دڵشاد حوسێن

 

گەڕاومەتەوە

لە هەنگاوێکی هەڵە

هەموو ماندوێتی دنیام لە کۆڵ ناوە

ڕێگامان سەختە و له هەر کوێ بین

بەشمەینەتی بانگمان دەکات

بازووت بکە پریاسکەیەک

برینەکانت بپێچەوە

ئێمە چین جگە لە ڕوحێکی تێپەڕ

بە لێواری قەدەر هەر ئەڕۆین و

خوێنمان لێ ئەچۆڕێ

 

لەم جیهانە کارەساتبارە

بە درێژایی ساڵانێکی تەرە و دوور

لەنێوان خولانەوە بە دەوری خۆمان و

دژبەر و دژباوەکان،

نائومێدی خەریکە سەرمان دەخوات

جگە لە بەردبوون شتێکی دیکە

بوونی نییە

هاوار بۆ کوێ بەرین

لە ماڵی خۆت لێت نەگەڕێن

پێ پەت و کۆچبار، دێکەمان

بۆنی جەنگ، دەنگی تفەنگ

ڕەنگی خوێنی هەڵگرتووە

 

ئەی خواوەندی ئەهریمەنەکان

ئێمە کەسمان نییە وەڵامی

پرسیارەکانمان بداتەوە

هەروەک دەڵێن

ئەم داگیرکەرە شەیتانزەدانە

گەر کەسیان دەست نەکەوێ

باوکی خۆیان دەکوژن،

زینا لەگەڵ بێچووە جنۆکەکانی

خۆیان دەکەن

ئەی ئەوەی لە سەرووی هۆکار و

ئەنجامەکانی،، پێیان بڵێ

ئێرە ماڵی ئێمەیە، گوندی ئێمەیە

خاک و ئاو و دار و بەردی ئێمە

کانیاو و ڕووبار و کێڵگە و ڕەز و

دار زەیتوون و داربەڕووی ئێمە

حەز ئەکەی

لە مەوداکان، لە ڕێگاکان

لە نەسیمی سپێدە، لە دۆند و

چیا سەرکەشەکان بپرسە

لە هەورەچەخماخە و بەرد و خوێن و

هاڵاوی جەنگی پادشا و مەمالیکەکان

لە حەشارگە و ئەشکەوتەکان بپرسە

من بنەچەم زاگرۆسیە

تەمەنم شەش هەزار ساڵە لێرە

دایکم ناوی میزۆپۆتامیایە

دووەم بێشکەی مرۆڤایەتی

ڕایژەنیوم

ژیاری نێوان دوو ڕووبار

بەری ڕەنجی باوانی منە

یەکەم فەرهەنگی زمانی گێتی

 وشەی بزماری من بوو

لەوەتەی هەم لە جنسی با و بارانم

دۆستی چیا و جوانی سرووشتم

من خۆم نا مێژوو و حیکایەتەکان

وا دەڵێن

ئەم خاکە ماڵی منە، وار و زێدی منە

 

بەڵام چیبکەم بە کێ بڵێم

کە تەمەنیشم شەش هەزار

ئەنکیدۆ و خەیرۆ و گەمژەیی و

نەزانی و خیانەتە

ئاخر بەکێ بڵێم،

بێگانە چۆن ئەبێتە خانەخوێ

،،کوا کوچک لە ئاگر گەرمترە،،

خاک بەسەر ئەو کەسەی

چاوی لە دەستی دوژمنە

 

بڵێم چی و بەکێ بڵێم ،،!!

من هەرێمی کوشتن و

جەنگەڵی ترس و دەریای گەندیم

برینم و لە وڵاتی چەقەنە و چەقۆ

هاتووم