
كەریم دەشتی
ئاسكەكەی نێو برینی گەرمی ڕۆژهەڵات
تەریوی سەر پشتی
لە هەزار جێ شكاوی وڵات
لە بیرمە لە ژێر باری ڕەنووی
كانوونێ تۆم هێنا
ئەوەندە بچووك بووی
لە باوەشی پڕ میهری
من ون بووی
گوێم لە خورپەی دڵی تۆ ئەبوو ئەیناڵاند
لەبەر ئاگری دار بەڕوو
دامنایت و نەمردی
بە شیری شیرینی مەمكان گەورەم كردی
ئاسكەكە ئاسكەكە
ئاسكەكەی ڕۆژهەڵات
گەورە بووی
توكت پڕ ئاڵتوونی هەتاو بوو
دووبارە بەهار هات
گیا دای لە چۆكان
بەرهەڵای پێدەشت و دۆڵەكانم كردی
تێكەڵی مێگەلان بوویتەوە
بۆ تاوێری چیاو
سەركانی ئاسكان چوویتەوە
ئێستێکە بە تەنها ماومەوە و
قەدەری تۆش هەر راكردنە
ههم لەمپەر بڕینە
یا كەوتنە ناو بۆسەی مردنە
نازانم ئێستێ تۆ لە كام لوتكە و دووندی
وریابە ئاسكەكە
ئاسكۆڵەی ڕۆژهەڵات
ههر وەك چۆن كۆڕەوی قوڵینگان
هەمیشە ئەڕۆن و دێنەوە
هەر ئاواش ڕاوچییان ئەڕۆن و دێنەوە
بەڵام تۆ ڕابكە و هەمیشە ڕابكە
من هەموو بەهاران چاوەڕێم بێیتەوە
ئاسكەكەم ئاسكەكەم
ئاسكەكەی ڕۆژهەڵات
ڕابكە تۆ هەمیشە ڕابكە.