
لە یاری رابردوویان كاتێك مان سیتی توانی لە كۆتا چركەدا لە دۆڕاندنەكەی بەرامبەر ئارسناڵ ڕزگاری بێت و خاڵێك بەدەستبهێنێت، ئێرلینگ هالاند دەمەقاڵێی لەگەڵ یاریزانانی ئارسناڵ كرد.
ئەم هەنگاوەی ئەستێرە نەرویجییەكەی مانچستەر سیتی توڕەیی ئارسناڵییەكانی لێكەوتەوە و هەرچەندە دواتر فیكەی كۆتایی یارییەكە لێدرا بەڵام ئێرلینگ بەردەوام بوو لە مشتومڕكردن، رۆژێك پاش رووداوەكەش چەند وێنەیەك بڵاوكرایەوە كە تێیدا دەردەكەوێت یاریزانەكە گاڵتە بە ئارتێتای راهێنەر و یاریزانانی ئارسناڵ دەكات.
جگە لە هاندەرانی ئارسناڵ، زۆرێك لە هاندەرانی پریمەرلیگ داوادەكەن هالاند سزا بدرێت بەهۆی ئەو هەڵسوكەوتانەیەوە، بەڵام دەیلی مەیڵ باس لەوەدەكات، هێرشبەرەكەی سیتی بە هۆكارێكی تایبەت تووشی كێشە بووە و هیچ سزایەك چاوەڕێی ناكات.
رۆژنامەكە باسی لەوەشكردووە، بەپێی یاساكانی پریمەرلیگ یاریزانێك لە یاریگادا هیچ سزایەك نەدرێت واتای ئەوەیە دواتریش ناتوانرێت سزا بدرێت، هالاندیش لە یارییەكەدا هیچ كارتێكی بە روودا بەرزنەكراوەتەوە و ئەوەش واتای ئەوەیە دۆسیەی لەسەر ناكرێتەوە.