خدر گوڵانی

دێڕ بەدێڕی ئەو قەسیدەیەت بۆ گەڕام

کە دەمەو ئێوارەیەکی غەمگین

هەڵوەدای چەنگێک ڕووناکی بوو

شەبەنگ بۆی نوشتایەوەو

لەچوار چێوەی ڕەنگاکانیدا بوو بەهەڵم

  پیت بەپیتی ئەو ڕۆمانەم پشکنی

کە تۆزی ڕۆژگار تێکی هەڵشێلاون و

زمان توانای دەر بڕین و حونجەکردنی نیە 

بۆ هەرپیتێک خۆی قوتدەدات و

گوزارشتێکی مانادار بەدەستەوە نادات

چاوم گێڕا بۆ ئەو تەنافەی 

کراسی شیعرێکی تەڕی پێدا هەڵواسرابوو

کۆمەڵێک حەڕفی گریاوم کۆکردەوە

کەلە لەپەنای بەرگی دیوانێکی

کۆنەساڵدا ڕژابوون

سەرنجمدایە  نۆتەی ئەو سروودانەی

بەسەر ژێی کەمانێکی دڵشکاودا

وەکو شارە مێروولە

ڕیزیان بەستبوو لەترسی هەڵدێران

هەموو ئەو گۆرانیانەم 

خستەوە سەر کاسێتی خەیاڵ 

کە ڕۆژانێک ڕوخساری 

تۆیان لەڕیتم گرتبوو،

ئەمدیو ئەو دیوم پێکردن 

تۆم لەهیچیاندا نەدۆزییەوە

گومانم هەیە ڕەنگە،

 خەیاڵی من سڕابێتەوە