ستار ئەحمەد

 

​ژیانی ئەمڕۆمان وەک دەریایەکی شڵەقاو وایە کە شەپۆلەکانی بەبێوەستان، لە جەستە و دەروونی مرۆڤ دەدەن و ڕێگەی نادەن بۆ چرکەیەکیش لە کەنارێکی هێمندا پشوو بدات. ئەگەر بە چاوێکی کراوە سەیری ئەم سەردەمە بکەین، دەبینین مرۆڤ لەناو ئەو هەموو ئامێر و تەلارە بەرزانەدا نەک هەر خۆی، بەڵکو ئارامی و دڵنیاییشی لێ ونبووە. ئێمە لە سەردەمێکدا دەژین کە هەموو شتێک بە خێرایی دەپێورێت، بەڵام هیچ کەسێک ناپرسێت ئەم هەموو پەلەپەلە بەرەو کوێمان دەبات.....؟

 جاران کە دەستمان بۆ کارێک دەبرد، تاقەت و سەبووریمان هەبوو، چاوەڕێی ئەنجاممان دەکرد و لەو چاوەڕوانییەشدا چێژمان لە چرکەکانی تەمەن دەبینی، بەڵام ئێستا هەموو شتێکمان بە ئامادەکراوی و خێرایی دەوێت، ئەمەش وایکردووە، کە جوانییەکانی ڕێگەکە نەبینین و تەنیا چاومان لە گەیشتن بێت بە شوێنێک کە خۆشمان نازانین بۆچی دەچین بۆ ئەوێ.

​ئەم جەنجاڵی و ژاوەژاوە تەنیا لە شەقامەکاندا نییە، کە بە دەنگی بزوێنەر و ئۆتۆمبێلەکان پڕ بووە، بەڵکو هێرشی کردووەتە سەر قووڵایی ڕۆحمان. ئێمە تەنانەت لە کاتی خەوتنیشدا مێشکمان خەریکی داڕشتنی نەخشەیە بۆ ڕۆژی داهاتوو، خەریکی ئەوەین چۆن لەو پێشبڕکێ بێمانایەدا لە دواوە نەمێنینەوە. ئەو پەیوەندییە کۆمەڵایەتییانەی کە جاران گەرمی و میهرەبانییان پێ دەبەخشین، ئێستا بوونەتە تەنیا چەند نیشانەیەک لەسەر شاشەی سارد و سڕی ئامێرەکان. مرۆڤەکان لە تەنیشت یەک دادەنیشن بەڵام هەرکەسە و لە جیهانێکی دوور و جیاوازدا نوقمبووە. ئەم تەنهاییە لەناو قەرەباڵغیدا گەورەترین دەردی ئەمڕۆیە، کە وای کردووە هەست بە نامۆیی بکات تەنانەت لەناو ماڵەکەی خۆشیدا. ئەم تەمتومانی جەنجاڵییە ڕێگەی لێ گرتووین ،کە گوێمان لە دەنگی ناوەوەی خۆمان بێت، گوێمان لەو هاوارە بێت، کە داوای گەڕانەوە بۆ سروشت و سادەیی دەکات.

​لەلایەکی تریشەوە، مرۆڤی ئەمڕۆ بووەتە کۆیلەی ئەو ئامێرانەی کە بڕیار بوو خزمەتی بکەن. ئێمە لە جیهانێکدا دەژین کە بەردەوام داوای زیاترمان لێدەکات؛ زیاتر کار بکەین، زیاتر بپۆشین، زیاتر پەیدا بکەین و زیاتر ببینرێین. ئەم تینوێتییە بۆ زیاترخوازی، وایکردووە، کە سەبوری و تێربوون لەناوماندا بمرێت. ئێمە کاتمان نییە بۆ بینینی ئاوابوونی خۆر، کاتمان نییە بۆ پیاسەیەکی هێمن لەژێر سێبەری دارەکاندا، تەنانەت کاتمان نییە بۆ ئەوەی بە بێدەنگی لەگەڵ خۆماندا دابنیشین و بیر لە واتای بوونمان بکەینەوە. ژیان بووەتە تەنیا کۆمەڵێک ئەرکی ڕۆژانە ،کە دەبێت وەک ئامێرێک ئەنجامیان بدەین، بەبێئەوەی ڕۆحمان تێیاندا ئامادەیی هەبێت. ئەمە ئەو کارەساتە گەورەیەیە، کە مرۆڤی کردووەتە بونەوەرێکی بێ هەست ،کە تەنیا بەدوای بەرژەوەندی و خێرایی و ناوبانگدا وێڵە.

​بۆ ئەوەی بتوانین لەم گێژاوە ڕزگارمان بێت، پێویستە بوێری ئەوەمان هەبێت کە جاروبار بوەستین و بڵێین "نا". پێویستە فێری ئەوە ببین، کە چۆن لەم جەنجاڵییە داببڕێین و پەنا بەرینە بەر بێدەنگی. بێدەنگی نەک وەک نەبوونی دەنگ، بەڵکو وەک دەرفەتێک بۆ ناسینەوەی دووبارەی خۆمان. گەڕانەوە بۆ سادەیی، بۆ خوێندنەوەی کتێبێکی ڕاستەقینە، بۆ دانیشتنێکی گەرم لەگەڵ هاوڕێیەکی دێرین، بۆ دەستگرتنی منداڵێک و پیاسەکردن لەناو سروشتدا، ئەمانە ئەو دەرمانانەن، کە دەتوانن ڕۆحی برینداری ئێمە لەم سەردەمە پڕ لە ژاوەژاوەدا ساڕێژ بکەن. ژیان زۆر کورتترە لەوەی، کە هەمووی لەناو ڕاکەڕاکە و دوودڵی و جەنجاڵیدا بەسەر بەرین. با هەوڵ بدەین ڕەنگی ڕاستەقینەی ژیان بدۆزینەوە، ئەو ڕەنگەی، کە لەناو سادەیی و میهرەبانی و ئارامیدا حەشار دراوە، نەک لەناو بریقەوبریقی درۆینەی ئەم جیهانە پڕ لە جەنجاڵییەدا. مانەوە لەم دۆخەدا تەنیا ماندوێتی و بێزاری بۆ مرۆڤایەتی جێدەهێڵێت، بۆیە با پێش ئەوەی کات لەدەست بچێت، هەناسەیەکی قووڵ هەڵکێشین و بگەڕێینەوە بۆ باوەشی ئەو ژیانە ڕەسەنەی کە تێیدا مرۆڤبوون لە سەرووی هەموو ئامێر و تەکنەلۆژیا و خێراییەکەوە بوو.


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسیfgdsgsdgsdfgsdgعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا