
ستار ئەحمەد
پەیوەندیی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان تەنها چیرۆکی ململانێی دوو هێزی سیاسی نییە، بەڵکو ئەم پەیوەندییە بڕبڕەی پشتی تەواوی بونیادی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابووریی باشووری کوردستانە لە نیو سەدەی ڕابردوودا. کاتێک سەیری تەرازووی مێژوو دەکەین، دەبینین ئەم پەیوەندییە هەمیشە لە نێوان دوو جەمسەری دژبەیەکدا هاتوچۆی کردووە؛ ساتەوەختێک یەکڕیزی و ڕێککەوتنی ستراتیژی بووەتە هۆی خولقاندنی دەستکەوتی مەزنی وەک ڕاپەڕین و دامەزراندنی پەرلەمان و حکومەت، و ساتەوەختێکی تریش ململانێی توندی دەسەڵات و شەڕی ناوخۆ و دوو ئیدارەیی، وای کردووە قەوارەی هەرێم لە لێواری فەوتان نزیک بێتەوە. کاریگەریی ئەم پەیوەندییە تەنها لە ناوخۆی هەرێمدا نەمایەوە، بەڵکو ڕاستەوخۆ پێگەی کوردی لە ناوەندی عێراق و لە ئاستی نێودەوڵەتیشدا دیاری کردووە؛ کاتێک پارتی و یەکێتی وەک یەک تیمی نیشتمانی لە بەغداد دەرکەوتوون، توانیویانە دەستکەوتی دەستووریی وەک فیدراڵیزم و جێگیرکردنی مافە نەتەوەییەکان بچەسپێنن، بەڵام لە کاتی ناتەباییدا، نەیارانی کورد لە بەغداد و وڵاتانی دراوسێش ئەو درزەیان قۆستووەتەوە بۆ لاوازکردنی قەوارەی هەرێم و کەمکردنەوەی شایستە داراییەکانی خەڵکی کوردستان، ئەمەش نیشانەی ئەوەیە ئەم دوو هێزە هێشتا نەگەیشتوونەتە ئەو ئاستە لە ڕێکوپێکیی دامەزراوەیی ،کە بەرژەوەندی نیشتمانی بخەنە سەرووی بەرژەوەندی حیزبییەوە.
لە ڕووی گەشەپێدانی میللەتەوە، هەرچەندە ئەم دوو حیزبە لە قۆناغی ئاوەدانکردنەوە و بونیادنانی شارەکاندا ڕۆڵی بەرچاویان هەبووە، بەڵام نەیانتوانیوە سیستمێکی ئابووریی هاوچەرخ و دادپەروەرانە دابین بکەن، چونکە ئابووریی هەرێم لەبری ئەوەی نیشتمانی بێت، بووەتە ئابوورییەکی حیزبی و دابەشبوو بەسەر زۆنەکاندا. ئەم دابەشکارییە دارایی و کارگێڕییە وای کردووە ،گەشەی کوردستان لە هەندێک سێکتەردا پەک بکەوێت و تاکی کورد هەست بە جۆرێک لە نادادی بکات لە دابەشکردنی هەلیکار و داهاتدا. سەبارەت بەو پرسیارەی کە خەتای کامیانە..؟
لە کاتی تێکچوونی پەیوەندییەکاندا، مێژوو پێمان دەڵێت ،،بەرپرسیارێتییەکە هاوبەشە؛ پارتی وەک هێزی یەکەم زۆرجار بەوە تۆمەتبار دەکرێت ، دەیەوێت بڕیاری سیاسی قۆرغ بکات و بە دیدێکی مەرکەزیی توند سەیری حکومڕانی دەکات، لە بەرامبەردا یەکێتی بەوە تۆمەتبار دەکرێت کە پەنا بۆ هاوسەنگیی هێز لە دەرەوەی دامەزراوە فەرمییەکان دەبات و زۆرجار بەغداد وەک کارتێکی گوشار دژی هەولێر بەکاردەهێنێت. ئەم ململانێیە لە نەبوونی متمانەی مێژوویی و نەبوونی دەستوورێکی نیشتمانییەوە سەرچاوە دەگرێت، کە سنووری دەسەڵاتی هەردوو لا و مافی هاووڵاتیبوون بە ڕوونی دیاری بکات.
بۆ ئەوەی ئەم دوو هێزە بتوانن دواڕۆژێکی پرشنگدار بۆ کورد دابین بکەن، گۆڕینی عەقڵییەتی سیاسی لە شەرعییەتی شاخەوە بۆ شەرعییەتی یاسا زەروورەتێکی حەتمییە. پێشەنگایەتی تەنها بە دروشم نایەتە دی، بەڵکو بە یەکخستنی هێزی پێشمەرگە، بێلایەنکردنی دادگاکان، و شەفافکردنی داهاتی نەوت و ناوخۆ دەستەبەر دەبێت. ئەگەر پارتی و یەکێتی نەتوانن لەوە تێبگەن کە نەوەی نوێ پێویستی بە دامەزراوەی نیشتمانییە نەک ململانێی زۆنەکان، ئەوا ڕەنگە دەرفەتە مێژووییەکان بۆ پاراستنی قەوارەی هەرێم لەدەست بدەن. داهاتوویەکی گەش تەنها کاتێک دێتە کایەوە ، ئەم دوو هێزە کێبڕکێی یەکتر بکەن لەسەر خزمەتکردن نەک کۆنترۆڵکردن، و بتوانن وەک یەک جەستە بەرگری لە خاکی کوردستان بکەن لە ناوەند و لە دەرەوەش. تەنها لەو کاتەدا تەرازووی مێژوو بە شانازییەوە ناویان دەنووسێتەوە و دەتوانن ببنە گەرەنتییەکی ڕاستەقینە بۆ نەوەکانی داهاتوو و پاراستنی شکۆی تاکی کورد لە ناوچەکەدا.