
ئاژانسی هەواڵی فەرمی ئێران (ئیرنا) بڵاویکردەوە، تاران لە ڕێگەی پاکستانەوە وەڵامی فەرمی خۆی دەربارەی پێشنیازەکەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ کۆتاییهێنان بە ئاڵۆزییەکان ڕادەست کردووە، بەڵام وەڵامەکەی ئێران کۆمەڵێک مەرجی قورس و ستراتیژی لەخۆدەگرێت.
گرنگترین داواکارییەکانی ئێران بریتین لە:
• گهرووی هورمز: داڕشتنی پڕۆتۆکۆڵێکی نوێ بۆ تێپەڕبوونی ئارام، بە مەبەستی زیادکردنی کۆنتڕۆڵی تاران بەسەر ئەو ڕێڕەوە ستراتیژییەدا.
• لایەنی ئابووری: هەڵگرتنی سەرجەم سزاکانی سەر ئێران و دەستپێکردنی پڕۆسەی ئاوەدانکردنەوەی ئەو ناوچانەی بەهۆی جەنگەوە زیانیان بەرکەوتووە.
• کۆتاییهێنان بە شەڕ: ئێران ئاگربەستی کاتیی ڕەتکردووەتەوە و جەخت دەکاتەوە کە دەبێت سەرجەم ململانێکان لە ناوچەکەدا بە شێوەیەکی بنەڕەتی و هەمیشەیی کۆتاییان پێ بهێنرێت.
چاودێرانی سیاسی ئاماژە بەوە دەکەن کە بەم وەڵامە، ئێران "تۆپەکەی خستووەتەوە گۆڕەپانی واشنتۆن"، چونکە تاران ئامادە نییە بچێتە ژێر باری هیچ ڕێککەوتنێکی کاتی بەبێ بەدەستهێنانی دەستکەوتی ئابووری و سیاسی گەورە.