
بەخەم و كەسەرەوە ئەمرۆ سەر لەبەیانی هاورێی سەركردە عومەر عەلی شێخ لە ماڵەكەی خۆی لە شاری هەولێر كۆچی دواییكرد .
هاوڕێ عومەر عەلی شێخ ناسراو بە ئەبو فاروق لە ساڵی ۱۹۲٤ لە شاری سلێمانی لە دایكبووە، لە ساڵی ١٩٤٦ پەیوەندی بە حزبی شیوعیی عێراق كردووە.
لە دوای كودەتای شومی ساڵی ١٩٦٣ لە شاری كەركووك سەرپەرشتی ڕێكخستنەكانی حزب دەكات و چاپخانەی نهێنی حزب لەم شارەدا دەرباز دەكات و ڕەوانەی شاخی دەكات، لە ساڵی ١٩٦٤ بووەتە ئەندامی كۆمیتەی ناوەندی و پاشان مەكتەبی سیاسی حزبی شیوعیی عێراق هەتا كۆنگرەی پێنجەمی حشع لە ساڵی ١٩٩٣ و لەسەر پێشنییاری خۆی و بۆ ڕێگا خۆشكردن بۆ گەنجەكان خۆی كاندید ناكاتەوە.
لە سەردەمی پاشایەتی و دوای كودەتای بەعس چەند جارێك دەستگیركراوە و بە لێهاتوویی خۆی و توانیویەتی بەربەستی زیندان ببڕێت و هاوڕێ زیندانییەكانیشی لەگەڵ خۆی دەرباز كردووە.
لەدوای راپەڕین و كۆنگرەی پێنجەمی حشع بەردەوام بووە لە كاری ڕێكخستن و سەركردایەتی كردنیان بە تایبەتی لە ناوەڕاست و باشووری عێراق
لەگەڵ ڕاگەیاندنی حزبی شیوعیی كوردستان لە ٣٠-٦-١٩٩٣ بە سكرتێری كۆمیتەی ناوەندی هەڵدەبژێردرێت و پاشان خۆی بۆ ئەركی تر تەرخان دەكات و داوا لە كۆمیتەی ناوەندی دەكات هاوڕێیەكی تر بۆ شوێنی ئەو هەڵبژێرن و هاوڕێی سەركردە كەریم ئەحمەد ئەركی سكرتێری كۆمیتەی ناوەندی دەگرێتە ئەستۆ.
بەناوی مەكتەبی سیاسی جارێكی تر پرسەی خۆمان بۆ كەس و كار و تەواوی هاورێیان ڕادەگەیەنین بە تایبەتی بۆ هاورێ پەخشان زەنگەنە هاوسەری هاورێ عمر عەلی شێخ .
مەكتەبی سیاسی حزبی شیوعیی كوردستان
١ / ١٠ / ٢٠٢٥