
سەرچاوەکانی هەواڵی ئێران بڵاویان کردووەتەوە، کە ئهمڕۆ شاندێکی پێکهاتوو لە نوێنەرایەتی ژمارەیەک لەو گروپە چەکدارە عێراقیانەی چەکدانان ڕەتدەکەنەوە، گەیشتونەتە ئێران، بەپێی ووتەی سەرچاوەکان ، سەردانەکە تایبەتە بە تاوتوێکردنی پێشهاتەکانی دۆسێی چەکدانان و فشارەکانی ئەمریکا.
سەرچاوەکان ئاشکرایان کردووە، شاندەکە ژمارەیەک کەسایەتی سیاسی و سەرکردەی گروپە چەکدارەکان لەخۆ دەگرێت، وا بڕیارە زنجیرەیەک دیدار لەگەڵ بەرپرسە ئێرانیەکان ئەنجام بدەن و گفتوگۆ لە بارەی ئایندەی ئەو گروپانەو چۆنیەتی خۆ ڕێکخستنیان لە قۆناغی داهاتوو ئەنجام بدەن، ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ فراوانبونی فشارەکان بۆ چەکداماڵینی گروپە چەکدارەکان و میکانیزمی جێبەجێکردنی بە شێوەی پراکتیکی.
لە ئێستادا دابەشبونێکی ئاشکرا لە نێوان گروپە چەکدارەکان سەریهەڵداوە، بەشێکیان چەکدانان ڕەتدەکەنەوەو هەڕەشەی بەرگری دەکات و بەشێکیشیان نەرمیان پیشانداوە بۆ چەکدانان.