
کامەران موحەمەد
لە کۆچی ناوەخت و ناویست و ناحەز و هەموو نایەکانی دیکەی بەهزاد، ئەوەی زەقکرایەوە، یان بڵێین خۆی زەق کردەوە، لایەنی چالاکییەکانی سەرشەقام بوو. پیشاندانی بەهزادی بزووتنەوە ناڕازییەکان و داکۆکییەکان بوو، بەهزادی دروشم و هاوار دژی ناعەدالەتی، فرمێسکی بەردەم دادگا بۆ شێروان شێروانییەکان بوو !، پێداگیری كردن بوو لهسهر ئاشكراكردن و دادگایی كردنی بكهرانی تیرۆركردنی ڕۆژنامهنووسان.
ئەمەی سەرەوە، کۆی وێنەکەی بەهزاد نییە، تەنانەت بەشێکی کەمی وێنەکەیە، بەشە گەورەکەی بریتییە لە بەهزادی سەر کتێب و ناو کتێب! سەر کتێب وەکو خوێنەرێکی رژد، ناو کتێب وەک نووسەرێکی ورد!
بەهزاد بە بەراورد لە هاوڕێیە هاوتەمەنەکانی، خوێنەرێکی سەرمەست و سەرمەشقی پێش سەردەمی کتێبی ئەلکترۆنی و پی دی ئێف و کارەبای ٢٤ کاتژمێرییە، هی سەردەمی چرا و فانۆس و بڕێک هێوەتریش، با بڵێین چراڕەشکەیە!
ئەو وەک هەرزەکارێکی قەد و باڵا عەرعەری، هەزاران جار لەپێش فانۆسێکەوە، بەسەر سەدان ڕۆمان و چیرۆک و لێکۆڵینەوەی وەک حەمەدۆک، جیهانی سۆفیا، دان چەرموو، حەسار، ئەدەبی بێگانان، ڕێبازە ئەدەبییەکان و سەدان کتێبی فەلسەفی و زانستی نوشتاوەتەوە و گرمۆڵە بووە!
بەهزاد، لەو جۆرە خوێنەرانە بوو ئەوەندەی خەریکی خوێندنەوەی دێرە نەبینراوەکانی نێوان دێرەکان بوو، ئەوەندە لەسەر خودی دێرە بینراوەکان نەدەوەستا، ئەمە بۆیە کە باسی شتێکی دەکرد، باسی لایەنەشاراوەکانی شتەکەی دەکرد!
ئەگەر مەجلیسەکە لەسەر بابەتێکی فەلسەفی بوایە، لە دەروازەی ئەفڵاتون و ئەرستۆوە دەیبردینە ژورەوە، کۆڵانە تەنگەبەرەکانی فەلسەفەی نیتشە، کافکا، ڤۆلتێر و هایدگەر هەتا چۆمسکی بۆ پانوپۆڕ دەکردین! ئەو توانای ئەوەی هەبوو چەمکە قورسەکان ئەوەندە ئاسان بکاتەوە، منداڵێکیش تێی بگات بۆ نمونە(فەلسەفەی ماتریالیزمی) چییە و هەمیشە نمونەی سادە و بەرجەستەی دەهێنایەوە! لەبیرمە نزیکەی بیست و چەند ساڵێک پێش ئێستا، باسی کڕۆکی چەمکی (لۆژیک)ی دەکرد، بۆ ئەوەی هاوڕێکانی تێبگەیهنی، دەستی بۆ چوارچێوەی دەرگەی ژوورەکە برد و لەوێدا بۆی شیكردینهوه، کە خودی چوارچێوەکە لۆژیک نییە، بەڵکو پێکهاتەکەیی و شێوازەکەی، لۆژیکە!
بەهزاد، لەناو دەریای ماتماتیک و فیزیادا سەوڵی دەدا! هەندێکجاریش هەر بە بۆقەمەلە لەناو قوڵاییدا دەهات و دەچوو. ڕاستە پسپۆڕییەکەی بەهزاد زمانناسی بوو ، بەڵام ئەوەندە شەیدای زانستی فیزیا بوو، تا ئەو ڕادەیەی لە ماستەرنامەکەیدا، زانستی فیزیا و زانستی زمانی بەیەکەوە بەستاوەتەوە! ئەمە داهێنانێکی گەورەی هزرییە کە بتوانی بەرواردی ( کات-تایم) لە فیزیادا و ( کات-تێنس) لەناو زماندا بکەیت.
بەهزاد، کە نەوەی (صافی هیرانی) شاعیرە، دەتوانین بڵێین لەنێوان سەدان نەوەی دیکە، ڕۆحی صافی تەنیا لەودا کەروێشکەی دەکرد! ئەوەندە شارەزای ئەدەبی عیرفان و ئەدەبی کلاسیک بوو، هەردەتگوت لە حوجرەکان لەگەڵ ئەحمەدی خانی، مەلای جزیری، سێکوچکەی بابان و کاکی هیرانیی باپیری، مشتومڕی کێش و سەروای شیعری کردووە، کتێبی عەروزی عەزیز گەردی بە عەزیزگەردییەوە ئەزبەر کردبوو، خۆ لەخۆوە نییە کوڕەکەی ناونا (سەروا).
بەهزاد، لە شێوازگەری و ئەدەبی بەراورد قوڵ و قاڵ بوو، تایتڵی دکتۆرانامەکەی ( کە بەهۆی دەرنەچونی لە فلتەری حزب) چەندجار وەرنەگیرا ، لەسەر (شێواز) لە شیعری عەبدوڵلا پەشێو بوو! پەشێوناسێکی سەیر بوو، لە نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوو و لە تەمەنی هەرزەکاریدا نامەیەک بۆ پەشێو دەنوسێت و گلەیی ئەوەی لێدەکات کە لەسەردانی بۆ هەولێر دەرفەتی ئەوەی بۆ نەڕەخساندووە، چاوی بە عاشقێکی دونیای شیعری خۆی بکەوێت، ئەوەندە بە سۆزەوە نامەکەی بۆ نوسیبوو، بە بێئاگایی بەشێکی نامەکە خودی شیعرەکانی پەشێو بوو! بۆیە دواتر بوونە هاوڕێ ! جارێکیان شیعرێکی پەشێومان بۆ خوێندەوە و بە ئەنقەست وشەیهكمان گۆڕی، هەڵیدایە و گوتی “پەشێو وشەی وای نییە!”
هەر پەیوەست بە شەیدایی بەهزاد بە عەبدوڵلا پەشێوەوە، ٢٣ ساڵ لەمەوبەر لێکۆڵینەوەیەکی ئەکادیمی نوسی بە ناوی ( وێنەی شیعری، بە نمونەی شیعری عەبدوڵلا پەشێو) ئەم لێکۆلینەوەیە وەک باسی دەرچوون لە دواقۆناغی زانکۆ پێشکەش کراوە، سەرپەرشتیارەکەشی دکتۆر مارف خەزنەدارە. جگە لە ئاستی بەرزی ئەکادیمی، لێکۆڵینەوەکە جوانییەکی دیکەشی هەیە، ئەویش ئەوەیە بە دەست و خەتە جوانەکەی خۆی نووسیویەتی نەک بە کۆمپیوتەر.
بەهزاد، لێکۆڵینەوەیەکی هەیە لەسەر ناوی مانگە کوردییەکان و پەیوەندییان بە هەسارەکان و گەردون! دهتوانین بڵێین ئەو لێکۆڵینەوە ناوازەترین لێکۆڵینەوەیە لە مێژووی ئەکادیمیی کوردیدا.
گەلی کورد گەوهەرێکی لەدەستدا، گەوهەرێک لەناو ئەو هەموو ناشرینییەدا، جوانیی تێیدا دەبریسکایەوە. خۆ هەرشەقام بەهزادی لەدەست نەدا، کتێبخانەش فرمێسک لە چاویدا قەتیس ما!