لە 26ی شوباتی 2025 لە شاری هەولێردا، سەركردایەتی كۆربەندی چەپی كوردستان، كۆبونەوەی خۆی بەست.
لە كۆبونەوەكەدا باس لەسەر كاری كۆڕبەند وەك پرۆژەی كارێكی تێكۆشەرانەی هاوبەش‌و، ئاماژە بە گرنگی خوێندنەوەی پێشهاتەكانی جیهان‌و ناوچەكە‌و كارتێكردنی لەسەر ڕەوشی كوردستان بە گشتی كرایەوە‌و، لەم بوارەشدا جەختكرایەوە، كە ئاشتی‌و ئاسایش‌و بەیەكەوژیان‌و گەشەپیدان لە تەواوی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بێ چارسەركردنێكی دیموكراتی عادیلانەی دۆزی ڕەوای گەلی كوردستان‌و بەهەندوەرگرتنی ئیرادەی ئازادانەی گەلی كوردستان لە هەموو بەشەكانیدا، دابینناكرێت.
كۆبونەوەی كۆڕەبەند لە كاتێكدا جەختی لەسەر كاراكردنی ڕۆڵ هێزی چەپی كوردستان لە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلەگەمان كردەوە، ئاماژەی بە گرنگی گرێدانی خەباتی نیشتمانیی كوردستانی بە خەبات لە پێناوی دەستەبەركردنی تەواوی ئازادییە دیموكراتییەكان‌و پاراستنی مافی مرۆڤ‌و داكۆكی لە مافی ژنان‌و پاراستنی ژینگەی كوردستان‌و خەبات لە پێناوی عەدالەتی كۆمەڵایەتی كردەوە‌و، بەم جۆرەش گوتاری چەپ تایبەتمەندی خۆی بێ لێڵی لە تێكۆشانی ڕۆژانەی جەماوەردا دەردەكەوێت‌و، ئاراستەی چەپی كوردستانی وەك هێزێكی سیاسی لە خەباتی نیشتمانیدا كاراتر دەبێت.
كۆبونەوەكە ئاماژەی بە گرنگی كاری هەماهەنگی‌و هاوبەشی سەرجەم لایەنە سیاسییەكانی سەرجەم بەشەكانی كوردستان كردەوە، بە جۆرێك تایبەتمەندی خەبات‌و سەربەخۆیی بڕیاری سیاسی‌و دەستێوەرنەدان لە ناوەندەكانی بڕیاری سیاسی هەر بەشێكی كوردستان، بپارێزرێت.
ئامادەبووانی كۆبونەوەی كۆڕبەندی چەپی كوردستان هەڵسەنگاندنی ئەرێنییان هەبوو بۆ سێیەمین دیداری چەپی كوردستان كە لە 25ی شوبات لە هەولێردا بەناونیشانی (گۆڕانكاریە نێودەوڵەتی‌و هەرێمایەتییەكان‌و كاریگەری لەسەر كوردستان) بەسترا‌و، ئاماژەیان بەوە كرد، كە نەرمی‌و مرونەت نێوان سەرجەم لایەنە بەشداربووەكان لە پانێلەكاندا‌و هەڵێنجانی خاڵی هاوبەش‌و، بەشداری كەسایەتی سیاسی بەرچاوی چەپ‌و بەرهەمدار لە بواری هزر‌و سیاسەتدا لە دەرەوەی لایەنەكانی كۆڕبەندی چەپی كوردستان‌و، كرانەوە لەگەڵ دید‌و بۆچوونەكانی هێزەكانی دیكەی دەرەوەی چەپ، شوناسی سەرەكی دیدارەكە بوو. جگە لەم خاڵە گرنگە ئامادەبووانی دیدارەكە ئاماژەیان بە گرنگی گریدانی ئەم جۆرە چالاكییە‌و كاری هاوبەشی چەپ كردەوە.
لە كۆتایی كۆبونەوەكەدا سەركردایەتی كۆڕبەندی چەپی كوردستان كۆمەڵێك بڕیاری گرنگی سەبارەت بە كاراكردنی میكانیزمەكانی كاری ڕێكخستنی كۆڕبەند وەرگرت.
كۆڕبەندی چەپی كوردستان
(باكور: حزبی كۆمۆنیستی كوردستان‌و، حزبی سۆشیالیستی كوردستان. ڕۆژهەڵات: كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان. ڕۆژئاوا: پارتی كۆمۆنستی كوردستان.باشور حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان‌و حزبی شیوعی كوردستان‌و بزووتنەوەی دیموكراتی گەلی كوردستان)
26/ شوباتی 2025