
بەكر ئاڵەیی
ئەو ڕۆژانەی دڵم بە كۆڵان خۆش بوو، دەمگوت ئێستا یەكێك بانگم دەكا،
ڕەنگە خەیاڵی كەسێكی عاشق بدۆزمەوە،
هیچ نەبێ ڕەنگی سوخمەیەك یا كەوتنی ڕازی دڵێك دەبینم.
تەنها كەمێك لە پەنجەرەی ماڵەكان ڕادەمێنم،
بەڵام بۆ كردنەوەی دەرگای ئێوە سەدان جار بەردەبمەوە،
بۆ ڕووناكییەكی پەنجەرەكەتان دەڕۆم بە بروسكە و تاڵە تاریكەكانی ڕۆخی پەنجەرەكە دەستنوێژ دەشۆم.
ئەو كۆڵانەم لە بیر ناچێتەوە، بۆنی قوڕەسوور و سواخی دیوارەكان،
ڕێكی و جواندانانی بەردی كانە بەردەكان،
چەند چڵە (كا)ی ناو گڵەسوورەی دیوارەكان،
شۆڕ بوونەوەی سوانەكانی كۆڵان،
تریقە تریقی كچەكانی هاوڕێت،
بەدەستێك گۆزەی سەرشانت گرتبوو، دەستێكیشت دەكێشا بە ئەوینێكی ناو سینگت،
نەرم نەرم باغی دڵێكت ڕادەژاند.
ئەو كۆڵانە، زستانان قوڕی دەخستە ناو پێڵاوەكانم،
بارانی لە نێو نیگام دادەباران،
پرچم لە ناواەڕاستەوە شەق دەبوو،
ئاو بە لووتمەوە گیر نەدەبوو،
چەند دڵم گەرم دادەگیرسا، چەند ڕۆحم دەكەوتە سەما.
ئەو كۆڵانەم خۆش دەوێ،
هەموومان بەوێدادەچووین بۆ كانی،
لەوێ قەولی دڵ و سۆزی ڕاوەستان دەڕوا،
لەوێ گەڵا دەوەری و پێكەنین دەبوو بە كۆلكە زێڕینە.
لەوێ كەڵێشێرەكان گیف دەبوون و بانگی سپێدەكانیان دەدایەوە بە ئاسمان.
دڵی من لە نێو دەرگای ئێوەدا ڕوا،
چاوم بە سەر بانی ئێوەدا خزا،
چی قسەم هەبوو لەسەر پەنجەرەكەی ئێوە جێماوە، كەی دەگەڕێیەوە بێم و كە مێك لە تریفە كۆبكەمەوە، لەگەڵ دەستی خۆت جارێكیدی دەرگای كۆڵان بكەیتەوە.....