هونەرمەندی گۆرانی بێژ ئاریان حەمید هونەرمەندێكی شاری خانەقینە ولە ساڵی 1970 لە شارەكە لە دایكبووە ، ئەو دەرچووی كوڵێژی كشتوكاڵە وئێستا فەرمانبەرە .

ئاریان حەمید بۆ ڕێگای کوردستان وتی :- لە هەر سەردەمێكدا شتی باش وخراپ هەیە ، لە ئێستادا گۆرانی باش لە هەردوو ڕەگەز هەیە ولەهەمان كاتدا گۆرانی بێژمان هەیە خاوەن ئاستێكی نزمە ، بەحوكمی تێكەڵاوبوون لەگەڵ شێوازی هونەری خۆرئاواییدا هونەرمەندانێك هاتوونەتە نێو دونیای گۆرانی وبە شێوازی خۆرئاوایی گۆرانی دەڵێنەوە لاسایی ئەوان دەكەنەوە .

وتیشی:- من سەرسامم بە چەندین هونەرمەندی گۆرانی بێژ لەوانە شاباز زەمانی وئەحمەد خەلیل وئاگرین ولە گۆرانی بێژە مێینەكانیش وەكو كیژان وشاناز چونكە ئەمانە شتی جوان وباش پێشكەش بە هەوادارانی گۆرانی دەكەن.

هەروەها وتی :- خاوەن دوانزە بەرهەمی گۆرانیم وبە شێوازی سۆرانی وخانەقینی كەڵهوڕی وعەرەبی وتوركمانی گۆرانی دەڵێم وسێ‌ كلیپم هەیە، گۆرانی وتن نامەو پەیام وبەرپرسیارێتییە، دەبێت ئێمەی گۆرانی بێژ پەنا بۆ هۆنراوەی باش وشایستە وئاوازی جوان بەرین تاكو ئەو پەیامە بە جوانی بگەێنینە هەوادانی گۆرانی .