
حەمەسەعید حەسەن
ڕۆماننووسین بریتییه له هونه‌ری گێڕانه‌وه و له بواری گێڕانه‌وه‌دا، هه‌ر نووسه‌ره و شێوازی خۆی هه‌یه. گێڕه‌ره‌وه که خودی ڕۆماننووس خۆیه‌تی له ڕۆمانی (ئه‌رزوحاڵنووس)ی (ئه‌لتاهیر بن جه‌للون)دا، وه‌ها باسی قاره‌مانه‌که‌ی ده‌کات: (هه‌میشه په‌له‌ی بوو، هێشتا به ته‌واوی نه‌گه‌ییشتبووه جێ، خۆی بۆ سه‌فه‌ر ئاماده ده‌کرد. پیاوێکی هێنده نائارام بوو، عاشقێکی هێنده به‌په‌له بوو، به ده‌م ڕاکردنه‌وه، خۆشه‌ویستیی ده‌کرد، ئاخر له هه‌ڵاتنێکی به‌رده‌وامدا بوو.) قاره‌مانی ڕۆمانه‌که‌یش که که‌م یان زۆری له که‌سایه‌تیی ڕۆماننووس تێدایه، ده‌ڵێت: (مامم نه‌یده‌ویست بمرێت، ئاماده نه‌بوو گیان به ده‌سته‌وه بدات، به درێژایی شه‌و، خه‌ریکی گوتوبێژ بوو له‌گه‌ڵ فریشته‌کاندا که بۆ لێ سه‌ندنی گیانی هاتبوون، وه‌لێ فریشته‌کان هیچ مۆڵه‌تیان نه‌دا، ئاخر گیان لێ سه‌ندن له کن وان، ئیشێکی ڕۆژانه‌ی ئاسایی بوو.)
هه‌رچه‌نده وا هه‌ست ده‌که‌ین، گێڕه‌ره‌وه‌ی هه‌موو شتزان و کاره‌کته‌ری سه‌ره‌کی، هه‌ردووکیان هه‌ر ڕۆماننووسن، که‌چی جارێک ڕۆماننووس قاره‌مانه‌که‌ی ده‌دوێنێت: (بۆچی باوکتت خۆش ناوێت؟ زۆر باسی دایکتت بۆ کردم، که‌چی هیچی وات ده‌رباره‌ی باوکت نه‌گوت. ئه‌گه‌ر به ده‌گمه‌ن باسی باوکت بکه‌یت، قسه ناکه‌یت، ده‌قیژێنیت، که‌چی که ده‌یبینیت، هێنده ڕێزی ده‌گریت، ده‌ستی ماچ ده‌که‌یت و له‌به‌ر چاوی جگه‌ره ناکێشیت.) جارێکی دیکه قاره‌مان خۆی ده‌په‌یڤێت: (حه‌ز ده‌که‌م بچمه ناوییه‌وه، حه‌ز ده‌که‌م بمخواته‌وه و قووتم بدات، تا له ناخیدا جێگیر ببم و دوور له چاوی خه‌ڵک له ناو ئه‌وه‌وه ده‌ست ده‌ربهێنم و مه‌مکی بگوشم.) یان: (سه‌رده‌مێک ئه‌رزوحاڵنووسی گه‌ڕۆک بووم، له‌م گونده‌وه بۆ ئه‌و گوند ده‌چووم و نامه‌ی دڵداریم بۆ ئه‌م و ئه‌و ده‌نووسی.)(١)
له ڕۆمانی ئه‌رزوحاڵنووسی ئه‌لتاهیر بن جه‌للونه‌وه، که مه‌رج نییه به ڕێکوپێکی، له سه‌ره‌تاوه بۆ کۆتایی بیخوێنینه‌وه، ده‌توانین له ناوه‌ڕاسته‌وه ده‌ست به خوێندنه‌وه‌ی بکه‌ین و دواتر بگه‌ڕێینه‌وه بۆ سه‌ره‌تاکه‌ی، فێر ده‌بین که (ئینسان خه‌ڵکی هه‌ر شارێک بێت، سینگی و سییه‌کانی پڕن له خۆڵ و دووکه‌ڵی ئه‌و شاره.) فێر ده‌بین که: (بێجگه له‌و چێشته‌ی دایک لێی ده‌نێت، هیچ خۆراکێکی دیکه به که‌ڵکی خواردن نایه‌ت) و (شاعیری ڕاسته‌قینه که‌سێکه، شیعره‌کانی زاده‌ی بوون و ژیانی تایبه‌تیی خۆی بن.)
شێوازی گێرانه‌وه لای ئیتالۆ کالڤینۆ ١٩٢٣ - ١٩٨٥ به‌وه‌دا ده‌ناسرێته‌وه که خه‌یال تێكه‌ڵ به دیرۆک و ئه‌فسانه تێکه‌ڵ به واقیع ده‌کات. گێڕه‌ره‌وه که یه‌کێکیشه له کاره‌کته‌ره‌کانی ڕۆمانی (سوارێکی نه‌بوو)(٢)ی کالڤینۆ که ساڵی ١٩٦١ نووسیویه‌تی، ده‌ڵێت: (من که ئه‌م چیرۆکه ده‌گێڕمه‌وه، ناوم خوشکه تیودورایه، ئاییندارم و له هه‌وادارانی مۆلۆمبانۆی پیرۆزم. بۆ نووسینی ئه‌م دێڕانه که له (دێر)ێکه‌وه ده‌یاننووسم، پشت به هه‌ندێک کاغه‌زی کۆن، سه‌رچاوه‌ی (ده‌م)ی و شایه‌تیی چه‌ند که‌سێک ده‌به‌ستم که له شوێنگه‌لی ڕووداوه‌کاندا ئاماده بوون. ئه‌وه‌شی ده‌رباره‌ی چیرۆکه‌که نایزانم، به پێی لێکدانه‌وه‌ی خۆم، ته‌واوی ده‌که‌م. ل٤٢)(٣)
ڕامباڵدۆ که یه‌کێکی دیکه‌یه له کاره‌کته‌ره‌کانی ڕۆمانه‌که ڕوو ده‌کاته ته‌رمێک و ده‌ڵێت: (ئه‌ی ته‌رم! بۆگه‌نێکت لێ دێت، له بۆگه‌نی پاشه‌ڕۆک پیستره، نازانم بۆچی هه‌مووان بۆت به‌داخن و دروودت بۆ ده‌نێرن؟ ئاخر تۆ چیت له من که‌متره؟ پێشتر خۆت ده‌جووڵایته‌وه، ئێستا له‌بری تۆ ئه‌و کرمانه ده‌جووڵێنه‌وه که له‌سه‌ر جه‌سته‌ت ده‌ژین. جاران قژ و نینۆکت درێژ ده‌بوون، ئێستا به هۆی لاشه‌ی تۆوه، گیا بڵند ده‌بێته‌وه. مانگا ئه‌و گیایه ده‌خوات، ده‌یکات به شیر که ده‌بێته خوێنی له‌شی ئه‌و منداڵه‌ی ده‌یخواته‌وه، که‌واته تۆ له من چالاکتری، ئه‌ی ته‌رم! ل٧٢)
له کالڤینۆ‌وه فێر ده‌بین که کرۆکی مۆراڵ له خۆشه‌ویستیدا چڕ ده‌بێته‌وه و مۆراڵ ئه‌وه‌یه به‌وپه‌ڕی بوێرییه‌وه ددان به (هه‌ڵه)ی خۆماندا بنێین و سه‌ر بۆ (ڕاست)ی ئه‌وی دیکه دابنه‌وێنین. ئه‌و خۆشه‌ویستی و بوێرییه هه‌ر کرۆکی مۆراڵ نین، نیشانه‌ی خه‌یاڵفراوانیشن، خه‌یاڵێک به شیعر ئاو درابێت. ددانپێدانان، هۆکارێکه بۆ ناخی خۆ خاوێنکردنه‌وه، گێڕانه‌وه له ڕۆمانی سوارێکی نه‌بووی کالڤینۆدا، که هه‌ر له ددانپێدانانێکی ڕاستگۆیانه ده‌چێت، بۆ پاکژکردنه‌وه‌ی ناخ، کۆمه‌ک به خوێنه‌ریش ده‌کات. چونکه شه‌ڕ له پێناوی ده‌ستکه‌وتدا بوو، کالڤینۆ هه‌وڵی بۆ ئه‌وه بوو، خه‌ڵک ئه‌و ئه‌فسانه‌یه‌ی ده‌یگوت: له‌شکری ئیمپراتور له پێناوی پاراستنی ئایینی مه‌سیحدا ده‌جه‌نگێت، به واقیع تێنه‌گه‌ن. کالڤینۆ جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌کات که نابێت ده‌سه‌ڵات و سامان، به‌های ئینسان دیاری بکه‌ن، به‌های ئینسان پێویسته به‌وه‌وه به‌ند بێت که چه‌ند خۆشه‌ویسته. خۆشه‌ویستی و زه‌بروزه‌نگ هه‌ردووکیان له نزیک ئینسانه‌وه‌ن، کاره‌سات ئه‌وه‌یه ئینسان نه‌توانێت سه‌ر به دنیای خۆشه‌ویستی بێت.
مینیمالیست که‌سێکه حه‌زی به‌وه نییه شتی زۆر هه‌بێت، ئاخر پێی وایه ئه‌گه‌ر خاوه‌نی شتی زۆر بێت، ئه‌وا شته‌کان ده‌بنه خاوه‌نی وی. ژماره حه‌وت لای مینیمالیست بایه‌خێکی زۆری هه‌یه و حه‌ز ده‌کات هه‌رگیز له حه‌وت شت زێتری نه‌بێت. ماکسێنس فێرماین، چونکه نووسه‌رێکی مینیمالیسته، ئه‌وه بۆیه له ڕۆمانه‌کانیدا هێنده گرنگیی به ژماره حه‌وت ده‌دات، ئه‌وه‌تا له (به‌فر)دا که هه‌م قاره‌مانه‌که‌ی شاعیره و هه‌م ڕۆمانێکه له شیعر، ده‌ڵێت: (یوکۆ عاشقی هونه‌ری هایکو، به‌فر و ژماره حه‌وت بوو، له ته‌مه‌نی حه‌ڤده ساڵییه‌وه به‌ڵێنی دابوو، هه‌ر زستانێک حه‌فتاوحه‌وت هایکو بنووسێت. ل٢٩)(٤) مینیمالیزم له ئه‌ده‌بدا ده‌ستگرتنه به وشه‌وه و پشتبه‌ستنه به ڕسته‌ی شیعری. نووسه‌ری مینیمالیست درێژدادڕی ناکات، ته‌نیا ئه‌وه ده‌ڵێت که پێویسته بگوترێت و لێ ده‌گه‌ڕێت، خوێنه‌ر ڕۆڵێکی چالاک له بواری ته‌واوکردنی چیرۆکه‌که‌دا بگێڕێت. ئه‌رنست هه‌مه‌نگوای و سه‌مۆیل بێكێت دوو نووسه‌ری مینیمالیست بوون و شیعری (عه‌درا پاوه‌ند) و (مه‌کسیم کارلۆس مه‌کسیم)یش ده‌که‌ونه خانه‌ی ئه‌ده‌بی مینیمالیزمه‌وه.
ماکسێنس فێرماین شێوازێکی هه‌یه سه‌رنجڕاکێش، هێنده ساده ده‌نووسێت و فۆرمێکی هێنده ئاسان هه‌ڵده‌بژێرێت، خوێنه‌ر سه‌رسام ده‌کات. بایه‌خێکی زۆریش به ڕه‌نگ ده‌دات، به‌فری سپی، که‌مانی ڕه‌ش و هه‌نگوینی زێڕین. خه‌ون لای ئه‌و ڕۆڵێکی گرنگ وازی ده‌کات و قاره‌مانه‌کانی دوای به‌دیهێنانی خه‌ونه‌کانیان ده‌که‌ون. (هه‌موو کتێبه‌کان له خه‌ونه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرن و هه‌موو خه‌ونه‌کانیش له کتێبه‌وه.) ئه‌و ته‌واو شاره‌زای ژینگه‌ی ڕۆمانه‌کانییه‌تی، هه‌موو ژیانت له به‌فرستاندا به‌سه‌ر بردبێت، دوای خوێندنه‌وه‌ی ڕۆمانی به‌فر، شتی تازه له باره‌ی به‌فره‌وه فێر ده‌بێت و لایه‌نی جوانی دیکه له به‌فردا ده‌بینیت. له ڕۆمانی که‌مانچه ڕه‌شه‌که‌دا، هێنده لێزانانه باس له دروستکردنی که‌مان و ژه‌نینی ده‌کات، هه‌ر ده‌ڵێیت، شاره‌زایه‌کی پرۆفیشیۆناڵی ئه‌و دوو بواره‌یه. له ڕۆمانی (هه‌نگه‌وان)یشدا، هێنده‌ی زانایه‌کی بواری په‌روه‌رده‌کردنی هه‌نگ، شاره‌زای جیهانی سه‌یر و ئاڵۆزی هه‌نگه. ڕۆمانه‌کانی ماکسێنس فێرماین ڕۆمانی کورتی تاکقاره‌مانن که به‌و کاره‌کته‌ره‌ی ده‌ست پێ ده‌که‌ن و هه‌ر به‌ویش کۆتای‌یان دێت، که له گوندێکه‌وه ده‌ست پێ ده‌که‌ن، هه‌ر له‌وێش به کۆتایی ده‌گه‌ن. ڕۆمانه‌کانی پشت به خه‌یاڵ ده‌به‌ستن و له بواری به‌گه‌ڕخستنی خه‌یاڵدا، هه‌ر ده‌ڵێت، قوتابییه‌کی لێهاتووی هۆمیرۆس یان دانتییه.
ئه‌گه‌ر پۆستمۆدێرنیزم له ئه‌ده‌بدا، له شێوازی نووسیندا چڕ بکه‌ینه‌وه، ئه‌وا ئه‌و تێکستانه‌ی جه‌یمس جۆیس و سه‌مۆێڵ بێکێت له نیوه‌ی یه‌که‌می سه‌ده‌ی بیسته‌مدا ده‌یانووسی، ده‌که‌ونه خانه‌ی پۆستمۆدێرنیزمه‌وه، وه‌لێ به‌رهه‌مه‌کانی تۆنی مۆریسۆن و نایپاوڵ زێتر له ئه‌ده‌بی سه‌رده‌می مۆدێرنیزم ده‌چن، ئه‌گه‌ر چی له کۆتایی نیوه‌ی دووه‌می سه‌ده‌ی ڕابردوودا نووسراون. ده‌توانین ڕۆمانی (ئولیس)ی جه‌یمس جۆیس، که ١٩٢٢ نووسیویه‌تی و مۆنۆلۆژێکی ناوه‌وه یان خۆدواندنێکی درێژخایه‌نه، به نموونه‌یه‌کی باڵای ئه‌ده‌بی پۆستمۆدێرنیزم ناودێر بکه‌ین.
وه‌ک ئیدوارد سه‌عید ئاماژه‌ی بۆ کردووه، زۆر لایه‌نی لێکچوو له نێوان ڕۆمانی (له‌ناو جه‌رگه‌ی تاریکیدا)ی جۆزێف کۆنراد و ڕۆمانی (وه‌رزی کۆچ به‌ره‌و باکوور) ئه‌لته‌ییب ساڵح هه‌یه، بێ ئه‌وه‌ی نووسه‌ری دووه‌م، به‌رهه‌مه‌که‌ی نووسه‌ری یه‌که‌می خوێندبێته‌وه. له‌نێوان که‌مانچه ڕه‌شه‌که‌ی ماکسێنس فێرماین و (شاری مۆسیقاره سپییه‌کان)ی (به‌ختیار عه‌لی)یشدا، شتگه‌لی هاوبه‌ش زۆرن، وه‌لێ ئایا ئه‌وه ته‌نیا ڕێکه‌وته و هیچی تر، یان نووسه‌ری دووه‌م، لای که‌م سوودی له ڕۆمانه‌که‌ی نووسه‌ری یه‌که‌م وه‌رگرتووه؟ ئه‌گه‌ر به‌راوردێک له نێوان ئیشه‌کانی پاولۆ کۆیلۆ و ماکسێنس فێرمایندا بکه‌ین، به ئاسانی ئه‌وه‌مان بۆ ده‌رده‌که‌وێت، که نووسه‌ری دووه‌م کاریگه‌رییه‌تییه‌کی زۆری نووسه‌ری یه‌که‌می له‌سه‌ره و هه‌ست ده‌که‌ین شێوازی گێرانه‌وه‌ی فێرماین زۆر نزیکه له هی کۆیلۆوه.
وه‌رگێڕی ده‌ستپاک که‌سێکه گلۆکالیست، ئه‌وه نییه لۆکاڵ به گڵۆباڵه‌وه گرێ ده‌دات؟ ئایا وه‌رگێڕی ناپاک، ته‌نیا ئه‌و وه‌رگێڕه‌یه که جه‌للادێک له ئۆرجیناڵدا، وه‌ک قوربانی له وه‌رگێڕاندا نیشان ده‌دات؟ یان: ئایا وه‌رگێڕی ناپاک، ته‌نیا هه‌ر ئه‌و وه‌رگێڕه‌یه که پاکیزه‌یه‌ک له ئۆرجیناڵدا، وه‌ک بازرگانێکی بواری سێکسفرۆشی له وه‌رگێڕاندا ده‌خاته ڕوو؟ یان ئه‌و وه‌رگێڕه‌شه که ڕسته‌یه‌ک فه‌رامۆش ده‌کات؟ یان ئه‌و وه‌رگێڕه‌شه که مانای وشه‌یه‌ک ده‌شێوێنێت؟
(په‌یکه‌رێک سه‌هۆڵی به‌ستوو. ل٢٧) هه‌موو سه‌هۆڵێک هه‌ر به‌ستوویه‌تی، ئه‌گه‌رنا پێی ناگوترێت سه‌هۆڵ. (یۆهانز هه‌ڵوه‌دای به‌دیهێنانی ئاره‌زوویه‌کی بێشوماری ناو دڵی بوو. ل١٣٥) بێ‌شومار به مانای له ژماره نه‌هاتوو دێت. که تاقه ئاره‌زوویه‌ک بێت، ئیدی چۆن بێشوماره؟ (ئه‌مه ڕێوڕه‌سمی گیانه‌ڵڵای مه‌رگ بوو. ل١٤١) چونکه گیانه‌ڵڵا به مانای سه‌ره‌مه‌رگ دێت، بۆیه ئه‌و (مه‌رگ)ه له‌و ڕسته‌یه‌دا زیاده‌یه. هه‌ق نه‌بوو وه‌رگێڕێکی لێزانی وه‌ک ئازاد به‌رزنجی ئه‌و شته ئاسانانه‌ی به‌سه‌ردا تێبپه‌ڕێت و هه‌قیش نه‌بوو به‌وه قایل ببێت، ئه‌و سێ ڕۆمانه جوانه، هێنده ناشیرین چاپ بکرێن.
*
(١) الطاهر بن جلون، الکاتب العمومی، ترجمة: علی پاشا، ورد للطباعة ١٩٨٨ دمشق.
(2) Den obefintlige riddaren.
(٣) ایتالو کالفینو، الفارس الخفی، ترجمه: معن مصطفی الحسون، دار حوران للطباعة ٢٠٠٣ دمشق.
(٤) ماکسێنس فێرمین، سێ ڕۆمان: به‌فر، که‌مانچه ڕه‌شه‌که و هه‌نگوین، وه‌رگێڕانی بۆ فارسی: د. ئه‌حمه‌د سه‌لامه‌ت ڕاد، له فارسییه‌وه بۆ کوردی: ئازاد به‌رزنجی، چاپخانه‌ی ڕه‌نج ٢٠٠٦ سلێمانی.)