
هۆزان ئیسماعیل
بێدەنگ وەک تەرم
لەسەر پشت راکشام
چاوەرێی نامەیەکی تۆم
تا ھەست بکەم زیندووم
*****
نزیکترین رێگا بۆ گەیشتن بە تۆ
گەرانەوەیە بۆ ناوەوەی خۆم
******
ھەر یەکەیان بە ئاراستەیەک دەڕوات
تەنیا من نەبێت
ھەموو کات بەئاراستەی تۆ دێم
******
بە چیرۆکێکی پر لە کەموکوریەوە
دەمەوێ رێگاکە تەواو بکەم
بە بێ تۆ
گەیشتن بە مردن
ئەوەندە زەحمەت نییە
*****
سیستەمی خۆر
ھەسارەکان
مانگ
زەوی
کیشوەر
وەلات
شار
گەڕەک
بەمن چی گەردوون فراوانە
شوێنی تۆ
گۆڕی تەنگی منە
******
لەگەل رۆیشتنی تۆ
شوێنی من تۆ خۆش
ئیدی لە ھەر کوێ بم گرنگ نییە
مادام لە تۆ دوورم
*******
بەبێ تۆ
نە خۆر لە ئاوابوون دوا دەکەوێت
نە زەوی دەوەستێت
تەنیا من بۆ ھەمیشە دەکەوم و راستنابمەوە
******
گۆڕێکە
تەرمێکی بە ھەزار برینەوە تێدا نێژراوە
دڵی من
******
سەدان تەقەڵم لێدا و
ھەر یەکی نەگرتەوە
برینی رۆیشتنی تۆ لە دڵم.