
محمدی مام ڕەسوڵ
کەمردم
بەشیعرم گوتووە عیشق بەشم ناکا
تەرمەکەم بەشانی خۆت بێنە بەر باران !
بەپارچەیەک تەم دایپۆشە ،
تا نڤووم بوونی ستوونەکانی شەراب
با ڕەشنووسی ئەو لاوکەش لای سەرمەوە دانیشێت !!
ئاخر کوا من لەڕوبار شاعیر ترم ؟!
ئەو دەمەی هەناسەم ،
لە چڵەمێوی حەوشەکەتان دەئاڵێت و
هێشووەکانی مەیل تام دەکەم !
کەبانگت دەکەم ،
تۆ ڕەنگت هەر لە ڕەنگی گیا دەچێ
لە مزگێنیەکی سپی ،
کەهاتی دەستت هەر بە پلیکانەکانی ڕۆحمەوە بێ
تا لەجەنگەڵی ئەو دنیا پاسیڤە تێدەپەڕین
تا چیتر دەستم بەر کەشتیەکانی گریان نەکەوێت !!
پێدەچێ تۆ نەزانی !
شەوانە چەند هەنیسکم بەدیوارەکانی خەیاڵتەوە ناوە ؟!
چەند فانۆسم لە گەڕەکەکانی گۆرانیدا فوو کردووە
تا تروسکایم بەر تاڵەکانی دیدەنیت و
بەر پرچەکانی ئەو حیکایەتە ئاڵە بکەوێ !
مەگەر تۆ ئەگینا من ناتوانم ،
ئەو هەموو نسکۆیە تەرجەمە کەم !
خواو دوو جۆگەلەو بێستانەکانی تریفە شاهیدن
لەسەر پردی ئەو ئاڵودە بوونە
ڕۆژانە خەریکم خوێنی خۆم گەسک دەدەم !
ماندوو بووم ئەوەندەی ڕژانم بخەمە بەر سکونەکانی ترپەت
ئەوەندەی دەستم بەر هەرەسی ئەو ئۆقیانووسە بکەوێت
ئەوەندەی بە عیشقەوە ( بـا ) ماچ کەم !!
ئێواران لای قاوەخانەکەی گەڕەکی سەراب
خۆم و جانتایەک هەناسەو کتێبێک و
چەند ڕستەیەک لە تووڕە بوون و
چەپکێک لەشنە بــا ..
لەکۆڵانی ئەو دیوو ونبوون و دڵهێشانەوە
خۆمان دەکەین بە ژووری دۆزەخێک
لەماڵــی شەو
گەر من نەبم کام شێتە عیشق بۆ ئەوێ دەبــا ؟!