
كەریم دەشتی
لە دەریاچەی سپیی وان دا
کە پڕیەتی لە غوربەتی دڵی ئینسان
نەوڕەسێکی سپیی هەیە
لە هەمووان بەرزتر دەفڕێ
تا بگاتە ناو سینەی هەورە سپییەکان
لەوێوە چاو بخاتە سەر
زیوی چیا سییەکانی ناو نیشتمان
کە باڵەکانی شل دەبێ
نوقمی ڕامان و دامانی زەویی دەبێ
بە خەیاڵ و کرێشمەی سپی
بە بلێسەو پشکۆی سپی
شاباڵەکانی دادەخاو
قەیرێ لە فڕین دەکەوێ
دەگەڕێتەوە ناو
هاوباڵە سپییەکانی خۆی
یا بەسەر ئاڵای سپی کەشتییەکانەوە هەڵئەکورمێ
کونجێ دەکاتن بە ئەنوا
تۆزێ لەناو شەپۆلە سپییەکاندا
مەلە دەکات و ڕۆحی دەشوا
کاتێ کەوا برسی دەبێت
چنگێ ساماڵی شین و پەیمانەیێ پڕپۆڵەی سایەقە دەخوا
ئەوسا کە تریفەی سپیی مانگ
لە شەوی تاریک لێی دەدا
وەک ئاقیق دەدرەوشێتەوە
تۆزێ بەسەر کەفچەری سپیی دەریا وچاندەدا
جارجارە دەچێتەوە ڕۆخانەی
ئاوە سپییەکەی گۆمی وان
تێکەڵ بە کۆترە سپییەکان دەبێتەوە
وەک خونچەیەکی سپی سپی
لەناو بەفری یادەوەرییەکانی دەگەشێتەوە
باڵەکانی بەسەر بەردە سپییەکانی
بەر هەتاو ڕادەخات و دەکاتەوە
دووبارە هەست بە هەناسەی دایباوانی خۆی دەکا
یادەوەریی بۆ لای زێدی دەباتەوە
چەرخەلەیێ بەدەوری
کچە سپییەکانی ناو دارستانە سپییەکاندا هەڵدەکات
کە رووتوقووت
مەلە لەناو ئاوی سپیی ژیان
دەکەن
دووبارە دەگەڕێتەوە تاقی ئاسمان
دەچێتەوە لای هاوسەرە سپییەکەی خۆی
کە لای ئەو تیشکنارێکە لە تابان
ئیدی نۆرەی ئەوە بچێتەوە سەر گەرای سپیی و گەرمی هێلکەکان
ئاوا ئەو دوو سپییە جوانەی
ناو بەرد و جۆم
یا ناو شنەی دڵی ئاسمان
بە لۆکەی سپی و پیرۆزی پەڕوپۆیان
وەچەی خۆیان دەنێنەوە
دەبن بە شمشێری سپی
ناو فەزای سپی نیشتمان