
ڕۆژنامەی سپۆرتی كەتەلۆنی بڵاویكردەوە، لیۆنێل میسی ئەرجەنتینی یاریزانی پێشووی یانەی پاریس سان جێرمانی فەڕەنسی، بەنیازە لە چەند كاتژمێری داهاتوودا بڕیاری كۆتایی خۆی بدات، دوای ئەوەی بێزاربووە لەو دەنگۆیانەی لەسەر داهاتووی دەوترێن.
سپۆرت ئاماژە بەوەدەكات، هەرچەندە میسی ئارەزوو دەكات بگەڕێتەوە یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی، بەڵام ئەو ڕێگەیە سەختبووە بەهۆی قەیرانی دارایی یانە كەتەلۆنیەكەوە، كە تا ئێستا هیچ ئۆفەرێكی فەرمی پێشكەشی میسی نەكردووە.
سپۆرت ڕوونیكردەوە، بڕیاری لیۆ پەیوەندی بە پارەوە نییە، ئەگەر كارەكە بۆ ئەو بەجێبهێڵرێت ئەوا بەبێ بەرامبەر دەگەڕێتەوە بەرشەلۆنە و نزمترین ئاستی موچە وەردەگرێت، كە ساڵانە نزیكەی 200 هەزار یۆرۆیە.
سپۆرت باس لەوەشدەكات، ڕابیتەی لا لیگا لەبەردەم گەڕانەوەی میسیدا وەستاوە، لەبەرئەوەی لیژنەیەك هەیە ئەو موچەیە دیاری دەكات، كە پێویستە میسی وەریبگرێت و دەگاتە 25 ملیۆن یۆرۆ، واتە لەسەدا 25ی دواترین موچەی ئەستێرە ئەرجەنتینیەكە لە خولی ئیسپانیادا.
بێجگە لە بەرشەلۆنە، میسی ئۆفەرێكی تری لە یانەی هیلالی سعودیەوە بەدەستگەیشتووە، كە 500 ملیۆن یۆرۆی ساڵانەیە، هاوكات لەگەڵ ئۆفەرێكی یانەی ئینتەر میامی ئەمریكیش، كە بڕەكەی دیاری نەكراوە.