خدر ئیبراهیم خدر

( یاقووبی چەرموو ) سێیەمین ئەزموونی نووسینی کاک ( بەکر ئاڵەیی ) ە لە ژانری ڕۆماندا. لەگەڵ ئەوەی پێش ئەو بەرهەمە، هەردوو ڕۆمانی ( سارا ) و ( حەسەن سوورمە ) ی لەدوو موودەتی زەمەنی لێکجیاوازدا چاپ و بڵاوکردۆتەوە، بەڵام بەوپێیەی من تەنها ( حەسەن سوورمە ) م بینیوە و خوێندۆتەوە، ناتوانم هیچ بیروڕایەک سەبارەت بە ناوەڕۆکی ڕۆمانی ( سارا ) بنووسم. بۆیە بەوە ئیکتیفا دەکەم کە ئەو ڕۆمانە نوێیەشی لە چەندین ئاراستەوە وەک درێژکراوەی ڕۆمانی ( حەسەن سوورمە ) دەبینرێت، بەتایبەتی لەڕووی ئەو ژینگە کۆمەڵایەتییەی کاراکتە سەرەکییەکان تیایدا ئەزموونی ژیان دەکەن. هەروەها لەڕووی قوورسایی ئەو یادەوەرییانەشەوە کە لەدووتوێی لاپەڕەکانی رۆمانەکەدا ڕەنگیانداوەتەوە و، لە پەنجەرەی ئەو نۆستالیژیایەوە سەرەتاتکێیان کردووە کە نووسەر بە قووڵی وەک فەزایەکی ( نەبینراو بە چاوی ئاسایی )، بەڵام ( بینراو بە چاوی یادەوەری ) تیایاندا ژیاوە و، سەرەداوە تاڵ و شیرینییەکانی پەیوەستە  بەو شوێن و زەمەن و، مرۆڤ و ڕووداو و پێشهاتانەوە کە وەک زات لە نزیکەوە ئەزموونی کردوون یاخود شایەدحاڵیان بووە. 

*

هەڵبەت من پێموایە هیچ ڕۆمانێک نییە بە ڕەهایی ڕەنگدانەوەی واقیع بێت، لەهەمانکاتیشدا پێموانییە  هیچ نووراوێکی کە لە فۆرمی چیرۆک و ڕۆمان و داستاندا دەنووسرێت، سەرەتا و گرێ و ڕوداو و کاراکتەر و ئەنجامەکانی بەشێوەیەکی ڕەها لە خەیاڵە و ئەندێشەوە ڕسکابێت. بەڵکو لەوکاتەی تەوەرەی سەرەکی بەسەر ژمارەیەک پێشهات و ڕووداوگەلی ناو واقیعی دوێنێی نووسەر  یاخود ئەوانی دییەوە چردەکرێتەوە، ( ئایا ئەوانی دی لەبازنەی کەسوکار و ناسیاودابن، یاخود هاوشاری و هاوزمان بن، یاخود کۆی مرۆڤەکانی دی بن بە جیاوازی ڕەنگ و ئایین و جوگرافیاوە )، لەپەنایەوە خەیاڵ و ئەندێشە و فەنتازیاش وەک کۆمەلکارێکی ئیستاتیکی ڕۆڵ دەگێڕێت و ئیزافەیەکی دەخاتە سەر . هەڵبەت ئەو هاوکیشەیە بە پێچەوانەشەو ڕاست دەردەچێت.

وەختێک قەڵەمبەدەست مەبەستییەتی ئیحایەک، یاخود داتای مەبەستێک بگەیەبێت، بەڵام ڕێسای دەوڵەتی یاخود ترادیسیۆنی کۆمەڵایەتی و فەزای ئایینی و کەلتووری ڕێگە لەوە دەگرێت بتوانێت ڕاست و ڕەوان ئاماژەی پێبکات و، خاڵ لەسەر پیتەکانی دابنێت، دێت لەناو گەمەی وشەسازیدا ڕەنگڕێژی دەکات و، ئەندێشە و خەیاڵی و فەنتازیاش یارمەتی دەدات بەجۆرێک چیرۆک یاخود ڕۆمان یاخود داستانەکەی بهۆنێتەوە، مینی تۆمەتباری لەژێر پێیدا نەتەقێنتەوە و، بەبێ هیچ ترس و بیمێک بە کوچە و کۆڵانەکانی بیر و زەینی ئەوانی دیدا گوزەر بکات و، لێیەوە مەرامی خۆی کە گەیاندنی ئێحا و مەبەستێکی دیاریکراوە، لەچوارچێوەی دەقە نووسراوەکەیەوە، بە خوێنەر بگەیەنێت.   

بەواتایەکی تر، قەڵەمبەدەست لە میانی گواستنەوەی بەشێک لە ئەزموونی پەیوەست بە نۆستالژیای زیندووی خۆی یاخود هاوبەش لەگەڵ ئەوانی دیدا بۆ ناو ناو پانتایی دەقێکی نووسراو، ناچارە پەنا بۆ ئیزافەگەلێکی تر ببات کە لە نما و ناوەڕۆکدا نزیکییەکی لەگەڵ خولیا و خیهانبینی تایبەتی خۆیدا هەبێت. بەڵام مەرج نییە هەموو قەڵەمبەدەستێک بتوانێت لەو ئیزافەکارییەدا براوەبێت، بەڵکو جار هەیە هێندە ناشیانە و ناقۆڵا کاری لەسەر دەکرێت، قوورسایی مەعنەوی دەقەکە و سەنگ و کاریگەریییەکەی وەک ناوەڕۆک لەلای خوێنەر  هێندە کەم و سنووردار دەکات، لەخانەی نەبوودا پێوانەی بۆ بکرێت. 

من پیموایە هەمیشە ئەو دەق و نووسراوانە کاریگەرترن و، شانسی مانەوەیان لە فەزای ئەدەب و ڕۆشنبیریدا زیاترە کە بارگاویە بە دیوێک لە دیوەکانی ژیانی بەرجەستە و، لەمیانی وشە و دێڕ و پەڕەگرافەکانیدا شەرحی حالی چەند ویستگەیەک لە زەمەنی فیزیکی قەڵەمبەدەست یاخود چلۆنایەتی ڕایەڵەی وی لەگەڵ ئەوانی تردا دەکات، ئایا لە دوێنێی نزیک و دووردا بێت یاخود لە ساتەوەختی ئێستادا بێت. هۆکاری ئەمەش زۆرتر دەگەڕیتەوە بۆ ئەوەی کە ئۆردوی مرۆڤ بەشێوەیەکی گشتی خاوەن یەک پاکێجی چارەنووسسازن لە خۆشی و ناخۆشییەکاندا و، مادام سەرکەوتن و نەمرێتیی ئەدەب لەوەدایە بەرلەوەی لەپێناوی خودی ئەدەب خۆیدا بێت، لەپێناو ئێستا و داهاتووی مرۆڤەکاندایە، کەواتە ئەو دەقانە دەبنە ماڵێکی ئاسوودە بۆ خوێنەر کە بەجۆرێک لە جۆرەکان ڕەنگدانەوەی ژیانی وین بەهەردوو دیوی بەزمەسات و مەرگەساتدا. قەڵەمبەدەستیش چی دەوێت لەوە زیاتر کە بتوانێت بە وشە  تەرجەمەی خۆی یاخود حاڵی ئەوانی تر بکات، یاخود لەڕێگەی تۆمارکردنی هەموو ئەوانەوە کە پەیپێبردوون، وانەگەلێکی ئەرێنی بە مرۆڤەکانی تر بدات!

*

هەرچەندە نووسەر بەمەبەستەوە ناونیشانی ڕۆمانەکەی بەو جۆرە هەڵبژاردووە کە ناسنامەی ئەو کاراکتەرە بەیان دەکات کە لەلایەک خەمخۆرێکی ڕاستەقینەی خێزانەکەیەتی و، لەلایەکی تریشەوە عەوداڵیکی ڕاستەقنەی ڕێگەی دادپەروەری و یەکسانییە و، ئەمەشی وەک میراتێکی فیکری و ئایدۆلۆژی جێ ڕەزامەند لە باوکییەوە بۆ ماوەتەوە و، وەک فیکر و جیهانبینی و ئادۆلۆژیاش بە گیان و دڵ پەیوەستە پێیەوە. بەڵام ( لەڕواوانگەی منەوە ) بەدیوێکی تردا ئەم بژاردەیە جۆرێکە لە کەمدەستی نووسەر لەوەدا کە بتوانێت ناونیشان لە قووڵایی کڕۆکی ڕووداوەکان یاخود گرێی ڕۆمانەکەوە هەڵبهینجێت. بەتایبەتی کاتێک دەبینین لەمیانی باسکردنی ڕەوتی ڕووداوەکانی ناو دەقەکەدا تەنها فۆکۆس نەخراوەتە سەر ( یاقووبی چەرموو ) وەک کاراکتەری سەرەکی، بەڵکو هی تریش هەن کە گرنگریتیان باوکێک و دایکێک و دوو لە ڕۆڵەکانییەتی.جگە لەوەش، ئاماژەکردن بۆ ژیانی کۆی مرۆڤەکان وەک ئۆردویەکی هاوچارەنووس و، پەنجە خستنە سەر واقیعی ژیانیان هەریەکێکیان بە خەسڵەت و تایبەتمەندی خۆی،، نیشاندەری موزایکی ژیانێکە کە بە هەقیقی لە پانتایی دونیای فیزیکیدا بوونی هەیە و، بەردەوامیش ئەزموون دەکرێت. 

*

راستە ئەم دەقە، لەچەند ئاراستەیەکەوە، دەرگای بەرووی باسکردنی چلۆنایەتی ژیانی کۆمەڵایەتی و دزێوییەکانی سیستەمی خیلایەتی و، هەلومەرجی سیاس ژێر سێبەری ئازادییەکی جێ پرسیاردا کردۆتەوە کە لەلایەک وەک داب و عورف و، لەلایەکی تریشەوە وەک حزبایەتییەکی سەرداپۆشراو بە خودپەرستی و خێڵەکی لە باشووردا هەقیقەتێکی بەرجەستەی هەبووە. بەڵام ئەوەندەی من لەدووتوێی ئەو دەقەوە پەییم پێبردووە مەبەستی سەرەکی نووسەر نیشاندانی دیوە جوانەکانی چەند کاراکتەرێکە کە هەریەکێکیان لەپێناوی جوانکردنی چلۆنایەتی ژیان و پاراستنی کەسێتی مەعنەوی مرۆڤ و، بەواقیعکردنی دادپەروەری و یەکسانی لە ترادیسیۆنی کۆمەڵگەدا بە شێوازی خۆی کۆشش دەکات و، دەست و پەنجە لەگەڵ سەختی و دژوارییە تاقەتپڕوکێنەکاندا نەرم دەکات.  ئەمەش لەهەندێک ڕووەوە دەبێتە درێژپێدەری ئەو ڕەوتە مرۆڤییەی کە زۆر لە قەڵەمبەدەستانی ناسراو دەیان ساڵە کاری لەسەر دەکەن و بۆی لەڕێێ وشە و نووسینەوە بۆی تێدەکۆشن. ڕەنگە ڕۆمانەکانی نووسەری گەورەی کورد ( یەشار کەمال ) ببنە باشترین نموونە لەو ڕووەوە، کاتێک بە کڕۆک و قووڵایی ڕۆمانەکانی وەک ( ئەفسانەی چیای ئاگری ) و ( حەمەدۆک ) و ( تەنەکە ) و ( کوێر ئۆغلی ) و ( یاخی ) دا سۆڕدەبیتەوە، بە ڕوونی بۆت دەسەلمێت ئەو قەلەمبەدەستە مەبەستی بووە هەوڵی مرۆڤ لەپێناو باشکردنی سبەینێی خۆیدا بەیان بکات و، لەو میانەشدا بەگژ سیستەمی خێڵایەتی و هەڕەمی باڵای عەشیرەتگەری و، ئەژدیهیای ژیاندا بچێتەوە. 

لەهەمانکاتدا ئەو دەقە، گەڕانەوەیە بۆ ڕابردوویەک کە دوانەی ( خەم و تراژیدیای لەدەستچوونی باوک ) و ( ئاسوودەیی و دڵارامی ناو کوانووی خێزانێکی ) گرتۆتەخۆی. لەپەنای ئەمەشەوە لاکردنەوەیە لە ژینگەیەکی کۆمەڵایەتی کە زۆرینەی مرۆڤەکان تیایدا بەجیاوازی ئایدیا و مزێج و جیهانبینیانەوە، بە خۆشی و ناخۆشییەکانەوە، بە گەرمی و ساردییەکانەوە، ساتەکانی ژیانی تیادا تێدەپەرێنن. ئەو ژینگەیەش ئۆردوگای زۆرەملیی ( بەستەستین ) ی دەڤەری پشدەرە کە لە ساڵی ١٩٧٨ – ١٩٧٩ لەچوارچێوەی کردەیەکی فاشیستانە و نامرۆڤییانەدا، دوای ڕووخاندنی دەیان گوندی دەڤەرەکە لە بناری پشدەرەوە لە بەری ڕۆژهەڵاتدا تاکو بناری قەندیل لەبەری باکووردا، دانیشتوانەکەیان دوور لە ویستی خۆیان ڕاگواست و، لەپەنا هەرسێ ئۆردوگاکانی تری ( پێماڵک و تووەسووران و ژاراوە ) دا لەو ئۆردوگا زۆرەملێیەشدا کۆیانکردنەوە.

لەگەڵ ئەوەی ئەو ژینگە دەستکردە بەرهەمی ڕاگواستنی زۆرەملێێ رژێمی بەعسە و، وەک جەبریێک تیایدا ماونەتەوە، بەڵام کوانووی گەرمی خێزانی و مامەڵەی کۆمەڵایەتی خوازراوی زۆرینەی مرۆڤەکان تیایادا وەک هاوزمان و هاوئایین و هاوچارەنووس لەگەڵ یەکتری وایکردووە بەشێک لەو زەبرە سایکۆلۆژی و سایکۆسۆماتی و کۆمەڵایەتییە کاڵبکاتەوە کە بەهۆی هەلکەندنیان لە زێدی یەکەمیانەوە دووچاریان هاتبوو.

*

تەوزیفکردنی ژیانێک کە پەیوەستە بە رابردووی نووسەر وەک خۆیی و کەسوکارەکەی بەپلەی یەکەم، بە پشتبەستن بە ئیحای نۆستالژیایەکی زیندوو، سەلمێـنەری پەیوەستی ڕووحی نووسەرە بە بە خاک و خۆڵئ نیشتمانەوە، ئەوەش جوانییەکی زۆرتر بە کەسێتی مەعنەوی خۆیی و قەڵەمەکەی دەبەخشێت کە لەگەڵ ئەوەی وەک فیکر چەپ و جیهانیخوازە، بەڵام پەیوەستی قووڵی ئەو بە خاک و خۆڵی نیشتمانەوە کە لەتادگەیدا ڕەگی داکوتاوە، مەدوولی خۆی هەیە و، بەجوانی درکی پێکردووە. ئەمەش نیشاندەرێک بۆ ئەوەی کە لێیەوە ئەو وەک کاراکتەرێکی نیشتمان دۆست و چەپێکی ئازادیخواز بناسرێت، بەجۆرێک کە ئەوپەڕی ڕاستگۆیە لەگەل خۆیی و گەل و نیشتمانەکەیدا!

*

باسکردن لە ( سەمەد ) ی باوک و، چارەنووسی تراژیدی وی کە بەدوای خەونی دادپەروەری و بەرەنگاری ستەمکاری دەسەڵاتدارانی هاوزمانی خۆیەوە عەوداڵ بووە و، لەفۆرمی کاری سیاسیدا هەوڵی بۆداوە، لە هەندێک ڕووەوە لە هەوڵی کەسێتی ( گەلگامێش ) دەچێت کە لەمیانی  داستانێکی دێرینی وڵاتی میزۆپۆتامیادا ناوی دێت. ئەگەرچی کەسایەتی وی زۆرتر بەرهەمی چنینی خەیاڵە و لە ئەفسانەوە نزیکترە نەک واقیع، بەڵام ئەویش عەوداڵی خولیایەکی تایبەتی بووە و، لەو ڕێیەدا سەری ناوەتەوە. لەکاتێکدا ( سەمەد ) خاوەن خولیایەکە واقیعییەتی هەیە و، لەگەڵ ئەوەی بە بەگوێرەی هەلومەرجی کەلتووری و فەرهەنگی ئەو ویستگە مێژوویەی تیایدا ژیاوە لەلای زۆرینەی مرۆڤەکان وەک مەحاڵ چاوی لێکراوە، بەڵام تاڕادەیەکی زۆر وەدیهێنان و پێگەیشتنی پێکدژ نەبووە لەگەڵ لۆژیک و بیرسادا.

هەڵبەت بە مەحاڵ ڕاڤەکردنی خولیایەکی لەو شێوەیە لەلا زۆرینە لەو ویستگە مێژووییەی کۆمەڵگەی باشووری کوردستاندا، تاڕادەیەکی زۆر پەیوەستووە بەو هەڵمەتە ئیعلامییەی کە لەڕووی کەف و کووڵی نەتەوەییەوە دنەی مرۆڤەکانی دەدا و، وایلێکردبوون هەموو شتێک بخەنە خزمەت نەتەوەپەروەییەکی سەرداپۆشاو و پارتایەتییەکی بۆیەکراو بە ڕەنگی کوردایەتی. ئەمەش وایکردبوو سەرجەم جەبرەکانی ژیان قبوڵ بکەن یاخود لەیاد بکەن. لەهەمانکاتیشدا، سووسەی چەمکەکانی دادپەروەری و یەکسانی و سەروەری مرۆڤی نەکەن.

ئەگەرچی باوک لەناو کۆمەڵگەیەکی بارگاوی بە هەست و نەستی نەتەوەپەروەری دزیادەڕۆیانە و پڕ لە بەرژەوەندخوازانەی دەستە و گروپە سیاسییەکان و دەسەڵاتێکی خۆماڵی خۆسەپێندا، دوواجار ناتوانێت دەرەقەتی بەربەست و گرفتە ناوخۆییەکان بێتەوە و، لەو ڕێیەدا سەری خۆی دادەنێت و بێسەروشوێن دەبێت. بەڵام وەک چۆن خەون و خولیاکەی وی وەک فیکر و جیهانبینی و ئایدۆلۆژیا پێش وی بوونی هەبووە، لەدوای ویس بەردەوامی دەبێت و، لەومیانەشدا یەكێک لە کوڕەکانی بەڕاستگۆییەوە لەسەری دەڕواتو، بەردەوامی پێدەدات.

*

باسکردن و زەقکردنەوەی دوو ئاراستەی بیرکردنەوە و ڕووانین لەنێوان دوو برادا کە یەکێکیان چەپ و ئەوی تر ئایینداریکی مولتەزیمە، وەک پێدراوێکی سرووشتی مرۆڤی، نۆرماڵ و ئاساییە. بێگومان  کەینوونەی ژیانیش وا دەخوازێت بۆ ئەمڕۆ و سبەی بەردەوامی هەبێت. چونکە مومکین نییە سەرجەم مرۆڤەکان بە ڕەهایی لە ئاراستەی بیرکردنەوە و رووانیندا لەیەک بچن، بەتایبەت لە دەرەوەی جوعزی خێزاندا کە کۆمەڵگەیە. ئەوە لە ناواخنی ئەو ڕۆمانەدا بە شێوەیەکی ئەرێنی دەردەکەوێت، کاتێک نووسەر راستەوخۆ نەیویستووە لەپەنای ئاماژەکردن بۆ ئەو دوو ئاراستە و ڕووانینە لێکجیاوازەی نێوان دووبرای خوێنی و شیری، ئەفزەلییەتی مرۆڤی و فیزیۆلۆجی بەیەکێکیان بدات لەسەر حسابی ئەوی تریان. بەڵکو کاری لەسەر ئەوەکردووە کە لەڕووی خەمخۆری بۆ دابینکردنی نان و دەست و پەنجە نەرمکردن لەگەڵ ژیاندا لەدەرەوەی ژینگەی ماڵەوەدا یەکێکیان لە ئەوی تریان هەڵاوێردبکات. ئەمەش دەشێت تەنها پەیوەست نەبێت بە هەبوونی بیر و ئایدۆلۆژیاوە، یاخود توانستی درککردنەوە، بەڵکو دەشێت پەیوەستیش بێت بە چلۆنایەتی بونیادی دوو براکەوە لەڕۆژی یەکەمی لەددایکبوونیانەوە کە یەکێکیان توانست و هێزی خۆڕاگری جەستەیی لە ئەوی تریان زیاتر بێت. نەک ئەوەی بۆ خەمساردی و لاموبالاتی و دەست و پێ سپیبوون بگەڕێتەوە.

ئەمەش پێچەوانەی ناوەڕۆکی درامای ( ڕەشەی پۆلیس ) ە کە ساڵانێک لەمەوبەر وەک زنجیرەیەکی سی ئەڵقەیی لە فۆرمی درامایەکی کەلتووری و فەرهەنگی لەسەر شاشەی کەناڵی ( کوردستات ) نمایش دەکرا.

ئەگەرچی هێڵی گشتی دراماکە لەسەر دوو کەسێتی بنیاتنرابوو، کە یەکەمیان کەسێکی ئاییندار کە لەڕووی داراییەوە دەوڵەمەند و هەبوو بوو. ئەوی تریشیان کەسێکی کۆنە شیوعی وردە بۆرژوابوو. بەڵام ئەو بەشێوەیەکی ڕەها کەسی یەکەمی وەک دێوەزمە و شەیتان وێناکردبوو کە گفتار و کرداری لەمرۆڤوونی ڕاستەقینەوە دووربن. لەهەەمانکاتدا کەسی دوەمی وەک پەپوولە و فریشتە وێناکردبوو کە گفتار و مامەڵەی ڕۆژانەی سەرجەم ئەلف و بێی مرۆڤوون تیایدا ڕەنگبداتەوە!

بەداخەوە سیناریست و دەرهێنەری دراماکە لەپشت پەردەوە دەیویست لەڕێگەی باسکردن و نیشاندانی ڕووداوەکانی ناو ئەو کارە هونەرییەوە، پانتایی ئایین لە جوانی و باشییەکان بەتاڵبکاتەوە. نەک هەر ئەو بەڵکو دەشیویست لەڕێگە نمایشکردنی دراماکەوە لە مانگی ڕەمەزاندا کە مانگی عیبادەت و بەخۆداچوونەوەی ئاییندارانە، بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ ئەم عیبادەیە وەک کردەیەکی بێهوودە و ناکاریگەر لەسەر بونیادی مرۆڤیەکان وننا بکات. هەر ئەمەش واکرد دراماکە نەتوانێت زۆرینەی بینەر لەخۆی ڕازی بکات. لەهەمانکاتیشدا ڕوبەڕووی چەندین ڕەخنەی جدی ببێتەوە. چونکە ئەوەی دەرهێنەر وێنای دەکرد، تەواو پێچيوانەبوو لەگەڵ سروووشت و واقیعدا و، نە هەموو کەسێک کە بانگەشەی ئایینداری دەکات، لەناخدا بەرژەوەندەخواز و هەڵەکارە. نە هەموو کەسێکیش کە بەرگی کۆمۆنیستی پۆشیبێت، دەبێتە مرۆڤێک لەسەرووی ڕەخنە و هەڵەوە بێت.    

*

 هەرچەندە لە پەیڕەو و پڕۆگرامی فیکری چەپدا ڕێسایەک هەیە و لەسیستەمە سیاسییەکاىدا کاری پێکراوە، کە دەقەکەی دەڵێت ( ئەوەی کار نەکات، ناخوات)، بەڵام ( یاقووب ) کە خۆی لە کاراکتەرێکی چەپدا ناساندووە ، لەناو خێزانەکەیدا ئەو ڕێسایەی وەلاناوە و، ئامادەیی نیشانداوە لەپێناوی ئەوانەشدا کاربکات و زەحمەت بکێشێت کە دەست بۆ ئەنجامدانی هیچ کار و پیشەیەک نابەن. ئەمەش لەلایەکەوە پەیوەستە بە هەستی قووڵی وی لەڕووی ڕایەڵەی خوێنی و برایەتییەوە، لەلایەکی تریشەوە پەیوەستە بە خاکەڕایی و لێبووردەیی و دڵفراوانییەکەیەوە. 

*

ناواخنی ئەم ڕۆمانە لەدەرگای زۆر بابەتی تریش دەدات لە نموونەی بەگەورەیی نیشاندانی کەسێتی دایک و ڕۆڵی وی لە کوانووی خێزان و، ساتەکانی ژیانی فیزیکیدا. هەستی مەحەببەتخوازی و ڕەنگدانەوەی ئەو هەستە لەژیانی گەنجێتیدا وەک پێدراوێکی بەدیهی لە واقیعی بەرجەستەدا. ڕۆڵ و هەژموونی کتێب و، بەرەنجامە ئەرێنییەکانی پرۆسەی خوێندنەوە لەسەر گۆڕینی ئاراستەی ژیانی مرۆڤەکان لەڕووی چلۆنایەتییەوە. پەنجە خستنە سەر پێشهات و ڕووداوە سیایییەکان و ئەزموونەکانی ڕاپەڕین و، کۆڕە و، بەتاڵبوونەوەی ئومێدە ڕەنگاوڕەنگەکان لەسایەی حوکمی خۆڕێبەری خۆماڵیدا کە حزبی کوردی بە ناشیرییەکانی خۆیەوە لەسەر جوگرافیای بەشێکی گەورەی باشووری کوردستان پراکتیزەی دەکات. بێگومان نەدەکرا لەسەر یەک بە یەکی ئەو بابەتانەش بووەستم و بەدرێژی لەبارەیانەوە بدوێم، چونکە لەناوقەڵەمڕەوی ئەو وتارەدا جێگەیان نەدەبۆوە.

*

دوواجار، نایشارمەوە ئەو ڕۆمانەکە بەدەر نییە لە هەڵەی چاپ و زمانەوانی و ڕێنووس و و لەنگی و ناڕوونی لە دەربڕیندا. هەروەها شتگەلێکیش هەبوون لایان لێکراوەتەوە و قسەیان لەسەرکراوە، لە ڕووی پاشخانی فیکری و جیهابنبینی تایبەتی خۆمەوە، بەدڵم نەبوون. بەڵام ئەوە نەبووە هۆی ئەوەی خۆم لە قسەکردن لەنارەی ئەو دەقەوە ببوێرم. ئەمەش وایکرد ئەو لایەنانە بەسەربکەمەوە کە لەڕووانگەی تایبەتی خۆمەوە ئافەرینی دەوێت و، شایستەی ئەوەیە وەک دیوێکی ڕووناکی دەقەکە بەهەندی بگرم. ئەمەش پەیوەستە بەو هەقیقەە بەدیهیەی کە هیچ دەقیکی نووسراو نییە لە هەڵە و کێماسی بەدەربێت، بەڵکو تەنها کتێبی خودایە لەدەرەوەی هەر تێبینی و هەلەیەکدایە...

لەگەڵ دەستخۆشی دووبارەدا، هیوای بەردەوامی بۆ کاک ( بەکر ئاڵەیی ) و قەڵەمە زیندووەکەی دەخوازم....  

 

 

* یاقووبی چەرموو- بەکر ئاڵەیی، ڕۆمان، بڵاوکردنەوەی ناوەندی فێربوون، هەولێر، ٢٠٢٣

 

 

 

 

٦ / ٥ / ٢٠٢٤