
بەشی پێنجەم
- كە شار هەستایە پێ، دەبێ بیسەلمێنێ زانا و شارستان و باڵادەستە، بۆ ئەوەش، هەموو ڕێگایەك بەكار دێنێ. قەڵادزێ هەستایە پێ، لەناو چەند گەڕەكێكی قوڕ و خواروخێچدا سەری دەرهێنا، وەك بۆق، یان كیسەڵێك لەناو لم و لیتاودا سەر دەربێنێ.
- ژیانی ڕۆژانەی خۆی خستە سەر پارە پەیداكردن، واتا چاوەڕێی باران و شینبوونی گەنم و پێگەیشتنی تووتنی نەدەكرد و ڕۆژانە دەبوو پارەی ژیانی پەیدا بكات، هەر بەرخەكەی لادێ بوو قەساب سەری دەبڕی و كەبابچی بە هێندێك تەڕەپیازەوە بە لادێیی و فەرمانبەرانی شاری دەفرۆشتەوە و نانی خۆی لێ پەیدا دەكرد.
بێ حیكمەت نابێ ماندووبوونی شارییان لە كاتی تەنگانەدا بگێڕمەوە، تاكە دەستی نان پەیداكردنی خێزانی شاری (لە بەشی زۆر كاتدا یەك تاكەكەس بوو) كە ئەو تاكەكەسە پەكی دەكەوت، یان كۆچی دوایی دەكرد، خێزانەكە دەكەوتەوە حاڵەتی (مەمرە و مەژییەوە!) مردنی كاسبكاری خێزان، مردنی خێزانەكە بوو.
هەر بۆ نموونە، ژنێك، كە بە مانای وشە ژن بوو، كاتێك مێردەكەی لەوپەڕی پێویستیدا كۆچی دوایی كرد، ژنە تەنیا و بێدەرەتان، یەكباڵ ژیانی چوار كوڕی منداڵ و دوو كچی كەوتە سەر شان، ئەو ژنە دەستی لە ژیان بەرنەدا و شار فێری كردبوو كە دەبێ متمانە تەنیا بە خۆی بكات، دەكرا منداڵە گەوەركەی بكاتە قوربانی، یان هەموو كوڕەكانی بكاتە قوربانی و كاریان پێ بكات، ئەو وای نەكرد، شار و قوتابخانە و فێربوون ئەوەیان لێ قبووڵ نەدەكرد، لەناو شار هەر بە سوێركردن و برژاندن و فرۆشتنی ئەو گوڵەبەڕۆژەی لە جووتیارەكانی دەكڕییەوە، منداڵەكانی بەخێو دەكرد و دەشیناردنە قوتابخانە و خەرجیی خوێندن و خواردن و جلوبەرگی بە هونەرێك دابین دەكردن، كە لە گوڵەبەڕۆژە برژاندنەكەیدا بەخەرجی دەدا. گوڵەبەڕۆژەی برژاوی پوور خەیاڵێ ببووە ماركە و وێنەی نەبوو. كوڕەكانی ئەویش یەكەم دكتۆرا و یەكەم ماستەریان لەسەر ئاستی شارەكە بەدەست هێنا. منیش ناحەقم نییە تا ئێستا بۆنی گوڵەبەڕۆژەی برژاو لە نامەی ماستەر و دكتۆرا دەكەم.
- دیوێكی دیكەی شار، قۆشمەیی و گاڵتەچییەتی و قسەی خۆشە، ئەو دیوە لە هەموو گوندەكانی پشدەرێ هەن، بەڵام لە قەڵادزێ دەكەوێتە سەر شەقام، ڕووحییەتی قسەخۆشی لە هەموو كەسدا هەبوو، بەڵام دەركەوتنی لە كەسێكەوە بۆ كەسێكی دیكە جیاواز بوو. ڕاستە گوندەكانی بە قسەی ڕووت زیاتر بەناوبانگ بوون، دەشێ بشڵێین قسەی بێ پەردە.
- لێكۆڵینەوە زانستییەكان زۆر دوای قەڵادزێ و پشدەر لە سوود و كاریگەریی قسەی خۆش گەیشتن، زۆر درەنگ زانییان ئارامی و پتەویی ناخی ئینسانەكان لە دەربڕینە بەتوێكڵ و گاڵتە ئامێزەكاندایە. تا ئێستا دەفتەر و شاشە ئەوەندەی دڵی پشدەرییەكان فراوان نییە، تا ئەو ڕووحییەتە قۆشمەیە وەك خۆی لەخۆ بگرێت.
- زۆر لە شارەكان خنكانێكی كۆمەڵایەتی و داخرانی دەروونییان دروست كرد، بۆ نموونە، لە بەشی زۆری شارەكانی كوردستان تا ئەمڕۆش، لەبەر پێویستیی كۆمەڵایەتی، یان ئارامی و تاكپەروەری لە ماڵەكانیان، ژووری زۆر و دیوەخان دروست ناكەن، بەڵكوو دیوەخانیان بۆیە دروست كرد، تا سنووری پیاو و ژن لێك جیا بكەنەوە.
تا ئەمڕۆش لە شارە داخراوەكان ژن میوان نابینێت و بۆی نییە لەو ڕووداوە كۆمەڵایەتییەی ماڵەكەی بەشدار بێت (كە سەردانی و میوانییە)، كەچی نەك لەناو شاری قەڵادزێ، كە لەندەنە، لە گوندە دوورەدەستەكانیشی ماڵ هی هەموان بووە، هەموو چالاكییەكی خێزانی ژن تێیدا بەشدار بووە، میوان بە هەر بیانوویەكەوە هاتبێ، میوانی هەموان بووە. ئەگەر پێناسێكی شارەكانی ئەمڕۆش لە ڕووی كۆمەڵایەتییەوە بكەم، ئەوەیە (شارەكان كۆمەڵە گوندێكی داخراون بەپاڵ یەكەوە).
- با بگەڕێینەوە ئەو شوێنەی، كە كرانەوەی گوندەكان و ڕووحیەتی شارییانەی دانیشتوانی قەڵادزێش یەكیان دەگرتەوە و مۆدیلێكی تازەی گاڵتە و قۆشمەییان بە ئەتەكێتەوە دادەهێنا. مامۆستا هەژار شتێكی لەو قۆشمەیی و زمانە گاڵتەئامێزە، لە هەمان كاتدا جدییە، لە (چێشتی مجێور)دا بەكار هێناوە. ئەو زمانەی هەژار نوێنەری تەواوی زمانە گاڵتەئامێزەكەی قەڵادزێیە.
لایەنی دڵڕەقیی قەڵادزێ لە پیاوە قۆشمە توند و شەلاتییەكانیدا بوو، ئینجا شار بەپێچەوانەی گوندەوە، سەرەڕای پیاوماقووڵ و نانبدە و بەخشندەیی و زانا و شێت و وەلییەوە، دەبوو شەلاتییشی هەبێ، ئەو شەلاتییانە دەردیان دەدا خەڵكی گوند، كە سەرچاوەی بژێویان بوون.
هەر بۆ نموونە، كاتێك كابرای هەڵشۆیی بارەدار و ترێ و هەنجیری پڕ لە شیلەی بۆ قەڵادزێ دەهێنا، (ئاخر ئەو هەڵشۆییانە هەرگیز نەیانتوانی هێشوە ترێیەك، یان چنگە بەفرێكی نێوچاڵە بەفران لە چلەی هاوینێ بەبێ قەڵادزێیان بخۆن) دوكاندارەكان بۆیان دەفرۆشتنەوە و قازانجیشیان لێ دەكردن و پیر و منداڵیش دەمیان شیرین دەبوو و كەللەیان فێنك، كە كابرای هەڵشۆیی كەرەكەی لە پەنایەك دەبەستەوە، تا لوولەكەبابێك بخوات، كوڕە چەتوونێك هەر خێرا پەتی ملی كەرەكەی دەكردەوە و بەرەڵای دەكرد و جا هاواری دەكرد ”هەڵشۆیی كەرەكەت ڕۆیی“ تا كابرای هەڵشۆیی سادە تێدەگەیشت، كەتنی شەلاتییانە و گاڵتەیان پێی كردووە، بیست گوریس غاری دابوو.
- دەڵاڵێك، كە كەس نەیدەپرسی خەڵكی كوێیە، ببووە شاری و لەسەر شەقامەكان پڕ بە ئاسمانێك هەناسەی غرووری قەندیلی هەڵدەمژی، هەر بە هەوای قەڵادزێیان، چەند شووشە دەرزیی چووكەڵەی پڕ دەكرد لە ئاو و چوار پێنج دڵۆپە پۆرمەنگەنات و ئیسپرتۆی تێ دەكرد و بە ناوی دەرمانی كوشتنی كێچومۆریان بە كابرای دەشتێوی، یان گەرمكانی و شیوەڕەزی دەفرۆشت.
كە دواتر كابرای لادێیی لە پەنایەك چاوی بە دەڵاڵەكە دەكەوتەوە و لێ دەپرسی:
- كابرا خۆ دەرمانەكەت كێچەكانی نەكوشت؟
كابرای دەڵاڵیش وەك تارانییەك، كە پیاوێكی سادەی ڕەشتی دەست كەوتبێ، بە هەوای نەفەس لێی دەپرسێ:
- دەرمانی من یەكەمە، پێم بڵێ چۆنت بەكار هێناوە؟
- چاكم بەكار هێناوە، لە مۆخە سەری منداڵانم داوە، لە پزووی سەرینانم هەڵسووە، یەك تاقە كێچیشی نەكوشتووە.
كاكی دەڵاڵ پێكەنینێكی كلۆری لە هەوادا بڵاو دەكاتەوە و دەیگوت:
- كاكی برا وانابێ، دەبێ یەكەیەكە كێچەكان بگری و دەرمانەكەیان دە چاوی كەی.
قەڵادزێ، نەك تەنیا بژێویی ڕۆژانەی، ئارامیی دەروونی و كولتوورییشی لەسەر گوندەكان بوو. جگە لەوانە، شەهامەتییشی هەر لەوانەوە وەردەگرت و دەیشاراندن.
دەبێ جاری دێ لە قەڵادزێ و شەهامەتییش بدوێم.
05/04/2023