قوبادی جەلیزادە

١

لەگوندەکەماندا، کانییەکی ئەفسانەیی هەیە..

کە کچان گۆزەی لێ پڕدەکەن،

دەستبەجێ ،زگیان پڕ دەبێ.

ناوی کوڕەکانیان دەنێن؛

 جۆگا.

ناوی کچەکانیشیان؛

 زنە.

٢

سوورە چنارێکی ئەفسانەیی، لەگوندەکەماندا هەیە..

کە ژنان لە سێبەریدا ڕادەکشێن،

بێنوێژ دەبن.

ناویان لەو درەختە باڵا بڵندە ناوە،

کاکەسوور.

٣

لەگوندەکەماندا ، مانگێکی ئەفسانەیی هەیە..

 شەو لەسەر کەپر، سەری بە بالیفی کچە عازەبەکان دەکات و

دەست بەپرچیان دادەهێنێ.

بێداران ناویان لەو مانگە تریفەدارە ناوە،

مانگە هاوڕەگەزخوازەکە.

٤

لەگوندەکەماندا کەڵەشێرێکی ئەفسانەیی هەیە..

کەبانگ دەدات، ژنان پێی دەوروژێن.

پیاوان ناویان لەو کەڵەشێرە کلک قیتە ناوە،

کوڕە سەرسەرییەکەی کوێخا.

٥

چۆلەکەیەکی ئەفسانەیی لە گوندەکەماندا هەیە..

کە ژنان جلە تەڕەکانیان پێدا هەڵدەخەن،

دێ  لەسەر ئاوەڵکراسێکدا،

 هەڵدەنیشێ،

لاوەکان ناویان لەو چۆلەکە بێشەرمە ناوە.

شاعیری ئیرۆتیکا.!!

-------------------

*ئیرۆس :خوای خۆشەویستی وحەزو سێکس.