
سیاسه‌ت (politics)، چه‌مكێكه هاوشانی مێژووی بیركردنه‌وه هاتووه. ئه‌ویش وه‌ك هه‌ر چه‌مكێكی تر، هه‌ڵبه‌زودابه‌زی زۆری به‌خۆوه دیوه؛ به‌ڵام پاشماوه‌یه‌كیشی لێ ماوه‌ته‌وه كه كرۆكی چه‌مكه‌كه خۆیه‌تی. چه‌كه‌كه له زه‌ینی كوردزمانێكدا، یه‌كسه‌ر دوو دیوی هه‌یه: سیاسه‌ت وه‌ك هونه‌ری ئیداره‌دان، سیاسه‌ت وه‌ك فڕوفێڵێكی كه‌متاكوت ڕه‌وا.
له خۆرئاوا، به‌تایبه‌ت یۆنانی ئه‌فلاتوون و ئه‌رستۆ، سیاسه‌ت هونه‌ری به‌ڕێوه‌بردنی ده‌وڵه‌تشار بوو. به‌پێچه‌وانه‌ی مۆدێرنه‌شه‌وه، په‌یوه‌ندییه‌كی ڕاسته‌وانه‌ی به ئه‌خلاقه‌وه هه‌بوو. ئه‌فلاتوون خۆی له كتێبی "كۆمار"دا، سیاسه‌ت به ئامرازێك ده‌زانێت بۆ گه‌یشتن به دادپه‌روه‌ری. ئه‌ویش له‌سه‌ر ده‌ستی فیگه‌رێكی لێكدراو كه ده‌توانین ناوی بنێین فیگه‌ری فه‌یله‌سوف-شا. كاتێكیش ئه‌رستۆ مرۆی به ئاژه‌ڵێكی سیاسی ناوبرد، واته له سیاسه‌ت، و ڕوونتر له جڤاتدا ده‌گات به كه‌ماڵی خۆی و له كرچی ده‌رده‌چێت. ئه‌مڕۆش كه ده‌گوترێت سیاسه‌ت په‌یوه‌ندیی به چاتكه‌ی گشتییه‌وه هه‌یه، هه‌ر مه‌به‌ست له‌و سیاسه‌ته‌ی یۆنانی كۆنه.
له خۆرهه‌ڵات، له ئێرانه‌وه تا چین و هند، سیاسه‌ت ڕیشه‌ی ده‌چووه‌وه سه‌ر هێزێكی باڵاتر. یاخود فیگه‌ری سیاسی، باوكێكی ده‌ستڕۆیشتووی توندمامه‌ڵه‌بوو. دواتریش دیسان له خۆرئاوا، و پاش دینی ئیسلامیش له خۆرهه‌ڵات، سیاسه‌ت هه‌ر له قه‌ڵه‌مڕه‌وی خودادا مایه‌وه. ئاگۆستین له خۆرئاوا، سیاسه‌تی به نێوانگرێك داده‌نا كه مرۆی بۆ "شاری خودا" پێده‌گه‌یاند. له كه‌لتوری ئیسلامییشدا، فارابی كه‌لتوری یۆنان و فیكری ئیسلامی ئاوێته‌كرد و باسی "شاری فازیله"ـی كرد كه به بۆچوونی هه‌ندێك، هه‌ر نوسخه‌ی ئیسلامیی كۆماره‌كه‌ی ئه‌فلاتوونه.
ما‌كیاڤێلی، خاڵی وه‌رچه‌رخان بوو له پێناسه‌ی سیاسه‌تدا. سیاسه‌تی له ئه‌خلاق و دین جیاكرده‌وه. جیاكردنه‌وه‌كه، پتر پیشه‌یی بوو، واته میكانیزمی ناوه‌كیی كایه‌كه بوو تا ئه‌وه‌ی فریوی ڕووت بێت. دواتریش له‌سه‌ر ده‌ستی هۆبز و لۆك و ڕۆسۆ، سیاسه‌ت كرایه په‌یمانێكی كۆمه‌ڵایه‌تی له‌نێوان مرۆڤه‌كاندا بۆ ئه‌وه‌ی له دۆخی سرووشتی (پشێوی) دووربكه‌ونه‌وه. هێزی زه‌به‌لاحی سرووشت، درایه ده‌ستی مرۆڤ خۆی كه هۆبز ناوینا ده‌وڵه‌ت (ده‌عبایه‌كی زل). دواتر ماركس، ڕه‌خنه‌ی ئه‌م ده‌عبا زله‌ی كرد و ڕه‌وایه‌تییه یه‌كانگیره‌كه‌ی لێ سه‌نده‌وه و ته‌نگژه ئابوری و چینایه‌تییه‌كه‌ی ده‌رخست- به مانایه‌كی تر، ده‌ریخست سیاسه‌ت له‌ناوه‌وه ململانێیه له‌سه‌ر جڵه‌وكردنی هۆیه‌كانی به‌رهه‌مهێنان كه چینێك به‌سه‌ر چینێكی تردا پیاده‌ی ده‌كات.
گه‌ر له خۆرئاوا، سیاسه‌ت له ئه‌خلاقێكی ده‌سته‌جه‌مه‌وه به‌ره‌و مافی تاكه‌كه‌س هاتبێت و دواییش به په‌یمانی كۆمه‌ڵایه‌تی دا تێپه‌ڕیبێت و ئه‌مڕۆ گه‌یشتبێت به ته‌كنۆلۆژیای ده‌سه‌ڵات (كه فۆكۆ پێشتر باسیكردبوو)، ئه‌وا له خۆرهه‌ڵات له‌نێوان كۆمه‌ڵێك بنه‌مای كلاسیك و هه‌ندێك دیارده‌ی مۆدێرندا له گرژییدایه. جۆرێك به‌رزه‌خی چه‌مكایه‌تی درووستبووه. دیموكراسی هه‌یه، به‌ڵام به‌فۆرم مۆدێرنه و به‌ناوه‌ڕۆك پڕه له ڕه‌گه‌زی خۆرهه‌ڵاتییانه و خۆجێی. هێشتا ململانێكه له‌سه‌ر مانه‌وه‌یه نه‌ك كارلێك و گفتوگۆ و چاكه‌ی گشتی.
