
فەرەیدوون سامان
ئەمڕۆ زمانی کوردی لە ئاست هێژموونی سیاسەتی پاکتاوی نەژادی گەلانی سەردەست کە مخابن لە دوای پەیماننامەی لۆزان بە ناهەق کوردستانیان بەسەردا بەشکرا، لە هەموو دەلیڤەکانی پەروەردە و فێرکردن، هۆکارەکانی سۆسیالمیدیا و سایبیری، فەرمانگە حکومییەکان، تەنانەت زار و بنزار و دەڤۆکەکانیش، ڕووبەڕووی جینۆسایدی کولتووری بۆتەوە.
جینۆسایدی کولتووری جۆرێکە لە جینۆسایدی ناسنامەی نەتەوەیەک لە داگیرکردنی هزریی جڤاک و ئاوەزی تاکەکان و گۆڕانکاریی دیمۆگرافی لەسەر خاکی نیشتمانەکەیان، لە هەمووشی سەختتر کە خۆی لە شەڕی تایبەت و ئاسمیلاسیۆنی زمانی نەتەوەیەک دەبینێتەوە، لە هەڕەشەی زمانی نەتەوەی سەردەست و بەزۆر سەپاندنی زمانی نەتەوەی داگیرکەر و خوێندنیان لە بوارەکانی پەروەردە و فێرکردن و هاوکات پەڕاوێزخستنی زمانی نەتەوەی بندەست لە بوارەکانی پەروەردە و فێرکردندا، تەنانەت لە گشت بوارەکانی ژیانی نەتەوەکە، کە لە ئەنجامدا نەوەیەکی نەشارەزای لە زمانی دایک بەرهەم دەهێنیت.
هیچ نەتەوەیەك نییە جگە لە کورد كە سیاسەتێكی زمانی و نەتەوەیی روونی نەبێت و لە هەمانكاتیشدا دەزگای جۆراجۆری دانەمەزراندبێت بۆ گەشەپێدانی زمان و پاراستنی، بۆیە بە داڕشتنی سیاسەتێكی نەتەوەیی زمانی و پێكهێنانی دەزگای تایبەت بۆ پاراستن و گەشەپێدانی زمانەكەمان، بڕیارێکی سیاسی یەکلاکەرەوەیە لەم قۆناغەدا و یەكێكە لەو رێگاچارەسەریانەیە، چونكە ئەمڕۆ لە كۆمەڵگای كوردەواریدا وێڕای ئاژاوەی سیاسی، ئاژاوەیەكی یەكجار گەورەش هەیە لە بوارەکانی رووناكبیری، ئەدەبی، ئابووری، ئەم ئاژاوەیە زۆر بە زەقی لە زمانیشدا دەردەكەوێت، کە وێڕای فرەزاری لە بوارەکانی پەروەردە و فێرکردن، لە کەناڵەکانی ڕاگەیاندن و سۆسیالمیدیادا، تەنانەت لە فەرمانگە حکومییەکانی وەک دادگایەکان، ڕۆژانە وشە و دەستەواژە و زاراوەی نوێی هزری، فەلسەفی، زانستی، تەكنیكی، رووبەڕوومان دەبنەوە، هەركەسە و بە ئارەزووی خۆی وشەیەك دادەتاشێ و زۆرجاریش وشە هەڵەكە دەڕوات و لای زۆربەی خەڵك دەبێتە هەڵەیەكی باو و زاڵ.
لە هەرێمی کوردستاندا نەبێت، لە هەموو وڵاتێكدا دەزگای تایبەت بە ئاساییشی زمان هەیە، هیچ دەزگایەک تەنانەت كەسێك بۆی نییە بە هیچ شێوەیەك لەلای خۆیەوە، بە زمانی گوند، یان خێڵ و ناوچەکەی بنووسێت و بئاخڤێت و بە ئارەزووی خۆی بێت و بڕیار بدات و وشە و زاراوە دابتاشێ، ئەمە ئیستاتیکای زمان ناشیرین دەكات، زەوقی خەڵك تێكدەدات، زمان تێكدەدات. هەروەها لە مەسەلەی ڕێنووسدا لە ڕستەبەندیدا و لە زۆر بواری دیكەی زمانەوانیدا، بە ڕاستی گرفتێك دروست بووە بۆ زمانەكەمان لەبەر ئەوەی بەداخەوە دەڵێم زمانی كوردی، زمانێكی بێ خاوەنە و سەرباری بە فەرمی ناسینی لە دەستووری نوێی عیراقی دوای ڕژێمی سەددامدا، تاكو ئێستا هەوڵی جیددی بۆ ستانداردکردنی نەدراوە. ئەدی گاڵتەجاری نییە هەر ناوچەیەک، هەر شارۆچکەیەک، لە هەر ڕۆژنامە و گۆڤارێک، هەر ڕادیۆ و تەلەفزیۆنێک، کاکی نووسەر یان بێژەر بە زمانی لۆکاڵی خۆی دەنووسێت، دەئاخفێت؟
بەڵێ چونکە هێشتا کورد قەوارەی نەتەوەیی سەربەخۆی نییە، بۆیە زمانی نەتەوەی سەردەست کاریگەری راستەوخۆی لەسەر زمانی کوردیدا نەخشاندووە، لە هەر بەشێکی کوردستاندا وشە و زاراوەگەلی زمانی فەرمی ئەو نەتەوەیە خزاوەتە ناو زمان و زارە کوردییەکان، ڕاستییەكەی جارانیش و ئێستاش، هیچ كولتوور و نەتەوەیەك نەبووە لەناو قەڵایەكی داخراودا بێت و دووربێت لە كاریگەری و كارتێكردنی كولتوور و زمانی خەڵكیتر، لەبەرئەوە زمانەكان كار لە یەكتر دەكەن، ئەو زمانەی زۆرتر بەرهەمی ئەدەبی و زانستی پێ نووسراوە و زیاتر دەرفەتی گەشەكردنی بووە، زمانەكان بە شێوەیەكی سروشتی و ئاسایی لە ڕێگەی ئەو زانین و زانیاری و بەرهەمە ئەدەبییانەی كە هێناویانەتە بەرهەم، كاریگەری خۆیان لەسەر یەكتری دادەنێن، لەبەرئەوە شتێكی زۆر سروشتییە كە ئێمە لە زمانانی ترەوە وشە بخوازین، پێشتریش خواستوومانە، وەک چۆن گەلانی تریش بە بە هەزاران وشەیان لە زمانی ئێمە خواستووە، ئێمە دەبێ باوەڕمان بە زمانی خۆمان بێت، باوەڕمان بە ناسنامە و کولتووری ڕەسەنی خۆمان هەبێت، وشەیەك كە لەگەڵ زمانەكەمان و سیستمی دەنگی دەگونجێت و مانای خۆی دەگەیەنێت و لە كوردیدا نیمانە دەبێت بە بوێرییەوە وەریبگرن.
ئیتر کاتی ئەوە هاتووە حکومەتی هەرێمی کوردستان بەرپرسانە مامەڵە لەگەڵ ئەو کێشەیە بکات و زمانی کوردی بکاتە زمانی سەرجەم کایە بازرگانی و گەشتوگوزارەکان، هەر کەسێکیش یان دەزگایەک، هوتیل تەنانەت ریستۆرانتیکیش سەرپێچی کرد ڕووبەڕووی سزای یاسایی بێتەوە، بێگومان ئەگەر یاسا سەروەر بێت..
هەبوونی ئەو هەموو کەناڵە میدیاییانەی کە لە هەرێمی کوردستاندا و لە دەرەوەشدا هەن، بە کەناڵی کوردییەکان و (بە کەمینە نەتەوەکانی وەک تورکمان و ئاشووری) و هەروەها بە کەناڵە ئایینەکانی وەک (کەناڵە ئیسلامی و کریستانی و ئیزیدییەکان...) تەنانەت لە وڵاتانی دراوسێ و ئەوروپاشدا و هەبوونی چەندان سەنتەر و ڕێکخراوی زمانناسی و ڕۆژنامەوانی و چاپەمەنی، بە دەزگا فەرمییەکانی وەزارەتگەلی پەروەردە و فێرکردن و خوێندنی باڵا و ڕۆشنبیری و لاوان، وێڕای بە ڕەسمی ناساندنی زمانی کوردی لە دەستووری عیراقدا و لە کوردستانیش وەک زمانی فەرمی یەکەم، بەڵام بۆچی هێشتا زمانی کوردی نەبووە زمانی پێوەر و هاوبەشی هەموو پێکهاتە ئیتنیکییکانی وەک (سۆرانی و بادینی، زازاکی و کورمانجی، هەورامی و لەک و لوڕ و کەلهور)، هەروەها نەبۆتە زمانی ئەدەبی یەکگرتووی هەموو ناوچە و بەشە جیاوازەکانی کوردستان؟
ئایا کێشەکە هەر لەوەدایە کە کوردستان وەک خاک و نیشتمان داگیرکراوە و زمانەکەشی بە دەستوور و یاسا لە بوارەکانی پەروەردە و فێرکردن و فەرمانگە حکومییەکانی ئەو وڵاتانەی کوردستانیان بەسەردا بەشکراوە، قەدەغەکراوە، یان هۆکاری سەرەکی و بنەڕەتی هەر بۆ بەدبەختییەکەی کورد خۆی بووە و نەیتوانیوە وەک گەلانی ژێردەست بایەخ بە زمانی ستانداردی خۆی بدات و میراتێکی فەرهەنگی نەتەوەیی بۆ نەوەکانی داهاتووی بەجێ بهێڵێت.
بە نموونە لە سییەکانی سەدەی ڕابردوودا میر جەلادەت بەدرخان بە کاریگەری ئەلفابیتای تورکی ئەتاتورک و بە فیتی فەرەنسییەکان کە ئەوسا وڵاتانی سووریا و لوبنان لەژێر دەسەڵاتی ماندێتی کۆلۆنییاندا بوو، بۆ یەکەمجار لە مێژووی هاوچەرخدا ڕێنووسی زمانی کوردییان دوولەت کرد بۆ (کورمانجی لاتینی) و تیپی (ئارامی- عەرەبی)، لە ئەنجامدا دیوارێکی پۆڵاینییان لە نێوان کوردانی باکوور-ڕۆژاوا- قەفقاس لەگەڵ کوردانی باشوور- ڕؤژهەڵات درووست کرد.
ئەم دیوارە نەفرینە بووە هۆی ئەوەی پتر لە سەدەیەکە کوردانی ئەو هەرێمانە نەک هەر نەتوانن بەرهەمی هزری و ئەدەبیاتی کلاسیکی یەکتر بخوێننەوە، بەڵکو ئیستا نەوەیەک درووست بووە بە هیچ کلۆجێک ئاگایان لەبەرهەمی داهێنراوی نووسەرانی بەشەکانی تر نییە، بە ڕادەیەک زمانی کوردییان وەها لە یەکتر دوورخستەوە، کە تەنانەت هاووڵاتیيانی کوردی ناوچەکانی خۆشیان نەتوانن شاکارەکانی مەلای جزیری و فەقێی تەیران و ئەحمەدی خانی...تد بخوێننەوە.
ئەنجامێکی نەگەتیڤی تریش کە مخابن لە ژێر باندۆری بۆچوونی نازانستی و تەنانەت هەواڵگریانی هەندێ لە ڕۆژهەڵاتناس و کوردناسە ڕۆژاواییەکان، ئێستا هەر بەشێک با زۆر کەمیش بێت، لە زمانناسە ئەکادیمییە کوردەکانیش زاراوەی (زمانە کوردییەکان) نەک (زمانی کوردی) بەکاربهێنن. هەر بۆ نموونە خوێنەرانی هێژا دەتوانن بۆ نووسینەکانی ئەمیری حەسەن پوور و جەعفەر شیخولئیسلامی و شاسوار هەرشەمی و جەلیل عەباسی بگەڕێنەوە، کە باشترین بەڵگەن بۆ قسەکانم.
لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ناوچە کوردنشینەکانی مازەندەران و خوراسان و ئەو ڕۆشنبیرە کوردانەی وەک خاتوو موژگان کاوسی و زارا محەمەدی کە هەوڵی نووسین بە زمانی کوردی دەدەن دەخرێنە زیندانەوە، کەچی (بەشێک با کەمیش بێت ) لە نووسەرانی زاری هەورامی و لەک و لوڕەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە ئاشکرا و جیاواز لە زمانی کوردی، بانگەشەی سەربەخۆیی زار و بنزارەکانیان دەکەن و هەڵبەت بە پاڵپشتی و مۆری ئەنجوومەنی میراسی فەرهەنگی ئیران وەکو (زبان گوران) خۆیان دەناسێنن، هەر لەو ساڵانەی ڕابردووشدا بە دەیان کەناڵی ویبسایت و تەلەگرامییان بۆ خۆیان ڕێکخستووە و بە ئاشکرا دژایەتی زمان و فەرهەنگی کوردی دەکەن و تەنانەت لەلایەن زانستگاکانی ئێرانەوەش چەندان بڕوانامەی باڵای ماستەر و دوکتۆرایان پێبەخشراوە.
لە دەیەکانی سەدەی ڕابردووشدا بەشێک لە زازاکییەکانی باکووری کوردستان بەتایبەت ئەوانەی لە هەندەران دەژین لەژێر باندۆری تیۆرە سەقەتەکەی مەکەنزی و مینۆرسکی، هەمان بانگەشەیان بۆ سەربەخۆیی زاری زازاکی هەبووە، لە هەوڵی ئەوەدان زاری دملکی – زازاکی وەک زمانێکی جیاواز لە زمانی کوردی بناسێنن، لە کاتێکدا زۆرینەی سەرکردە سیاسییەکانی باکووری کوردستان وەک شیخ سەعیدی پیران و سەید ڕەزا و تەنانەت سەلاحەددین دەمیرتاشیش لە کوردانی دملکی (زازاکی)ن.
بیلال زیلان نووسەری باکوری کوردستان دەڵێت: ل باکوری کوردستان رەوشی دملی (زازاکی) و کورمانجی کە دوو زاری کوردی سەرەکی تێن قسە کرن، قەدەخەکرنی زمانی کوردی کە پاش دامەزراندنی دەوڵەتی نوێی ترکیا دەست پێکرد، ب قانوونێ ئەساسی، ھاتە سیستەماتیزە کرن ھەر چەند ئەمڕۆ ھن قەدەخەیێن زمانی ھاتنە سستکرن ژی، وەلێ کوردی ستاتویەکی فەرمی نییە و پرسی پەروەردە و خوێندنی سەرەتایی بە کوردی، تونەیە.
ل گۆر لێکۆلینێن جودا و ب تەجروبەیێن شەخسی ئەم کارن بێن کو وەندابوون یان ئاسیمیلەبوونا زمان ئێدی گھیشتیە ئاستەکە جدی و گھاندنا زمان ژ بۆ نفشێن نوو ژ % ٦٠ داکەتیە؛ ئەڤ رەوش ژ بۆ دملی خراپترە. ھەلبەت وندابوونا زمان ل ناڤەندێن باژاران ژ گوندان زێدەترە. پرانیا زارۆکێن کورد نھا ب دوو زمانی (کوردی و ترکی) ئان ژی تەنێ ب ترکی مەزن دبن. د مالباتێن دوو زمانی دە ژی ترکی ل زەرارا کوردی زێدە دبە و کوردی ل مالێ دھێلە.
لە هەرێمی کوردستانیشدا سەرباری بە فەرمی ناسینی زمانی کوردی و کارپێکردنی لە بوارەکانی پەروەردە و فێرکردندا، ئەگەرچی چاوەڕوان بووین لانیکەم فۆرمێک لە پەروەردەی زمانی بۆ پارچەکانیتری کوردستان بەرهەم بهێنێت، کەچی دەرکەوت دامەرزراوە ئەکادیمی و زمانناسی و کولتوورییەکان ناتوانن بۆ خۆیشیان ئەوە بکەن، ئێستا لە بواری پەروەردە و فێرکردندا لەو دوو دەڤەرەی بادینان و سۆران بە دوو بنزاری کوردی باکوور و ناوەند دەخوێنرێت، هەڵبەتە لە دەڤەری بادینان (بەتیپی عەرەبی بنزاری بادینی دەخوێنن)، چەند ساڵێکیشە هەوڵی بەردەوام هەیە کە بە بنزاری هەورامی- زاری گۆران لە دەڤەری هەورامان ئەو بنزارە بخرێتە بواری پەروەردەو فێرکردنەوە. وەک چۆن لە کاتی خۆیدا بە بڕیارێکی ئەنجوومەنی پارێزگای دهۆکدا، بنزاری بادینی- زاری کورمانجی خرایە بواری پەروەردەو فێرکردنەوە، ئەنجامەکەشی ئەوەبوو کە تا قۆناغی خوێندنی باڵا پەرەی پێدرا. من دەپرسم ئایا لە کوێی دنیادا هەبووە لە هەرێمێکدا بە سێ زاری زمانی نەتەوەیێک بۆ هەر ناوچەیەک پێویستە و بڕیارێکی سیاسی هەیە بخوێنرێت و بنووسرێت، تکایە نموونەیەکم بۆ بهێننەوە؟
با بگەڕێمەوە سەر ڕۆڵی سۆسیالمیدا لە گەشەپێدانی زمانی کوردی یان پێچەوانەکەی، وێڕای هەبوونی ئەو هەموو کەناڵانە کە دەسکەوتێکی گەورەی ڕاگەیاندنن، بەڵام هەڵە و شێواندنی رێزمانیی لە و کەناڵە میدیایی و چاپەمەنییەکان و تەنانەت لە تابلۆ دیار و گەورەکانی ناو شارەکاندا دەبینرێن، کە نیشاندەری ئەو پەروەردە بێ پلانەیە کە هێشتا بەشێکی خەڵک تەنانەت رۆژنامەنووسان و میدیاکارانیش نازانن بە کوردییەکی پەتی و ڕەوان بنووسن، لەوەش گرینگتر هەر بەلایانەوە گرینگ نەبێت چۆنی دەنووسن و بۆچی دەینووسن و بۆ بنووسن، واتە پەرۆشی زمانی کوردی لە ئاستێکی زۆر خوار و نزم دایە.
لە هەموویشی مەترسیتر هەبوونی ئەو هەموو خویندنگا تایبەت و ئەهلییانەیە بەتایبەت ئەوانەی کە سەرجەم وانەکانیان بە(زمانی ئینگلیزی) دەخوێنرێن، لەپاڵ ئەوەشدا زمانی کوردی تێدا پەراوێزخراوە و هەژموونی زمانی ئینگلیزی بەسەردا زاڵ بووە، هەڵبەت لە داهاتوودا نەوەیەک پەروەردە دەکرێت نامۆ بە زمانی دایکی خۆی و کولتوورەکەی دەبێت.
ئەمڕۆ زمانی کوردی لەبەردەم دوو ڕەوشی گەورەی جیهانگیریی دایە، یەکەمیان ئەوەی کە ئەم زمانە لە ڕووبەڕوو بوونەوە دایە لەگەڵ جیهان و مەعریفە و زانستی نوێ، هەوڵی خۆی دەدات کە ببێتە زمانحاڵی دروست و بەپێی توانای ئاخێوەران و هەموو ئەوانەی قسەی پێدەکەن.
دووەمیان ئەوەی کە زمانی کوردی سەرەڕای ئەوەی کە بە هۆی داخراویی و رۆحییەتی دەمارگرژی سنوورەکانی کرانەوە بەرەو ڕووی جیهاندا دادەخات، تووشی شێوەیەک لە فامکردنی خێڵەکی و گوندەکییانە دەبێتەوە کە درێژەی ئەو ژیانە لۆکاڵی و داخراوەیە و لەمپەرن لەبەردەم توانستی گەشەی زمانی کوردیدا، لە هەردوو ڕەوشەکەش جیاواز لە هەموو ئەو کێشانەی کە ڕووبەڕووی زمانی کوردین. هەر بۆ میناک و بەس لە کەناڵە میدیاییەکانی وەک (ڕووداو و کوردسات و ستێرک. تی. ڤی) بێژەر، ئامادەکار یان میوانێکی بەرنامە کە بە زمانی ناوچە یان خێڵەکەی خۆی قسەی دەکات بەو مانایە نییە کە زمان دەزانێت، بەڵکو ئەمە سروشتیترین و سادەترین و لەهەمان کاتیشدا "بنەڕەتیترین" حاڵەتی فێربوونی زمانە، بەڵام ناتەواو و نیوەچلە ئەوە ئەرکی دەزگا ئەکادیمییەکان و زمانناسان و ڕووناکبیرانی نەتەوەیە بەجددی کار بۆ گەشەپێدانی زمانی یەکگرتووی کوردی بکەن و لە هەڕەشەکانی جینۆسایدی کولتووری بیپارێزن.
*سەرنووسەری گۆڤاری زمانناسی ( زمان و زار