قوبادی جەلیزادە

 

1

هێندێ ژن،

لە قەیماغ خوڵقاون

هێندێکیان لە هەنگوین

هێندێکیشیان لە بلۆک.

2

هێندێکیان،

لە دڵۆپی باران

هێندێ لە ئاوی کانی

هێندێکیشیان لە وشکەساڵی.

3

هێندێ ژن،

لە تیشک ڕسکاون

هێندێکیان لە تریفە

هێندێکیشیان لە شەوەزەنگ.

4

ئیشی من ئەوەیە؛

ژنە بلۆکەکان بکەم بە؛

 هەنگوین

 بە قەیماغ.

ژنە وشکەساڵیەکان بکەم بە؛

 باران.

 بە ئاوی کانی.

ژنە شەوەزەنگەکانیش بە؛

 تیشک.

 بە تریفە.

5

پیاوەکان لە ئاسن دروست بوون.

ژنەکان هەوڵ دەدەن بیانکەن بە؛

لۆکە

ئاو

ئاوریشم.