خدر ئیبراهیم خدر

 

لەگل ئەوەی لە ئەمرۆدا ئەزموونی نووسینەوەی بیرەوەری یاخود تۆماری ڕۆژانی رابردوو، باارگاوییە بە جۆرێک لە پاشاگەردانی و زیادەڕۆیی و بەلاڕیدابردنی ڕاستییەکان لەرووی ناوەرۆک و ئاراستەی نووسینەوە، بەوپێیەی زۆرینەی ئەوانەی لەو بارەیەوە رووداو و پیشهاتەکانی رابردوو لەڕووانگەی خۆیانەوە تۆماردەکەن و لەپەناشییەوە ویستگە جیاوازەکانی تەمەنیان بەسەردەکەنەوە، لەلایەک نمایەکی سۆپەرمان ئاسا دەدەن بە کەسێتی خۆیان وەک کەسی گێرەرەرە کە لەماوەی تەمەنی فیزیکی خۆیاندا نمایشیانکردووە،  لەلایەکی تریشەوە، سیفەتگەلێکی میسالی دەبەخشن بە بنەمالە و هۆز و عەشیرەت و پارتە سیاسییەکانیان، بۆیە ئاسان نییە لەو میانەدا بتوانین نووسراوێک بژاردە بکەین و بیخوێنینەوە و بۆ ئەوە بلوێت چەند وشەیەکی ئەرێنی لەبارەوە بنووسین، یاخود بە دیوێکی خوازراو و ڕەزامەندهێندا ڕانان و هەڵسەنگاندنی بۆ بکەین.

*

کتێبی ( تەمەن و ئەزموون ) کە لەلایەن بەڕێز ( مامۆستا عەبدوڵڵا ساڵح ) یاخود ( مامۆستا عەبدە ) وە  نووسراوە و لەساڵی ٢٠٢١  چاپ و بڵاوکراوەتەوە. سەرباری ئەوەی وەک یەکەم ئەزموونی وی لەبواری نووسینی کتێب و بڵاوکردنەوەدا، بەدەر نییە لە سەرنج و تێبینی، بەلام ئەوەدەهێنێت لای لێبکرێتەوە و بەوردی بخوێنرێتەوە و پاشاتیش لەمیانی وتارێکدا هەندێک قسەی لەبارەوە بکرێت.

کتێبەکە کە لەڕووی قەبارەوە گەورەیە و لە ( ٣٠٨ ) لاپەڕە پێکهاتووە، جگە لە ( سەرەتایەکی پێویست ) کە بەڕێز ( مامۆستا عەبدە ) خۆی نووسیویەتی و ( پێشەکییەک ) کە بەڕێز ( مامۆستا بورهان ) نووسیویەتی، بەگشتی دابەشکراوە بەسەر ( ٨٧ ) ناونیشاندا کە هەر یەکێکیان بەگوێرەی توانست و چەندایەتی ڕووداو و پێشهاتەکان تیایدا لەلایەن نووسەرەوە قسەی لەبارەوە کراوە. جگە لەوە، لە پاشبەندی کتێبەکەشدا، چەند لاپەرەیەک بە شێوەیەکی سەربەخۆ بۆ کۆمەڵیک فۆتۆی ئەرشیفی تەرخانکراوە و تیایدا ژمارەیەک فۆتۆ بە جیاوازی زەمەنە مێژووییەکانیانەوە بەرچاوخراون.

نووسەر لەم کتێبەدا، هەروەک خۆی لەسەر بەرگ ئاماژەی پێکردووە ( گۆشەیەک لە بیرەوەرییەکانی ) خۆی تۆماردووە و مەبەستی بووە پێشهات و رووداوە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانی ناو ژیانی خۆی بەتایبەتی و کەسوکاری نە گشتی تۆمار بکات. هاوکات بەشێکیشی تەرخانکردووە بۆ قسەکردن لەسەر ئەزموونی مامۆستایەتی خۆی کە ساڵانێک ئەو پیشەیەی لەئەستۆ گرتووە. لەپەنا ئەوەشەوە تیشکی خستۆتە سەر دوو لایەنی دی، ئەوانیش بریتین لە ئەزموونی سیاسی خۆیی و ئەزموونی ژیانی غەریبی چ لە ناوخۆ و چ لەدەرەوەی وڵاتدا. ئەوەی کە ئەزموونی ژیانی عەرینی ویدا دەینرێت ئەوەیە کە چوونی بۆ شاری بەغدا پەیوەستبووە بە خواستێکی خوازراوی خودییەوە، بەوپێیەی بە مەبەستی خوێندن ڕووی لەوێ کردووە. هەرچی جۆرەکەی تریانە کە چوونی وییە بۆ تورکیا و بەریتایا، پەیوەستبووە بە خواستیكی ناچاری خودییەوە کە لە زۆر ڕەهەندەوە هەلومەرجە نابابەتییەکانی وڵاتی لەپشتەوە بووە. 

 

هەڵبەت، ئەم کتێبە جگە لەوەی تۆمارێکە بۆ چەندین ویستگەی ژیانی نووسەر، هاوکاتیش لەڕووی ناوەڕۆکەوە بەشێک لەو پێشهات و ڕووداوانەی بەسەرکردۆتەوە کە پەیوەستن بە ڕابردووی شاری قەڵادزێ و دەڤەری پشدەر بە تایبەتی و کۆی نیشتمان بە گشتی. لەمەشەوە دەتوانین بڵێێن کە وەک تۆمارێک دەتوانێت ببیتە سەرچاوەیەک بۆ پشتگراستکردنەوەی زۆر لایەنی مێژوویی ئەو شار و ناوچەیە بەدیوێکی ئەرێنیدا. بەتایبەتیش ئەو پێشهات و ڕووداوانەی نیازیان بەوەبووە بە دیوێکی ڕاستگۆیانەدا پشتڕاست بکرێنەوە و لە فۆرمێکی دوور لە ڕتووشدا قسەیان لەبارەوە بکرێت و داتای زانیارییەکانیان دەستنیشانبکرێت. بێگومان بۆ هەندێک شارو ناوچەی تریش هەروا، بەوپێێەی لەپەنای ئەو یادەوەرریانەدا لای لێکردوونەتەوە و قسەی لەبارەوە کردوون. 

لەکاتێدا وەک کەسێک کە بیر و ئایدیایەکی یەکسانخوازی هەڵگرتووە، کۆششیکردووە خەبات و ماندوووونی لەپێناو کۆی مرۆڤایەتیدا بێت، هاوکاتیش لەوە بەئاگابووە کە کۆشش و هەنگاونانی لەو چوارچێوەیەدا ئاسان نییە و دەیان بەربەست و ڕێگری گەورە و بچووکی دێتە بەردەم. بەلام تا کوێ ئەو کۆششانەی لەسەر ئەرزی واقیعدا ئەنجامیان هەبووە،، ئەوە قسەیەکی ترە. 

*

بەڕێز ( مامۆدستا عەبدە ) لەسەر بەرگی دواوەی کیتیبەکەی، پوختەی مەبەستی خۆی لە نووسینەوەی ئەو یادەوەریانەدا بۆ خوێنەران خستۆتە روو و تیایدا ئەو وتەزایەی رەتکردۆتەوە کە وای دەبینیت بێدەنگی لە قسەکردن لەپێشتر و گرنگترە، هەروەک لە فۆرمە باوەکەدا دەوترێت ( ئەگەر قسەکردن لە زیو بێت، ئەوە بێدەنگی لە زێرە ). لەئەلتەرناتیڤی ئەوەدا، جەختی لەسەر ئەوە کردۆتەوە کە ( ئەگەر بێدەنگی لە زیو بێت، ئەوا قسەکردن لە زێڕە ). ئەمەش بەدیوە شاراوەکەیدا دوو شتمان پێدەڵێت: لەلایەک دەکرێت نووسینی ئەو یادەوەریانە وەک پارچەکردارێک بێت لەبەرامبەر ئەو زیانە مەعنەوییەی بەریکەوتووە لەبەرەنجامی بێدەنگبوونی لەئاست خەبات و تێکۆشانیدا بەتایبەتی لەڕووی سیاسییەوە. لەلایەکی تریشەوە دەکرێت وەک هەر مرۆڤێکی تر کە چەندین ویستگەی تەمەنی تێدەپەڕاندووە، مەبەستی بووبێت بەشیێ لەو یادەوەرییانە تۆماربکات لە شایستەی لەسەر وەستانن و دەتوانن سوود بە کەسە نزیکەکانی خۆی لەلایەک و خوێنەران لەلایەکی  تر بگەیەنن. بەتایبەتی ئەوانەی ئەزموونی ژیانی پێش ڕاپەڕین و کۆڕەویان نییە و سەر لە زۆرینەی پێشهات و ڕووداوەکانی ئەو سەروەختە دەرناکەن. هەرکامێک لەو دووانە درووست بن، جیاوازیەک لەوەدا درووست ناکات کە ئەو کارەی بەڕێز ( مامۆستا عەبدە ) جێگەی دەستخۆشییە و شایستەی ئەوەشە بەهەندبگیرێت.   

 بەڕێز ( مامۆستا عەبدە ) لەبەرگی دواوەی کتیبەکەیدا ئەو وشانەی نووسیون: 

" لەنێو ئەو دونیا جەنجاڵەدا، لەنێو ململانێی سەختی ژیاندا، ئەگەر قسە نەکەیت و هەڵوێستت نەبێت، ئەوا کەس ناتبینێت. ئەگەر تەنیا سەر ڕاوەشێنی بە نیشانەی ڕازیبوون، یا هەڵچی و تووڕەببیت بە نیشانەی ڕەتکردنەوە، ئەوا دڵنیابە لە ڕێڕەوی ژیان دوواکەوتووی. جیا لەوەی ڕۆڵێکی ئەوتۆشت نەبووە لە ئاڵوگۆڕە کۆمەڵایەتی، سیاسی و ئابووریییەکاندا. چونکە هەردوو هەڵوێستەکە، پێویستیان بە بیرکردنەوە و خۆماندووکردن نییە و وەک ماسی مردوو لەگەڵ ڕێڕەوی شەپۆل دەڕۆن. ئەوەی تۆ دەناسێنێ گوتار و کردارتە، دەور و نەخشی خۆتە لە ئاڵوگۆڕی نێو کۆمەڵگە جا بەهەر لایەکدا بێت. بەڵام مەبەستی من لەو ئاڵوگۆڕەیە کە دنیایەکی ئاسوودە و یەکسان بۆ هەمووان دابین بکات. 

خۆشحالدەبم ئەگەر توانیبێتم ئەو راستییەی سەرەوە لەم کتێبەدا جێبکەمەوە و ئەم بەشە لە ئەزموونی ژیانم، ڕاستییەکی ئاوا تیایدا رەنگیدابێتەوە. ئەوەی تا چەند سەرکەوتووبووم، لە پێکانی ئەو ئامانجەدا؟ ئەوە بۆ خوێنەر بەجێدەهێڵم.

پیاوێکی شیکپۆشی خاوێن کە لەسەر نووکی پەنجە دەڕۆیی، بە فیزێکەوە لە ( سۆکرات ) ی پرسی: ها چۆنم دەبینی؟ ( سۆکرات ) لە وەڵامدا وتی: قسە بکە تا بتبینم! "

*

بێگومان پاشخانی کۆمەڵایەتی و سیاسی بەڕێز ( مامۆستا عەبدە ) پێماندەڵێت کە لە لەنووسینەوەی یادەوەرییەکانیدا  چەندی یادگەی یارمەتیدابێت، هەوڵیداوە، بە بەباشی خال بخاتە سەر پیتەکان، بەلام بە لەبەرچاوگرتنی ئەو ڕاستییەی کە هەموو قسە و دەربڕین و نووسینێک هەلومەرجی خودی و بابەتی خۆی هەیە تا بەیان بکرێت، بۆیە ئەویش نەیتوایوە هەموو ئەوە بخاتە سەر کاغەز کە پێویستە بنووسریت و تۆماربکرێت. ئیدی ئەوەی ماوەتەوە، یان بە یەکجاری لە یادگەیدا دەیهێڵێتەوە و دەیپارێزرێت، یاخود لە کات و شوێنی گونجاوی خۆیدا دەیخاتەڕوو. ئەوەش پەیوەستە بە بیرکردنەوە و تێڕوانینی تاکە کەسی خۆیەوە.

*

 من وایدەبینم کە تۆمارکردنی ئەم بیرەوەرییانە دوو ئاکامی لێدەکەوێتەوە کە یەکێکیان ئەوەیە لە قازانجی نووسەر تەواو دەبێت، بەوپێیەی تۆمارکردنی ئەو یادەوەرییانە دەبنە تۆمارێکی زیندوو کە ئەزموونە فیعلییەکانی نووسەری گرتۆتە خۆیی و لێیەوە دەتوانیت جۆرێک لە شکۆی مەعنەوی نوێێ لێ بەدەستبخات بەتایبەتی لە بەرامبەر ئەوانەدا کە لە ڕابردوودا بەوهێندە لە وردەکاری ژیانی کۆمەڵایەتی و سیاسی ئەو ئاگادارنەبوون. هەروەها دەشتوانێت بیکاتە بنەمایەک بۆ کار و چالاکییەکانی داهاتوویی و سوود لە ئەزموونەکانیسی وەربگریت بەهەردوو دیوی خوازراو و نەخوازراودا. ئەوی تریشیان ئەوەیە ئەوانە لێێ بەهرەمەند دەبن کە بە وردی دەیخوێننەوە، بەتایبەتیش ئەوانەی مەبەستیانە لە دوێنێی نیشتمان ئاگاداربن.  

*

هەرچەندە ئەم کتیبە، هەوڵ و ماندووبوونێکی زۆری پێوەدیارە و بەلای منەوە شایستەی ئەوەیە لەبەرامبەریدا دەستخۆشی لە نووسەرەکەی بکرێت، بەڵام هیشتا وەک هەر کتێب و نووسراوێکی تر کە بەرهەمی زەین  و بیرکردنەوەی مرۆڤە، لە خەوش و کەموکوڕی بەدەر نییە. بۆیە لێرەدا بە پەسەندی دەزانم لەڕووانگەی خۆمەوە ئەو سەرنج و تێبینیانەم تۆماربکەم کە وایدەبینم لەهەندێک ڕووەوە چلۆنایەتی کتێبەکەیان کالکردۆتەوە ( ئەگەرچی خۆشبەختانە لە ڕادەیەکی سنوورداردان ). ئومێد دەکەم بەرێز ( مامۆستا عەبدە ) بەدیوە بنیاتنەرەکەیدا قبوڵیان بکات و لە چاپەکانی داهاتووی ئەم کتێەدا، بەهەندیان بگرێت.   

سەرنج و تێبییەکان:

- کتیبەکە بە فۆنتێکی ورد نووسراوە. ئەمەش لەلایەک دەشێت هەوڵیک بووبێت لەلایەن نووسەرەوە بۆ خۆدوورگرتن لەگەورەبوونی زیاتری قەبارەی کتێبەکە و لەو ڕێگەیەشەوە تێچووی ماددی کتێبەکە کەمتربکاتەوە. لەلایەکی تریشەوە، دەشێت بگەریتەوە بۆ بڕیار و سەلیقەی دیزایینکار کە وای مەزەندەکردبێت لەڕووی هونەرییەوە ئەم چەشنە فۆنتە وردە خوازراوترە بۆ خوێنەران. بێگومان لەهەردوو باردا، بە زیانی خوێنەر تەواوبووە و لە خوێندنەوەیدا مادووبوونی پێوەدەچێژێت.  

- هەرچەندە زمانی کتێبەکە وەک دەربڕین بە گشتی پاراو و جوانە، بەڵام ئەوە نەبۆتە هۆی رێگە لە هەڵەی ڕینووس و خاڵبەندی بگرێت، کە لێرە و لەوێ بەسەر پانتایی لاپەرەکانییەوە دەبینرێت و سەرنجی خوێنەری شارەزا بەلای خۆیدا ڕادەکێشێت. بەداخەوە ئەو هەڵانە لە ڕێنووس و خاڵبەندی و تەنانەت وشەسازیدا بەرگی دوواوەی کتێبەکەشی گرتۆتەوە.  لەو ڕووەشەوە، خۆزگەم دەخواست نووسەر بەتەنگ ئەو لایەنەوە هاتبا و ڕێگەی لەوەگرتبا وەک ئەدگارێکی نەرێنی ( ئەگەرچی بەرفراوانیش نەبێت ) بەسەر لاپەڕەکانی کتیبەکەیەوە ببینرێت. 

- جگە لە هەبوونی ژمارەیەکی زۆر فۆتۆی خێزانی لەناو کتێبەکەدا کە لە هەندێک ڕووەوە ناوەڕۆکی یادەورییەکانی لەجوارچێوەیەکی زۆر خودیدا قەتیسکردووە، هاوکاتیش بەهۆی بچووککردنەوە و تێچڕژاندنیان لەگەڵ نووسینی لاپەرەکاندا، بەهای هونەرییان کەمبۆتەوە. وایدەبینم بۆ نووسەر وا پەسەندتربوو کۆی فۆتۆ ئەرشیفییەکانی لە دوالاپەریدا بەشێوەی ( پاشبەند ) دانابا و لەژێر هەر فۆتۆیەکیشدا کورتە زانیارییەکی تۆمارکردبا کە ناوی کەسەکان و شوێن و سالی تیادا دەستنیشانکرابا. هاوکاتیش بەگوێرەی ڕیزبەندی ڕووداوەکان دانرابان.

- هەرچەندە بەگوێرەی ئەو ناونیشانانەی بۆ یادەوەرییەکان دانراون، هەوڵدراوە لە فۆرمێکی ئاسۆییدا پێشهات و ڕوداوەکان بنووسرێن و ئاماژەیان بۆ بکرێت، بەلام هێشتا جۆرێک لە تێکەڵی بەسەر کۆی یادەورییەکاندا زاڵە و هەندێک لە وستگە میژووییەکان تێکچڕژاون.          

- بەرگی کتیبەکە قەرەباڵغە و پێویست نەبوو بۆ ناساندنی نووسەر، سێ جۆر ناو ئاماژەی پێبکرێت. بەڵکو دەکرا لەپەنا ئاماژەکردن بۆ ناوی سیانی خاوەن کتێب، هاوکات ئەو نازناوەش بنووسرابا کە لەڕووی کۆمەلایەتی و سیاسییەوە زۆرتر پێیناسراوە.

*

دوواجار، لەگەڵ ڕێزم بۆ بەڕێز ( مامۆستا عەبدە )، ئومید دەکەم ئەو وشانەم بەو دیوەدا لێوەربگرێت کە من نیازمە، ئەویش دڵسۆزی و خەمخۆرییە و هیچی دی... 

 

تێبینییەکی پێویست: لەرووی ڕێنووس و خاڵبەندییەوە کەمیک ئەو چەند دێڕەم پوختکردۆتەوە کە نووسەر لەسەر بەرگی دواوەی کتیبەکەی نووسیبوویەتی و گواستوومەتەوە ناو وتارەکەم، چونکە وەک خەمخۆر و هەوادارێکی زمانی شیرینی کوردی، نەمتوانی وەک خۆی بینووسمەوە. "

* تەمەن و ئەزموون، عەبدوڵڵا ساڵح، چاپخانەی پاشا، ٢٠٢١