جەبار جەمال غەریب  

ژن لە زوڵف و برۆوە، بۆ...!

1

گۆرانی و شیعر و چیرۆكی دنیا لە ژن بەتاڵ بكەیەوە، هیچی نامێنێتەوە، ژن سەرچاوەی ئیلهام و جوانی و بەختەوەری و نەهامەتیشە.

چیرۆكەكان وان، چیرۆكی ئینسان وایە، بەهەشتی بە خاتری ژن بەجێ هێشتووە و بەنیازی دەستكەوتنی حۆری و ژنیش سرووتی ئایینی جێبەجێ دەكات. چیرۆكی هەزار و یەك شەوە درێژترین چیرۆك و پڕ سەركێشی و ڕووداوی تاڵ بە ژن دەست پێدەكات و بە ژنیش كۆتایی دێت.

- تاكە خولیای پیاو ژنە. بۆ ژن پێدەكەنێت و بۆ ژن شەڕ دەكات و بۆ ژن دەژی.

- ژن تەنیا خولیای پیاو نییە، بەڵكوو ژیان و تەمەن و دەستووری ژیانیەتی.

ئینسان كە ڕۆڵەی سروشتە

لەوێدا لە سروشتی كراوەدا، پیاو و ژن نین، گەورە و سەردار نین، خانم و ئاغا نین، ماڵ و دەرەوەی ماڵ نین، ئەوەی هەیە دوو بوونەوەرن و تەواو، كە تا ڕادەیەك لە گیاندارەكانی دیكە جیاوازن. شەرم لە جەستەی یەكتر ناكەن، ڕان و سمت و قژ و چاویان زۆر جیاوازییان نییە، بێهێز و بەهێز نین، دوو كائینن، لە تێكۆشانی ئەوەدان زیندوو بمێننەوە.

- چاوی بۆ ڕوانین و بینینە.

- برۆ و برژانگی نە نەشتەرن و نە شمشێر، بەڵكوو پارێزەری چاون لە تۆز و با و عارەقە.

- ژیان زەبری خۆی دەوەشێنێ، سەردەمێك ژن دەبێتە سەردار و خوداوەند عەشتار دروست دەبێت و سەردەمێك پیاو دەسەڵات وەردەگرێت و ژن دەبێتە بەردەست و بە ڕەوە دوای خۆیان دەدات.

- لە كاتی پێویستدا دەفرۆشرێن و لە كاتی شەڕدا وەك كەلوپەل بەتاڵان دەبردرێن.

- ئەفسانە و ئوستوورە دێن، سیستەمی ژیان دادەڕێژن، ژن لە شوێنێك و پیاو لە شوێنێك.

- ئایینەكان سەرهەڵدەدەن و جێگای ئەفسانە و ئوستوورە دەگرنەوە و كۆمەڵگە دابەش دەكەن و بە بیانووی ڕێكخستنەوە ماف و ئەرك دیار دەكەن و بوونەوەرە دوولاقەكە دابەش دەكرێت بە ژن و پیاو.

- پیاو ئایینەكانی بەڕێوە بردووە، لە سەروەختی دەسەڵاتداری ئەودا ئایینەكان دەركەوتوون و ئەو پیاوە پڕ نهێنییە سەرپەرشتیی دیاریكردنی شوێنی ژن و پیاوی كردووە.

- ژن دەنێردرێتە ماڵەوە و پیاویش بۆ سەر كار.

- جەستەی ژن ناسك دەبێتەوە و پیاو زبر و توند و ڕەق.

شاردنەوەی ژن و دەركەوتنی ژن

- كە ژن لە ماڵ دەشاردرێتەوە، كە لەبەرچاوی پیاو هەڵدەگیرێ و ئینجا حەرامیش دەكرێ و گەیشتن پێی ئاسان نابێ، لەو كاتەدا ژن لە كائینێكی بەرجەستەوە دەگۆڕێت بۆ وێنەیەكی جووڵاو. - مێشكی پیاو سەرقاڵی وێناكردنی ئەو بوونەوەرە دەبێ، كە لێی دوور خراوەتەوە.

- ئەو وێنەیە ڕووتووش كراوە بە خەیاڵی پیاو، واتا پیاو وێنەی ژن لە خەیاڵی خۆیدا جوان دەكات، وەك ئەوەی خۆی دەیەوێ. ئەو وێنەیە لە هەر سەردەمێكەوە بۆ سەردەمێكی دیكە بە شێوەیەك گۆڕاوە، لە هەر سەردەمێكدا گرنگی بە شوێنێكی ژن دراوە، كە بەشی هەرەزۆری شوێنێكی جەستەی بووە. ئێستایش كراوە و باس كراوە، كە دیدی پیاو و ژن بووەتە ئەو شوێنە، ئەوەش كرۆكی بابەتەكەی منە.

- وێنەی ژن لە زەینی پیاودا:

سەردەمی زولف و پەرچەم.

سەردەمی چاو و برۆ.

سەردەمی پووز و بەلەك.

ئێستا چ سەردەمێكە؟ ئەم سەردەمە سەردەمی چییە؟

”لەژێر سایەی برۆكەتدا حوكمڕانیی دەكا چاوت“

هێمن، دوا شاعیری كلاسیكی نوێ، باشترین نموونەیە بە دۆزینەوە وێنەی ژن لە كەللەسەری پیاودا. هێمنم وەك نزیكترین نموونە هێنایەوە، بۆ گەڕانەوە بۆ سەدەی دوێنێ.

هیچ شاعیرێكی كوردمان نییە، بەتایبەتی لە كلاسیكدا، كە زولفی نەكردبێتە بەشێكی گرنگ لە دەربڕینەكانی. زولف و پەرچەم دوو دەربڕینی بێ نەزیرین لای شاعیران (نالی و سالم و كوردی)

(پەرچەم پەشێو، سەری زولف، زولف لادە).

وەفایی بەو هەموو ئەدەب و شەرمەوە لە زولفدا گێژ دەخوات، هەتا شێخ ڕەزا بەو هەموو هەجووەوە، لە گێژاوی زولف ڕزگاری نەبووە، هەر دوو جافەكە، ئەحمەد و تاهیر، كە من بە شیعرە ڕۆمانیسییەكانیان دەتوێمەوە، كەس نازانێ ئەوەم تێ بگەیەنێ، ئەو دوو پیاوە بەهەیبەتە لەبەردەم زولف و خاڵدا چۆن دەبنە ئاو!

- سەردەمی زولف و پەرچەم سەردەمی شەرمی شاعیر و بوێریی وشە بوو. ڕاستە ژن وەسف كراوە، لە سیستەمی بیركردنەوەدا بەكار براوە، بەڵام شوێنی بەرز و باڵایە.

وەفایی شاعیری سۆفی و عیرفان، كە یەكێكە لە بەرزترین ئەستێرەكانی شیعری كلاسیك و عیرفانی، بڕوانین چۆن وەسفی زولف دەكات:

بەس عومری من بەبا دە، ڕووت بێنە زولفت لادە

دڵ بۆیە نامرادە، بەو شەوە ڕۆژ گیراوە

قسەی گرنگ و بەرزی بیركردنەوە لە (بەو شەوە ڕۆژ گیراوە).

- من دەمەوێ تۆ هەر بیرت لای ئەوە بێت، بزانی وێنای ژن لە سەردەمێكەوە بۆ سەردەمێكی دیكە چۆن گۆڕاوە. بزانین ئێستا وێنای ژن لە زەینی پیاودا بە كوێ گەیشتووە؟

وەفایی وەك نوێنەری پیاو، وەك پیاوێكی شاعیر، سۆفییەكی زانا، دوور لە ژنێك، نوێنەری سەردەمەكەی خۆیشی، چۆن ژن دەبینێ:

. ژن توانای ئەوەی هەیە عومری ئەو بەبادا بدات، كەواتە ڕای وەردەگیرێت و موبتەلایە بە دڵیەوە. ڕووخساری یار (خۆرە) زولفەكە شاردوویەتییەوە.

. زولف و چاو و برۆ و پەرچەم شوێنە گرنگەكانی ژن بوون، كە كاریگەرییان لەسەر هەستی پیاو و ڕەوتی ژیانیش هەبوو، ئێستا سەردەمی چییە؟ كوێی ژن كاریگەرە؟ ئەو بابەتە پەیوەندیی بە سمت و ڕانەوە چییە؟

23/08/2023