سێرجیۆ ڕامۆسی ئیسپانی لە كۆتایی مانگی ڕابردوو گرێبەستەكەی لەگەڵ یانەی پاریس سان جێرمانی فەڕەنسی كۆتایی هات و لە ئێستادا یاریزانێكی سەربەستە و دەتوانێت بەبێ بەرامبەر پەیوەندی بە هەر یانەیەكەوە بكات، كە خۆی بیەوێت.

ڕاپۆرتە ڕۆژنامەنوسیەكانیش باس لەوەدەكەن، ڕامۆس چەند ئۆفەرێكی لە سعودیەوە بەدەستگەیشتووە لەگەڵ ئەمریكا بەتایبەت لە یانەی ئینتەر میامییەوە.

بەرنامەی ئێل چیرینگیتۆی ئیسپانی ئاشكرایكرد، ڕامۆس بیرۆكەی پەیوەندیكردن بە یانە سعودیەكانەوە ڕەتكردووەتەوە، دوای ئەوەی ئۆفەری لە دوو یانەوە بەدەستگەیشتووە بە موچەی ساڵانەی 25 ملیۆن یۆرۆ.

بەرنامەكە ڕوونیكردووەتەوە، هۆكاری ڕەتكردنەوەكەی ڕامۆس خێزانەكەیەتی، كە ڕازینییە بە ژیانكردن لەو وڵاتەدا و ئارەزوو دەكات لە ئەوروپا یان ئەمریكا بێت، بەمەش ڕامۆس لە پەیوەندیكردن بە ئینتەر میامی و یەكگرتنەوەی لەگەڵ لیۆنێل میسی ئەرجەنتینی یاریزانی نوێی ئەو یانەیە نزیكە.

ڕامۆسی 37 ساڵ هاوینی 2021 لە ڕیاڵ مەدریدەوە پەیوەندی بە پاریسەوە كرد و دوای دوو وەرز بەشداری 58 یاری كرد و شەش گۆڵ و ئەسیستێكی تۆماركرد و سێ نازناوی لەگەڵدا بەدەستهێنا.