
خدر ئیبراهیم خدر
بەرجەستەکردنی کردەی پەروەردە و فێرکردن لە چوارچیێوەی پرۆسەی خوێندندا کە وەک میکانیزم و پرەنسیپێکی جێگیر لەلایەن کاراکتەرە سەرەکییەکانی پەروەردە و فێرکردنەوە بەڕژدییەوە کاری لەسەر دەکرێت و بەهەند دەگیرێت، دەگەڕیتەوە بۆ ئەوەی کە ناوەندەکانی خوێندن وەک ماڵی دووەمی خوێندکاران پێوانەیان بۆ دەکرێت و تیایدا لەپەنای بەدەستهێنانی توانستی نووسین و خوێندنەوەدا، درێژە بە وەرگرتن و فێربوونی ئەو وانە مۆراڵی و کەلتووری و فەرهەنگی و کۆمەڵایتییانەش دەدەن کە لە خێزاندا وەک ماڵی یەکەم بە بنەما سەرەتاییەکانیان ئاشنابوون و بەبێ هەبوونی ئەوان ناتوانن لە ژیانی کۆمەڵایەتیدا لەگەڵ ئەوانی دیدا هەلبکەن یاخود بەدرووستی مومارەسەی ژیانیان بکەن.
هەڵبەت لە ئەمڕۆدا کە دونیای نوێ هەژموونێکی گەورەی بەسەر تەواوی مرۆڤەکانی کۆمەڵگەدا کردوە و بەدەگمەن کەسێک هەیە، گەورە بێت یاخود بچووک، بە داهێنراو و پێدراوەکانی بارگاوی نەبووبێت، سەرباری ئەو دوو پێدراوە کە لە پەروەردە و فێرکردندا بەرجەستە بووە، ئەرکێکی دیش دەکەوێتە سەرشانی کاراکتەرەکانی پەروەردە و فێرکردن لە قوتابخانە و خوێندنگەکاندا، ئەویش ئەوەیە کە گرنگە بە بەرنامە کار لەسەر ئەو بوارانە بکەن مرۆڤی سەردەم نیازی پێیان هەیە، چجای خوێندکاران کە بەهۆی ئەوەی لەتەمەنێکی بەراییدان و ئەزموونێکی کەمیان هەیە، زۆرتر لەئەوانی دی نیازیان پێی هەیە. بەشێک لەو بوارە گرنگ و زیندووانەش لایەنی ڕۆشنبیری و تکنۆلۆژی و هونەری دەگرێتەوە.
پیادەکردنی کردەیەکی لەو جۆرە، جگە لەوەی وا دەکات خوێندکاران بەو بوارانە ئاشنابکرێن و بەشێوەیەکی ئەکادیمی لێی بەهرەمەدببن، هاوکاتیش دەبێتە هۆی ئەوەی فەزایەکیان لەبەردەمدا ئاوەڵا بکرێتەوە تیایدا بتوانن لەپەنای وەرگرتن و فێربوونی داتاکانی پەروەردە و فێرکردندا، تەعبیر لە بەهرە و توانا شاراوەکانی خۆیان بکەن و لەسەر ئەرزی واقیع نیشانی بدەن. ئەمەش جگە لەوەی کۆمەکیان پێدەکات پەرە بە خولیا و ئارەزووە ڕۆشنبیری و زانستی و هونەرییەکانیان بدەن، لەهەمانکاتدا جۆرێک لە خودسەلماندنیشیان بۆ دەستەبەر دەکات کە لێیەوە توانستی باوەڕبەخۆبوونیان بەرزتر ببێتەوە و هەستیش بەوە بکەن لە ژینگەی خوێندگە و ژیانی کۆمەڵایەتیدا بوونێکی فیزیکی گرنگیان هەیە و بەهرە و تواناکانیان لەلایەن کاراکتەرەکانی ناو پرۆسەی پەروەردە و فێرکردەوە بەهەنددەگیرێت و پشتگیری دەکرێت.
*
جێگەی خۆشحالییە لەگەڵ ئەوەی چەند ساڵێکی کەمە ( خوێندنگەی ئامادەیی هەژین ) لە شآری قەڵادزێ کراوەتەوە، بەڵام بە هەوڵ و خەمخۆری دەستەی کارگێری خوێندنگە و ستافی مامۆستایان توانیویانە هاوسەنگییەکی ئەرێنی لەنێوان پإدراوە پەروەردەیی و زانستی و ڕۆشنبیری و هونەری و وەرزشییەکاندا بهێننەکایەوە و لەو ڕێگەیەشەوە ڕایەڵەی خوێندکار بە ناوەندی خوێندنەوە بە بەشێوازێکی خوازراو ئاراستە بکەن.
*
خەمخۆری و لەخۆبووردوویی کاراکتەرە سەرەکییەکانی ناو ئەو ناوەندە پەروەردەیی و فێرکاررییە، تایبەت لەڕووی هونەری وانەوتنەوە و گەیاندنی داتای زانینیەکان بە خوێندکار لە پۆلدا، وایکردووە زۆر لە خوێندکارەکانی لە دواساڵی خوێندنی قۆناغی ئامادەییدا بە ئاستێکی بەرز تاقیکردنەوەکانی بەکالۆریا ببڕن و لە کۆلێژە گرنگ و ئاست بەرزەکان وەربگیرێن. هاوکات لەڕووی پەروەردەییشەوە، هەوڵ و کۆششی بێوچانیان بۆ پێشەشکەشکردنی پەروەردەییەکی جوان و چاودێریکردنیان و دڵنەواییکردن و هاندانیان بەدیوێکی ئەرینی و بنیاتنەرانەدا، بۆتە هۆی ئەوەی کە کەمترین بەریەککەوتن و یاخیبوونی خوێندکار لەئاست یەکتری، یاخود لەئاست دەستەی کارگێری و مامۆستاکانیاندا درووستببێت. لەهەمانکاتیشدا بۆتە هۆی ئەوەی ڕەزامەندی زۆرینەی کەسوکاری خوێندکاران بۆ خۆیان دەستەبەر بکەن و لە کاتی پێویستدا لە پشتگیری ئەوان بەهرەمەندببن.
*
تەرخانکردنی جێگە و شوێنی تایبەت بۆ پراکتیزەکردنی وانە کردارییەکان و سازکردنی کۆڕ و سیمینار لەماوەی وەرزەکانی خوێندندا و دەوڵەنەندکردنی کتێبخانەی خوندنگە بە سەدان کتێبی بەسوود و سازکردنی گەشتی زانستی و فەرهەنگی بۆ خوێندکاران و بەڕێوەبردنی خوولی وەززشی و بەشداریکردن لە چالاکیە هونەرییەکانی تایبەت بە ناوەندەکانی خوێندن و بڵاوکردنەوەی گۆڤارێکی سالانە لەژێر ناوی ( پێنووسەکانی هەژین ) دا کە بابەت و نووسراوی مامۆستایان و خوێندکارانی خوێندگەکەی تیادا بلآودەکرێتەو،، لە نموونەی ئەو کار و چالاکییانەن لەو خوێندنگەیدا بە ڕژدی کاریان لەسەر کراوە و هێشتا بەردەوامیان پێدەدرێت.
سەرباری ئەو کار و چالاکییە بەردەوامانە کە لە کۆشش و خۆبووردوویان تیادا دەبینرێت، بەڵام هێشتا خوێندنگەکە نیازی بەوەیە زیاتر ئاوڕی لێبدرێتەو، بەتایبەت لەڕووی زیاتر سەوزکردنی ژینگەکەیی و دابینکردنی میلاک و نۆژەنکردنەوەی بیناکەیەوە. هەروەها هەقی خۆشییەتی دام و دەزگا پەروەرەییەکانی شآر و دەڤەرەکە هەوڵ و کۆششی بەردەوامی دەستەی کارگێری و مامۆستا خەمخۆر و دڵسۆزەکانی ئەو خوێندنگەیە لەبەرچاو بگرن و لە ڕێز و سوپاس بێبەشیان نەکەن.