جەبار جەمال غەریب

ڕەچەتەی پزیشك بۆ جەستەی ژن

نێر و مێ، لە باڵندە و گیاندار و دار و دروختیشدا، هەوڵ دەدەن سەرنجی یەكتر ڕاكێشن، یەكتر بلاوێننەوە و گۆرانی بۆ یەكتر بڵێن و جوانییەكانیان بۆ یەكتر دەرخەن. تاوس و قاز و كۆتر و پاساری نموونەی دیار و بەرجەستەن.

- ئەو خۆدەخستن و سەرنجڕاكیشانە لای مرۆ جیاوازە.

- نیگایەك، قژ لادانێك، بریسكەی چاوێك، برۆ هەڵتەكاندێك، بووەتە ئیلهامی سەدان و هەزاران شیعر و گۆرانی و نامەی ڕۆمانسیی دڵهەژێن.

- بە هەستی ئەو چاو و برۆیەوە، دەروونی نالی خاڵی دەبێت و جا وەك (نەی دەناڵێ). هەر بە زولف و پەرچەمەوە نالی دەگاتە حاڵەتێك، كە بڵێ (گوتت نالی! ئەتۆ بمرە ئەمن دێم، خودا كەی بێ، خودا كەی بێ، خودا كەی).

- مەحوی لە قووڵایی شیعرەوە، كە تەنیا پەیمان، یان پەیمانێكی خەیاڵیی وەرگرتووە، دەڵێ (دڵم دەرهات و تۆ هەر نەهاتی، نەهاتی، هەر نەهاتی، هەر نەهاتی).

- كوردی، كە دیسانەوە نوێنەری سەردەمەكەی خۆیەتی و ژنی تەنیا لە زولف و خاڵەوە ناسیوە، دەڵێ: (لەپاش چەند وەعدە قەت جارێ نەهاتی، ئەمیش بۆ من نەهاتی بوو، نەهاتی).

- كە ئەو سێ شاعیرە بە چاوی سەدەكەی خۆیان وەرگرین (١٨٠٠) ئەرێ توانیویانە كوێی ژن ببینن؟ كە ئاوا فیداكان بە گیان و ژیانییانەوە، ئەوان زولفیان بە شەوگار و هەندێ جاریش بە پەتی سێدارە چواندووە، برژانگ تیر و دڵی شاعیر نیشانەیە، دەربڕینیان لەوپەڕی ناسكیدا بووە، بەبێ ئەوەی لە هیچ شوێنێ جەستەی ژن بەیانكەن، كەچی زۆرترین سۆز و هەستیان لەو پەڕی جوانیدا دەربڕیوە، كە ناگەڕێمەوە سەر نموونەهێنانەوە.

- ئەوەشیان لە نەشارەزاییانەوە نەبووە لە جەستەی ژن، بەڵكوو نالی لە شیعری مەستوورەدا ئەوەمان تێدەگەیەنێ، كە تا چەند وردەكاریی جەستەی ژن شارەزایە، كە هەرگیز ئەو شارەزاییەی خۆی نەكردە بیركردنەوەیەكی گشتی، تەنیا یەك جار بۆ یەك مەبەستە بەكاری هێناوە.

- چامەكەی نالی بۆ مەستوورە لە سۆنگەی (هێرش و داشۆرینەوە) نووسراوە، كە زمانێكی زبری پیاوانەی پڕ لە هەڕەشەی ئەخلاقییە. ئەوەش دیوێكی نێگەتیڤی بابەتەكەیە، كە من نامەوێ لێرەدا باسی بكەم.

كرۆكی بابەتەكە یان كرۆكی جەستەی ژن

هەموو ئەوەی دەربارەی دەلالەتەكانی جەستەی ژن باسم كرد، ئەوەی پیاوی قسە لەگەڵ كوێی ژن دەكات؟ پیاو ڕووی لە كوێی ژنە؟ بۆ ئەوەیە بزانین، كە زمانی پیاو، كە لە زولفەوە دەچێتە سەر چاو و برۆ، تا سینگ و گەردن، ئێستا لەو ڕۆژانەی كە ئێمە تێیدا دەژین، بۆ كوێ گوێزراوەتەوە؟

- سەردەمی پەرۆشی و هەیەجانی سێكسی.

- سەردەمی ڕووخانی ڕووحی ڕۆمانسییەت.

- سەردەمی پەلامار و هێرشبردن.

- سەردەمی ڕووكەش و ڕوڵەت.

- سەردەمی لەمس و بەریەككەوتن.

- سەردەمی زەقكردنەوەی جەستە.

دەشێ زەقكردنەوەی جەستە باشترین و گونجاوترین ناو بێ بۆ سەرەتای ئەو سەدەیە، چاوی پیاو بەسەر كوێی ژنەوەیە؟

- لە یەكەم نیگادا چاوی پیاو دەپەڕێتە سەر سمتی ژن.

شێوە و شێوازێكی تایبەت بۆ سمتی ژن لە مێشكی پیاودا ئامادە كراوە، شێوە و شێوزاێك كە بووەتە مۆدیل و پەسندی گشتیی لەسەرە.

- ئەوەی جێگای نیگەرانیی بیرمەندانە، یان ئافرەتانە ئەوەیە، ژن لە سۆشیالمیدیا و زۆر لە كەناڵەكاندا، بووەتە سمتی، ئەو كەسایەتییە وەك ئینسان، وەك هاوبەش و ژیان رێكخەر نابینرێ، بەڵكوو وەك (سمت) دەبینرێ.

- بێ گومان هەموو سمتێكیش نا، سمتێك، كە سایز و (شەیپ) شێوەی تایبەتی هەیە، ئەوەندە سانتیمەترە دەرچووبێت و بە شێوەیەكی بازنەیی بۆ سەرەوە پێچی كردبێتەوە، لە فڵان شوێنەوە گەڕابێتەوە بۆ لای پشتی و بەشێوەیەك گۆشەیەكی ئەوەندە پلەیی لە فڵان شوێن دروست كردبێ.

- سمت پلە یەك و سینگی بەرز یان گەورە، كە ئەویش شێوەی خۆی بۆ دانراوە پلە دووە.

- لێو زۆرترین (حوكمی) لەسەرە، زۆرترین ناوی هەیە، مراوی و هەنجیری و تا دوایی.

ڕاستە هەموو ئەندامەكانی جەستەی ژن چوونە ناو زانستی (ئەندازەوە)، بەڵام داواكاریی پیاو بەپێی (ڕۆژ) لەسەر سمت و لێو و سینگی چڕ بووەتەوە.

- وردكاری داواكاریی هەموو ئەندامێكی جەستەی ژنی گرتووەتەوە، هیچ ئەندامێك نییە پێوەر و شێوەی خۆی بۆ دانەنرابێت، لە بنی پێ و پووزیەوە تا تەوقی سەری.

- نووسەری بلیمەت كاك حەمەسەعید حەسەن جۆرێك لە كۆمیدیا زۆر بەكار دەهێنێ بە ناوی (كۆمیدیای ڕەش)، تاڕادەیەك بووەتە موڵكیشی، منیش لەو ڕۆژانە ئەو كۆمیدیا ڕەشەم لەسەر زاری گەنجێگ گوێ لێ بوو، لەو ڕۆژانە قسەی گەنجێكم كەوتە بەر گوێ، كە سەیری ژنێكی گەنجی دەكرد، گوتی:

- گۆشتی زۆرە، بەڵام لەو شوێنانە نین، كە پێویستە لێی بن.

- مەبەستی ئەو گەنجە ئەوە بوو، كە (قەڵەوی و گۆشتی زیادەی) كەمەر و ناو پشت و بن باڵ و ڕانی ئەستووری ژنە دەبوو لەسەر سمت و سینگی بایە.

بەكورتی:

- وەك چۆن مەرج نییە پێشكەوتن بەختەوەری بێنێ، وەك فڕۆید لەسەرەتای سەدەی ڕابردوودا جەختی لەسەر دەكردەوە، پێشكەوتنی زاست و تەكنۆلۆجیا و پزیشكییش مەرج نییە بەها كۆمەڵایەتییەكان بەرز بكەنەوە، بەڵكوو زۆر جار زەبر لە ڕووحی كۆمەڵگە دەدەن و ماهییەتە مرۆڤایەتییەكان لە ناخەوە هەڵدەتەكێنن.

- من لەوە دڵنیام، كە (مۆدیلی جەستە) لە ساڵانی داهاتوودا وەك ڕەچەتەی دكتۆر دەچێتە ناو گیرفانی كچانی نەوەی داهاتووەوە، هەر بە هەمان شێوەش، دڵنیام تام و بۆنی مرۆڤبوون دەگمەن دەبێت، بۆ ئەوەی مرۆڤێكی دەسكاری نەكراو، یان ساغت دەست بكەوێ، دەبێ زۆر بگەڕێی و زۆر ماندوو بی.

 30/08/2023