
فەرهاد قادر ئۆمەر
گەلێ جار و لەزۆر بۆنە و كۆڕ و كۆبوونەوەكاندا باس لە ونبوونی دەنگی زیندووی توێژەكانی كۆمەڵگەی كوردی دەكرێ، كە بە ڕای گشتی دێتە هەژمار لەگۆڕەپانی سیاسیدا، بەڵام ئەم باسكردنانە تەنها كاتین و هەوڵەكان چڕناكرێنەوە بۆ مەیدانی عەمەلی وەك نەخشەرێگایەك بۆ ئاشناكردنەوەی خەڵكی كورد بەیارییە سیاسییەكان. نازانم بۆ كەس ئەم باس و خواسە ناورووژێنێ و بپرسێ ئایا بۆچی رووداوە سیاسییە چارەنووسسازەكان شەقام ناجووڵێنێ و كەمەندكێشی ناكات بۆ نێو یارییە سیاسییەكان و ببێتە خاوەن بڕیار، لەكاتێكدا لە هەموو دنیای هاوچەرخدا شەقام كاریگەریی گەورەی لەسەر دروستكردنی بڕیاردا هەیە.
ئەوە پرسیارێكە بۆتە گرێ كە تائێستا رۆشنبیرانی كورد وەك پێویست لە هۆكارەكانی ئەم ونبوونەی شەقام لە هاوكێشە سیاسییەكانی نەكۆڵیوەتەوە. رەنگە وەڵامێكی سەرپێیی هەبێ كە پێیوابێ ئاستی رووداوەكان و خێراییان لەسەرووی ئەگەرەكانی ئێمەیە و هەر ئەو جیاوازییە بێسنوورەیە وایكردووە دەنگی شەقامی وڵاتانی بیانی هەمیشە لەهەڵكشاندا بێت بەپێچەوانەی دەنگی شەقامی كوردی، بەڵام ئایا ئەوە تاكە هۆكاری سەرەكی ئەو دیاردە نەخوازراوەیە؟ گەر ئەو شرۆڤەیە راست و دروست بێت، ئەو پەیوەندییە هاوخوێنی و هاوزمانییە پتەوەی نێوان خەڵك و ئەو سەركردانەی تا دوێنێ پارێزەری مافەكانی كورد بوون لەكوێی گیانی شۆرشگێڕییانەی سەركردەكانی ئەو دەسەڵاتە كوردییەن، كە تا دوێنێ كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان بەگەورە و بچووكەوە پاڵپشت و یاوەرێكی باشیان بوون؟ لێرەدا نامەوێ بەنێو فاكتەر و هۆكارەكانی ئەو دیاردەیە رۆبچم كە خەریكە جومگەكانی ئەزموونی كوردی بەتەواوی دووچاری داخوران و پووكانەوە دەكات، لە پێشكەشنەكردنی ئەدایەكی سەرنجڕاكێشی جوان لە كوردستان و لەدەستدانی دەسكەوتەكان لەبەغدا، بەڵكو ئەوەی مەبەستمە ئاماژەی پێبدەم ئەوەیە كە هەموومان بەیەكەوە رێگەچارەیەك بدۆزینەوە بۆ رزگاركردنی ئەو ئەزموونە لەو داخورانە كوشندەیەی بەدەست گرووپێك لەهەلپەرست تووشی هاتووە و گێڕانەوەی ئەو هەیكەلە عەزمیە پتەوەی دەنگ و ڕەنگی ئەو خەڵكە جوامێرە قوربانیدەرەی كە تا دوێنێ هەوێنی هەموو شۆڕشە یەك لەدوای یەكەكانی كورد بووە، بەمەش باشترین خزمەت بەڕەوشی سیاسی لەكوردستان دەكەین.