقوربانی، کە لەکوردستان و ئەورپا لەسەر بچووکترین سوکایەتی و لێکدانەوە بەئایین چالاکی ھەمەجۆریان دژی ئەنجام داوە.

-ڕەوشی  ژیانی سەختی ئێزیدییەکان لای ھەموو جیھان ئاشکرابوو، ئەویش سەبارەت بە چالاکی کەسایەتی و ڕێکخراوەکان و میدیاکاندا، بەتایبەت لە کۆژانی ئێزیدییەکان لە کەمپەکانی ناو ھەرێمی کوردستان و سوریا و تورکیا وگرفتی لاوان و ئاستی بەرزی ڕیژەی بێکاری و بڵاوبوونەوەی نەخۆشی و وازھێنان لە خوێندن.

- کچ و ژنە ئێزیدییە ڕزگاربووەکان نموونەی نادیا موراد و لەمیا بەشار، ڕۆڵێکی کارایان گێڕا لە گەیاندنی ڕووی ڕاستینەی ئەو ستەم و تاوانەی کە ژنە ڕفێنراوەکانی بەردەستی تیرۆریستانی داعش بە سەکۆی میدیاکان و وڵاتانی خاوەن بڕیار لە جیھاندا، لێرەدا دەمەوێ تیشک بخەمە سەر منداڵی زەوتکراو لە سایەی داعشدا دوای داگیرکردنی موسل لە ناوەڕاستی ٢٠١٤ کە کاریگەری زۆری ھەبوو لە ھەڵوەشاندنەوەی بونیاتی کۆمەڵایەتی  و خێزان لەئەنجامی تاوانکردنی بەرفرەوانی لەدژی مافەکانی مرۆڤدا،لەھەقی مەسیحییەکان، شەبەک، تورکمانی شیعە، کاکەیی و سابیئەکان، کە ئێزیدییەکان بەشی شێریان بەرکەوتبوو لەتاوانی کوشتن و ڕفاندن و لاقەکردن و کۆیلەداری سێکسی و بەزۆر مسوڵمان کردنیاندا، هەروەها بەسەربازکردنی منداڵان و بەزۆر دەرکردن، کە بووەی ھۆی پەیداکردنی درز لەبونیاتی کۆمەڵایەتی و پاشەکشێی بەھا پەروەردەیی و کۆمەڵایەتییەکان.

- منداڵی زەوتکراو لەناو خێوەتی پەنابەران لە ژیانێکی تاڵ و پاشەرۆژێکی نادیاردا، بەو ڕستەیە ڕەوشی منداڵە ڕزگاربووەکانی بندەستی داعش لەناو خێوەتی پەنابەران چڕ دەکەینەوە کە لە کەمترین پێداویستییەکانی ژیان بێبەشن، کە ڕەوشی خراپی تەندروستی و چاودێڕی پزیشکی تێدا بەدی ناکرێت. کە ٢٧٤٥ منداڵی ھەتیو ھەن، کە دوای داگیرکردنی داعش بۆ ناوچەکە لە خێزانەکانیاندا دابڕاون و حکومەتی عێراقی و ڕێکخراوەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان فەرامۆشیان کردوون لە چوونە خویندنگاو لە ئامێزکردنیان لە ڕەوشێکی نالەبارو تراژیدیدا دەژین.

-کەمئەندامە تایبەتە سەختەکان کە بە گرفتی کۆمەڵایەتی و دەروونی ونەبوونی فێرکردن و کێشەی خێزانییەوە دەناڵێنن، ئەو منداڵانەی کە بە گشت  سرووتە مەحاڵەکانی کات و شوێن  گەمارۆدراون، لە سایەی ئاڵای ڕەشی داعش کە بە سپیتی لەسەری نووسراوە (لا اللە الا اللە محمد رسول اللە) کە لەسەر پانتایەکی جوگرافی توندوتیژی و مەرگ دەشەکێتەوە، منداڵەکان بە زۆری و بە مەبەستی پیشەسازی خۆکوشتنی دوارۆژ لەسەر چەک و سەربڕینرادەھێنرێن، ئەوانە ھەمووی بە بەرچاوی جیھانەوە دەکرێن و بێھەبوونی ھیچ ھەڵوێستێکی جیددی  بۆ بەھانا ھاتنیان  و پاراستنیان، ھەروەھا نەبوونی ناوەندێکی رەچاوکردن و ڕاھێنان.

-دواجار داوا لە ڕای گشتی جیھان دەکەین لە ڕزگارکردنی ئەوەی لە توانادایە ڕزگار بکرێن و دداننان بە جینۆسیادی ئێزدییەکان و دیارکردنی ناوچەیەکی پارێزراوی نێونەتەوەیی بۆ ئێزدییەکان، تا دووبارە تاوانی کۆمەڵکوژی لە یادەوەری گەلی کوردستان و عیراق و جیھاندا  بەردەوام ودووبارە نەبێتەوە.

ئەنجام

داوا لەحکومەتی  ھەرێمی کوردستان و ئیدارەی خۆسەری  ڕۆژئاوای کوردستان  دەکەین، ھەر دیلێکی داعشی  ھاووڵاتی ١٢٤ وڵاتەکەی ئەندامی دادگای تاوانی  نێونەتەوەییان لایە، ڕادەست بە دادگای  تاوانی  نێونەتەوەیی  بکەن، بۆ ئەوەی دادگایی بکرێن. ھەروەھا داواکارین  لەھەردوو لایەن بڕیار بەدەستان و تاوانبارانی داعش دیار بکەن، ئەوانەی لە بڕیاردان و تاواندا ڕۆڵیان ھەیە، ناوەکانیان بدەنە دادگای تاوانی نێونەتەوەیی، پێویستە ھەمووان خۆمان ئامادە بکەین بۆ قۆناغی کۆتایی دوای ھەرەسی داعش و گروپە تیرۆریستەکانی دیکە، بڕیار بەدەستان و تاوانبارانیان بدۆزینەوە و سکاڵایان لە وڵاتەکانیان لەسەر تۆمار بکەین، یاخود ناوەکانیان و شوێنی ژیانیان بدەینە دادگایی تاوانی نێو دەوڵەتی، داواکارین ئەنجامی لێکۆڵینەوە لە ھۆکاری داگیرکردنی شنگال لە ٣-٨-٢٠١٤ لە لایەن ڕێکخراوی تیرۆریستی داعشەوە بۆ ڕای گشتی ئاشکرا بکرێت، ئەگەر شکستی سەربازییە ئەوانەی ھۆکاری شکستەکەن سزا بدرێن و لە بەرپرسیارێتی سەربازیی  دوور بخرێنەوە، ئەگەر کارئاسانی کردنێک ھەبووە بۆ لایەنی بەرامبەر، ئەوا بە تاوانی ھاوکاریکردنی جینۆساید سزا بدرێن. دواجار داواکارین حکومەتی ھەرێمی  کوردستان  بودجەی  زیاتر تەرخان بکات بۆ ئاوەدانکردنەوەی شنگال و ئازادکردنی دایکان و خوشکانی ئێزەدی و قەرەبووکردنەوەیان بۆ قۆناغی دوای گەڕانەوەیان.

دادگا دەبێت لەڕێگای بینینی بەرپرسانی حکومەت لە شنگاڵ ئەو فەرماندە سەربازی و ئەمنیانەی لە شنگاڵ بەرپرس بوون، وەڵامی ئەو پرسیارەی دەست بکەوێت کە بۆچی ئەو ھێزە پڕچەکەی (پێشمەرگە) کە بە ھەزاران بوون، ھەڵاتن و داکۆکییان لەو خەڵکە سیڤیلە نەکرد،یان تەنانەت خەڵکە مەدەنییەکەیان ئاگادار نەکردەوە، تا ناوچەکە بەجێ بھێڵن، وەک لەڕاپۆرتی نەتەوەیەکگرتووەکاندا بەڕوونی باس کراوە؟ ئایا بەرگری نەکردن و بەجێھێشتنی خەڵکی مەدەنیی شنگاڵ بڕیاری خودی ئەو بەرپرسانەی شنگاڵ بووە،یان ئەوان بە بریاری سەرووی خۆیان شنگاڵیان بەجێ ھێشتووە؟ ھەروا دادگا دەتوانێت بگاتە ئەو ئەنجامەی کە ئایا ئەم تاوانە گەورەیە، کە بەرامبەر ئێزیدییەکان و مرۆڤایەتیی کراوە، لە چوارچێوەی پلانێکی سیاسی_هەواڵگریی کۆمەڵێک دەوڵەت و لایەنی ناوچەییدا بووە،یان نا؟ دادگای تاوانی نێونەتەوەیی، ئەگەر ئەم کەیسەی بۆڕەوانەبکرێت، دەتوانێت، دوای لێکۆڵینەوە و دادگاییکردن، وەڵامی ئەو پرسیارانە و زۆر پرسیاری تریش بداتەوە، ئەو کەس و لایەنە بەرپرسانەی لەم تاوانە گەورەیەدا بەشداربوون، لە ھەر پۆست و پلەیەکدا، بن. بھێنێتە بەردەم دادگا و سزایان بدات.

پەراوێزەکان:

  • وتووێژ لەگەڵ کۆمەڵێک کەسایەتی ئێزیدی وەک نووسەر و توێژەر داود موراد خەتاری- کەسایەتی ئەکادیمی کوردی سۆڤیەتی جاران دکتۆر تۆسنێ ڕەشید و ئەسکەرێ بۆیک- کۆچکردوو پیر خدر سلێمان.
  • سپاس بۆ مامۆستا خەیری بۆزانی سەرۆکی ڕێکخراوی ئێزیدی بۆ بەڵگەکردن بۆ ناردنی لیستی ئاماری قوربانییەکانی دەستی داعش.

سەرچاوەکان:

- خلیل جندي. (الدین الایزیدي- المعتقدات- المیثولەجیا- الطبقات الدینیة)، تقديم سعد سلوم- مؤسسة المسارات للتنمية الثقافية و الاعلامية- بيروت- 2018

- سەلام ناوخۆش- زمانی ئایینی کورد- لێکۆڵینەوەیەکی زمانەوانی ئایینیە- هەولێر-٢٠١٢

- راپۆرتی نەتەوە یەکگرتووەکان لەسەر کەیسی جینۆسایدی ئێزدییەکان.

.-راپۆرتی وەزارەتی شەھیدان و ئەنفالکراوانی حکومەتی ھەریمی کوردستان.

- داعش و الفرمان الاخیر، حسو ھورمی، داعش و الابادة الجماعیة للایزیدیین- دار المسارات- 2016 .

- دلیل اڵصحفیین للکتابة عن قضایا الاقلیات- مقومات عملیة- اسس مھنییة. خضر دوملی- مطبعة ماردین اربیل-٢٠١٧

- ویبسایتی دەزگای جینوساید و ئەنفال.

– الکرد آمة ابادات الجماعیة- کرستینا کویفلن- ترجمة حسین ملا محمود

طبعة  الاولی ٢٠١٧- مرکز القاھرة للدراسات الکردیة.

*سەرۆکی ڕێکخراوی خانی بۆ لێکۆڵینەوەی هزری.