ماڵپەڕی ئەکسیۆس لە ڕاپۆرتێکی نوێدا  ئاشکرای کرد کە بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا داوای لە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا کردووە کە لەم ساتە هەستیارەدا هیچ جۆرە ڕێککەوتنێکی ئاگربەست لەگەڵ ئێران واژۆ نەکات چونکە تەلئەڤیڤ پێی وایە هەر جۆرە خاوبوونەوەیەکی فشارە سەربازییەکان دەرفەت دەداتە تاران بۆ خۆڕێکخستنەوە و ئەمەش مەترسییەکی گەورە بۆ سەر ئاسایشی ناوچەکە و دەستکەوتەکانی جەنگ دروست دەکات.
بەپێی زانیارییەکانی ئەم ماڵپەڕە ئەمریکییە کە لە زاری بەرپرسێکی باڵای ئیسرائیلییەوە گواستراوەتەوە دۆناڵد ترەمپ لە وەڵامی ناتانیاهۆدا جەختی کردووەتەوە کە ئاگربەست تەنیا کاتێک ڕوودەدات کە ئێران بە تەواوەتی مەرجە سەرەکییەکانی ئەمریکا قبووڵ بکات و ڕایگەیاندووە کە بە هیچ شێوەیەک دەستبەرداری داواکاریی ڕادەستکردنی تەواوی یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئێران نابێت بە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا.
هەروەها بەرپرسە ئیسرائیلییەکە بۆ ئەکسیۆس دووپاتی کردووەتەوە کە ترەمپ مەرجێکی توندتری بۆ تاران داناوە کە بریتییە لە واژۆکردنی ڕێککەوتنێکی فەرمی بۆ ئەوەی ئێران بۆ هەمیشە دەست بە پیتاندنی یۆرانیۆم نەکاتەوە و ئەم هەڵوێستە توندەی واشنتن و تەلئەڤیڤ نیشانەی ئەوەیە کە فشارەکان بۆ سەر کۆماری ئیسلامیی ئێران گەیشتووەتە ئاستێکی بێپێشینە و ئاسۆی گەیشتن بە چارەسەری دیپلۆماسی لە ئێستادا زۆر سنووردار بووە.

وتاری نووسەران