زەنگی مۆبایلی ناسکەی هاوسەرم لێی دا، ئێدی زانیم ئەگەر باسی سڵق و توریش بێت سعاتێک لەگەڵ دەستەخوشکەکەی قسەدەکات، بۆیە منیش ئەوەم بە دەرفەت زانی و فیز ماڵکێم کردو و خۆم باریک کرد و بەبێ دەنگی وەکو بڵێی لەسەر هیێلکان دەڕۆم، لە ماڵ چوومە دەرەوە. ئاخر هەرگیز حەز ناکەم بەر لەوەی ماڵ بەجێ بهێڵم، ناسکە پێی بزانێت، چونکە بە وێنەی شەستەباران بە پرسیار و قسەی ڕەق و زامساز دامدەکوتێت و گێژ و وێژم دەکات و تەنانەت لەبیرم دەچێتەوە نیازم بوو بۆ کوێ بچم. بۆ نموونە هەرجارێک ناسکە هەست بکات نیازی چوونە دەرەوەم هەیە، ئەو قسانەم بە ڕوودا دەدات: چیە پیاوەکە دیسان بۆ کوێ؟ نانت لەسەرسێرێ سوتاوە یان گۆلک و چێڵت لە گاڕان نەهاتوونەتەوە؟ چیە مێگەلە حەیوانت لە شاخ بەجێ ماوە، یان دەچیە پشتی و پەرێزان؟ دیسان بۆ کوێ پیاوەکە؟ بەس پێم بڵێ بۆچی ئاوا دووژمنی ماڵێ خۆتی و هەموو جێیەکت پێ لە کاولەماڵێ خۆت خۆشترە؟ یان دیسان دەچیە لای دایکت؟ هەڵبەت ناسکە حەز دەکات وەکو شوانێک ڕۆژانە لەسەر بەردەبێرێ ژوان لەگەڵ بێری بگرم، بەڵام نەچمە ماڵی دایکم. ناسکە پێی خۆشە لە کوچە و کۆڵان و سەرسیلە و بانان چاوچاوێنێ لەگەڵ کچوکاران بکەم، بەڵام پێم نەنێمە ماڵی دایکم. ناسکە حەز دەکات من هەر سی ڕۆژی مانگ لە شایی و گۆڤەندان بم، کچی جلک کەسک و سوور و گەردەن کێل و سەربەزێڕ و بەژن زراڤ لە دەستمدا هەڵپەڕێنم، بەس نەچمە ماڵی ئەو دایکەم کە بەشیری مەمکی و هەزاران کوێرەوەری منی لە خەم ڕەخساند و گەورەی کردم. بابێمەوە سەر ناوەڕۆکی مەبەست، چوومە لای دایکم و دانیشتم و تەلەفۆنەکەم زەنگی لێ دا و سەیرم کرد ناسکەیە. ئیدی بێ سەلام و کەلام یەکسەر پرسی لە کوێی؟ منیش ویستم ڕاستییەکەی لێ بشارمەوە، بۆیە گوتم تەنیام و بۆ ڕەواندنەوەی عادزیم، چوومەتە دەرەوەی شار و لە چۆڵایەتیەک دانیشتووم، ئیدی ناسکە وەکو هەوری بەهاران دەیگرماند و وەکو بارانی سەر بە قەپوچکە پرسیاری بەسەردا دەباراندم. وەها وڕوکاسی کردم، قسەکانی خۆمی لەبیر بردمەوە، منیش بۆ ئەوەی تەلەفۆنەکەی لە کورتی ببڕێتەوە، گوتم ژنێ ببورە باش حاڵی نابم شوێنەکەم قەڵەباڵغە و تەلەفۆنت بۆ دەکەمەوە، بەڵام ناسکە گوتی: پیاوەکە قەڵەباڵغی چی؟ ئەی ناڵێی لە شوێنێکی چۆڵم؟ ئەو جارە گێڕی قسەم گۆڕی، بەڵام خەراپترم بەسەر خۆم هێنا، چونکە گوتم ببورە مۆبایلکەکەم دەڵێت یەکەی پێویستت نەما٠ ناسکە هاواری کرد و یەک بە خۆی قیژاندی، گوتی پیاوەکە بۆ خاتری خوا من تەلەفۆنم بۆ تۆ کردووە، تۆ بۆچی یەکەی پێویستت نەما؟ ئیدی سەرەنجام ناسکە پێی زانی، چوومەتە ماڵی دایکم، بۆیە بە توڕەیی پێی گوتم: پێچکەت نایەتەوە ئەو ماڵە، بە داخەوە من لە ژیانی سیاسیم حەوت ساڵ ئاوارە بووم، ئێستاش مانگێکە ئاوارەی دەستی ناسکەم.


 رێگای كوردستان ماڵپەڕێكی سیاسیfgdsgsdgsdfgsdgعی كوردستانە، مەكتەبی راگەیاندنی ناوەندی بەڕێوەی دەبات

میدیا

   تەلەفۆن:   797 4635 750 964+

   ناونیشان:  هەولێر - گەرەکی ئازادی - نزیك نەخۆشخانەی نانەکەلی

   ئیمێل:  regaykurdistan@gmail.com

سۆسیال میدیا