
سەرۆکی ئەمریکا لە لێدوانێکی نوێدا بۆ دەستەی پەخشی ئیسرائیل بە فەرمی پێشنیازە سێ قۆناغییەکەی ئێرانی بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ و یەکلاییکردنەوەی دۆسیەی ئەتۆمی ڕەتکردەوە.
دۆناڵد ترەمپ ڕایگەیاند'' ناوەڕۆکی پێشنیازەکە قبوڵکراو نییە.'' هاوکات داکۆکییەکی توندی لە بنیامین ناتانیاهۆ کرد و داوای کرد لێخۆشبوونی بۆ دەربکرێت تاوەکوو بەبێ سەرقاڵبوون بە پرسە لاوەکییەکان تەواوی سەرنجی بخاتە سەر بەڕێوەبردنی جەنگەکە.
لای خۆشیەوە ماڵپەڕی ئینتیخابی ئێرانی ئاشکرای کردووە، پێشنیازەکەی تاران داوای گۆڕینی ئاگربەست بۆ کۆتاییهێنانێکی هەمیشەیی بە جەنگ و کردنەوەی کاتیی گەرووی هورمز و هەڵگرتنی گەمارۆی سەر بەندەرەکانی ئێران دەکات.
هەروەها تاران ئامادەیی نیشانداوە لە قۆناغی دووەمدا پرۆسەی پیتاندنی یۆرانیۆم بۆ ماوەی ١٥ ساڵ بە تەواوی ڕابگرێت بەو مەرجەی دواتر تەنها ڕێگەی پێبدرێت بە ڕێژەی ٣.٦٪ دەست بە پیتاندن بکاتەوە، بەڵام واشنتن هێشتا ئەم هەنگاوانە بە تەواو و گونجاو نازانێت.
