فەرەیدون سامان

وێڕای ئەوەی کە دوو بەشی نیشتمانی کوردان لە دوای پەیماننامەی لۆزان کەوتە بەر سنووری دوو دەوڵەتی کۆلۆنۆلیستی عیراق و سوریای عەرەبی، هەر لەو سۆنگەیەوە لە ماوەی سەدساڵی ڕابردوو لە بەشێکی زۆری ناوچە کوردییەکان لەو دوو وڵاتەدا کایەکانی پەروەردە و فێرکردن و فەرمانگە میرییەکان بە ڕەسمی بە زمانی عەرەبی بوون، هەڵبەت زمانی عەرەبیش باگڕاوەندێکی ئایدۆلۆژی ئایینی لە پشتە، ئەویش زمانی قورئان و  ئایینی پیرۆزی مسوڵمانانە.

  بۆ کۆمەڵگای نەریتی کوردیش هەستێکی نامۆ نییە کە بە سانایی ئەو زمانە بە پیرۆز بزانێت و هەوڵ بدات خۆی فێربکات و تا ئەو ڕادەیەی کە زمانی دایکی خۆی فەرامۆش بکات، تەنانەت  زۆر لە میر و شێخ و سەیدەکان حاشای لەنەتەوەکەی خۆیان  بکەن و پاشناوێکی عەرەبی بۆ خۆیان هەڵبژێرن، بەشێک لەو تاکانەی کۆمەڵگاش پێیانوایە چونکە زمانی عەرەبی زمانی بەهەشتە، لە ژێر کاریگەری بانگەشەی هەندێ لە ڕەگەزپەرستانی نەتەوەی سەردەست و هەر بۆ دژایەتی زمانی کوردی هەندێ لەو بە ناو بانگەوازی مەژی کۆیلەکراو کە لە مینبەرو کەناڵەکاندا بڵاویان دەکەنەوە کە زمانی کوردی زمانی ئەعجەمییە، زمانی دۆزەخە.

 چونکە زمان یه‌کێکه له هه‌ستیارترین دیارده‌کانی نەتەوە و کاتێک له‌م سۆنگه‌یەوه مامه‌ڵه‌ی له‌گەڵدا ده‌کرێت. ده‌روازه‌کانی به ڕووی نوێگه‌ریی و زانست و  کولتووره‌کانی تریشدا داده‌خرێت و ئاخێوه‌ره‌کانی به‌رانبه‌ر به دونیای ده‌ره‌وه‌ی خۆیان لاڵ و بوغزاوی باردێنن. کاتی ئه‌وەش هاتووه که زمانی کوردی له کۆت و به‌ندی پیرۆزی و ئایدیۆلۆژی رزگار بکرێت، ئه‌وەش به‌ واتای ئه‌وه نییه که ڕاکێشانی سه‌رنجی دانیشتووانی نیشتمانی ئه‌م زمانه بۆ لای فێربوونی زمان و پاراستنی ناسنامەی خۆیان، به که‌ڵک وه‌رگرتن له هه‌ستی نه‌ته‌وه‌یی پێویست نه‌بێت، به دڵنیاییه‌وه ئه‌م ئه‌رکه تا کاتێکی نادیار هه‌ر لە ئه‌ستۆی گوتاری ناسیۆنالیزمه، هەرچەند لەنێوان دووکەوانەدا کە هێشتا (گوتاری ناسیۆنالیزمی کوردی ناکامڵە..).

نازانم کێ نووسەری ئەم چوارینەیە، بەڵام دەمێکە لەناو یادەوەری تاکەکانی ئەو نەتەوانە وەک گاڵتەجاری بە زمانی کوردی بڵاوبۆتەوە، کاتێ کە ڕەخنەشیان لێ دەگرین و  زاریان دەکەنەوە، بە درۆ و ڕیاکاری باسی هاووڵاتی بوون و دادپەروەری و برای ئایینی دەکەن:

اصل عربی است

توركی هنر است

فارسی شكراست

كوردی گوزی خر است.

ئەم حاشا لێکردن و پەرچەکردارانە هۆکاری ڕاستەوخۆن و  باندۆری لەسەر هێژموونی هەست و نەست و هزری مرۆڤی کورد هەبووە لەسەر ئاسمیلەبوونی ناسنامە و فەرهەنگ و زمانەکەی، لەو ڕەوشەدا لە ڕابردوو تەنانەت لە ئیستاشدا بە سەدان زانا و ئەکادیمی و هونەرمەندی ناودار و شاعیر و نووسەری گەورەی کورد زمانی شیرینی دایکیان فەرامۆش کرد و بە زمانی نەتەوەی زاڵ خزمەتیان بە رۆشنبیری ئەو نەتەوەیە کردووە.

*سەرنووسەری گۆڤاری زمانناسیی زمان و زار