
هاڤان محەمەد
وەرە با من و تۆ
دوور لە ژاوە ژاوی
مرۆڤەکان
پشوێک بدەین
لە ژێر سێبەری پەلکە زێڕینەی
دوای بارینی بارانێکی ئەم بەهارە
سەرچەفێک لە سەوزە گیا و
سەرینێک لە گوڵالە سوورە
تا هەردووکمان کۆکاتەوە
با زمانی جەستەش
دادوەرێک لە نێوانمان بکات
تۆ نیگاکانت بکە چرا
کە تاریکی هات
منیش لێوم دەکەم بە کانیلەی سۆز و
تا نەرم نەرم لێوت تەڕکات
من پەنجەکانم دەکەم بە شانە
تا لە نێو قژت سەما بکات
تۆش دەستەکانت بکە بە ستیانێک
با چاوی خۆر لە جیاتی تۆ سەیرم ناکات
تۆ بە عەتری هەناسەکانت دامپۆشە
تا غیرە لە تریفەی مانگ نەکەیت
منیش دەنگی خورپەکانی دڵم
دەکەم بە خۆشترین مۆسیقات.