هاڤان محەمەد

 

لەو ڕۆژەوەی

کەوتیە بەر ڕێژنەی نیگاکانم

دڵی خۆم داوە بە تۆ،

دڵنیام ئێستا لە دڵی تۆوە نزیکە

ئیتر باکم بە دووری نییە

حەرفی هەموو ئەو کتێبەکانم خۆشدەوێت،

کە سەبوردەی عاشقەکان دەگێڕنە

دێری هەموو شیعرەکان دەخوێنمەوە

کە لەو دێڕانە دەچن بۆ عەشقی تۆم نووسیوە،

تۆ وەرە بە چناری باڵامدا هەڵکشێ

تا دەگەیتە کانیی لێوەکانم و

لە میحرابی چاوەکانم پشوو بدە.

من هەروا خەریکی نزاکردنم

تا ساڵەکانی تەمەنم بچێتە سەر وەرزەکانت،

ئاخر فەرامۆشکردنت کفرێکی گەورەیە،

ئەی یار

گوڵێکم لە باغەکەمدا ڕوواندووە

ناوی تۆم لێی ناوە،

هەموو سەحەرێک بۆنی تۆی پێوە دەکەم

هەمان چیرۆکەی بۆ باس دەکەم،

بەناونیشانی

هەموو ڕۆژێک هەر ئەم پیاوەم خۆشدەوێت،

چاوم  بۆ ڕووناکیی

هەنگاوەکانییەتی،

پەنجەکانم بۆ دارعەسای دەستی

سەرنجێکت لە نیگاکانم جێ هێشتووە

ئیتر لە هەر چوار وەرزە

ژنێتیم بە سەر تۆدا دەبارێ،

بۆ ڕاڤەکردنی قەسیدەی هۆگربوونت

نەچوومەوە سەر ئەلف و بێی

هیچ مێژوویەک،

تەنیا بە وشەکانی خۆشەویستیتدا  چوومەوە

کە لە سەر دیواری دڵم نووسراوە:

من کچێکم

بە خۆشەویستیی تۆ

خۆمم گەورە کرد،

هەندێ جار حەزدەکەم

بچە جێگای نەورەسەکان

یان قەراغ دەریاکان،

تا باسی عەشقی تۆیان بۆ بگێڕمەوە

ئەمجارە کە هاتی،  هەموو هەنگاوەکانی دووری

کورت دەکەمەوە،

سێبەری سنەوبەرێکت بۆ دەکەم بە جێ  ژووان

تۆ پێکی لێوت بشکێنە

منیش سێوەکان دەکەم بە مەزە

تاسەی تۆم کردووە

دەمەوێ لەم ژووانە

جارێکی تر خۆشەویستیت

لە نێو دڵم تۆخ کەمەوە،

تۆختر لە خوێنە سوورەکەی دڵم

ئەی گیانی من.