ئامادەکردنی: محەمەد چاوشین

 شاخەوانیی لەگەڵ ئەوەی کە ھێزێکی زۆری جەستەیی و دەروونیی دەوێت، بەڵام  وەرزشێکی سەرنج ڕاکێشيشە. ئەوانەی لەگەڵ ئەو چەشنە وەرزشکردنە تێکەڵ دەبن بەئاسانی ناتوانن وازی لێبێنن. وەکوو دەڵێن، شاخەوانیی جۆرێک لە گیرۆدەبوون بە سرووشت و ناوچە کوێستانییەکان درووست دەکات!. بێگوومان ئەوەش ھۆکاری زانستیی خۆی ھەیە.

 ھەندێک لە شاخەوانەکان ئەگەر بۆماوەی چەند ھەفتەیەک بەھەر ھۆکارێک لە وەرزشی شاخەوانیی داببڕێن، وتەیەکی بەناوبانگ دەردەبڕن: دەڵێی شتێکم لێ ون بووە!".

بێ ئەوەی شاخەوانەکە خۆی ھەستی پێبکات، دەکرێ ئەم چەشنە پرسیارە بە نیشانەی گیرۆدەبوون بە ناوچە کوێستانییەکان لێک بدەینەوە.

خاڵی سەرنجڕاکێش ئەوەیە، ڕۆژێک دوای گەشتە شاخەوانییەکان، بەھۆی زۆری ئەو وزەیەی کە لە گەشتەکەدا بەفیڕۆ چووە، شاخەوانەکە لەجیاتی ئەوەی بێھێز و لاواز دەربکەوێت، ڕێک پێچەوانەی ئەوە ڕوودەدات. شاخەوانەکە زۆر دڵخۆش و بەھێز دەردەکەوێت. ھۆکارەکەیش ئەوەیە، جەستە بەھۆی وەرزشی شاخەوانییەوە بڕێکی زۆر ماددەی ئەندۆرفینی دەرداوە. بانموونەیەکی سەرنج ڕاکێش بێننەوە:

کاتێک یاری توپی پێ دەکەیت  بۆ ڕۆژی دواتر ھەست بە کەمێک  ئازار و گرژی  ماسولکەکانت دەکەیت، لەگەڵ  ئەوەی کە ماوەی یاری توپی پێ  بە بەراورد بە شاخەوانیی زۆر کەمترە و ماندووبوونیشی کەمترە، بەڵام شاخەوانان دوای گەشتێکی دوور و درێژی یەک ڕۆژە، بۆ ڕۆژی دواتر ھەستی خۆشی و شادی زۆرت دایان دەگرێت، ئەوەش بەھۆی زۆری دەردانی ھۆڕمۆنی ئەندۆرفینەوەیە.

بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە: ئەو ھۆکارانە چین کە دەبنەھۆی گیرۆدەبوونی شاخەوانان بە ناوچە کوێستانییەکان؟

توێژینەوە زانستییەکان ئەوەیان سەلماندووە، لەکاتی ئەنجامدانی چالاکییە وەرزشييەکانی ناو سرووشت و بەتایبەت لەناوچە کوێستانییەکاندا، دەزگای کۆئەندامی دەماریی ناوەندی(Central nervous system) ھۆڕمۆنێک دەردەدات بەناوی(ئەندۆرفین).

 ئەندۆرفین چییە و چۆن دەردەدرێت؟

 ئەندۆرفین جۆرە ماددەکی کیمیایی ناو مێشکە یارمەتی ڕووبەڕووبوونەوەی  ئێش و ئازار و دڵەڕاوکێ دەدات. ئەندۆرفین دەبێتە ھۆی زیادکردنی ھەستی شادی و دڵخۆشی لای مرۆڤ و نەھێشتنی خەمۆکی و دڵەوڕاکێ.   توێژینەوە پزیشکییەکان دەریان خستووە کە دەکرێ ھۆڕمۆنی ئەندۆرفین وەکوو  ھێوورکەرەوەیەکی سرووشتی ناوببرێت. ھۆڕمۆنی ئەندۆرفین ھەروەھا دەبێتەھۆی بەھێزکردنی یادگەی مرۆڤ و بەھێزکردنی سیستمی بەرگری جەستە.

  ئەندۆرفین وەکوو(مۆرفین)ی سرووشتی ناو لەش دەناسرێت و ئەو ڕۆڵەی لەناو جەستەی مرۆڤدا دەیگێڕێت دواجار دەبێتە ھۆی دڵخۆشی و چالاکبوونی کەسەکە. لەڕاستیدا ڕۆڵی ئەندۆرفین ھاوشێوەی تریاکە لەناو مادەھۆشبەرەکاندا.

ئەندۆرفین لەناو کۆئەندامی دەماریی ناوەندی و غوددەی ھیپۆفیز بەرھەم دێت و دەردەدرێت. ئەندۆرفین خاوەنی لێکەوتەکانی وەکوو(ئالفا، بتا، گاما)یە.

 ئەو ھۆکارەکانەی دەبنەھۆی دەردانی ئەندۆرفین:

 یەکەم: چالاکییە جەستەییەکان بەتایبەت چالاکییە وەرزشییەکانی ناو سرووشت وەکوو شاخەوانیی.

دووەم:  ھەست و سۆزی ئەرێنی

سێھەم:لەکاتی ئێش و ئازار

چوارەم: خوراردنە تیژەکان.

پێنجەم: لەکاتی ئەڤینداری و عاشق بووندا ھۆڕمۆنی ئەندۆرفین بەشێوەیەکی زۆر بەرز دەردەدرێت.

شەشەم: گوێگرتن لە مۆسیقا

 زیانەکانی کەمی ئەندۆرفین لە جەستەدا:

 بەپێی توێژینەوەکان، پەیوەندییەکی بەھێز لەنێوان کەمی ھۆڕمۆنی ئەندۆرفین و ھەندێک نەخۆشیدا ھەیە. لەحاڵەتێکدا ئەگەر  جەستە ھۆڕمۆنی ئەندۆرفینی پێویست دەرنەدات،  لەوانەیە ئەو کێشانەی خوارەوە بۆ مرۆڤ بێتەپێشەوە:

-دابەزینی کێش بەشێوەیەکی نەخوازراو

-ئازاری جەستە

-   خەمۆکی

-زیادبوونی دڵەڕاوکێ

-تێكچوونی میزاج

-گرفتی خەو

- پەنابردن بۆ مادە ھۆشبەرەکان

لاوازبوونی سیستمی بەرگری جەستە

تێکچوونی زیاتری باری دەروونی

  کەواتە، بۆئەوەی لەڕووی جەستەیی و دەروونییەوە ھەمیشە ساغ بیت، پێویستە وەرزش بکەیت، لەناو وەرزشەکانیشدا شاخەوانیی ھەڵبژێرە. بەڵام شاخەوانییەک کە دووربێت لە کاری ھەڕەمەکیانە و پێویستە لەسەربنەمای ئەو ستانداردانە بێت کە لەلایەن فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی شاخەوانيى(UIAA) ئەرێ کراون.

بە لەبەرچاوگرتنی ئەو ڕاستییانەی سەرەوە دەتوانین بڵێین، سرووشت دەرمانخانەیەکی بێ بەرامبەرە، ھیچ داواکارییەکی نییە، تەنھا ڕێزی بگرە و لە پیس بوون بیپارێزە!.

قەدری سرووشت بگرە، چونکە سەرچاوەی سەلامەتی جەستەیی و دەروونییە!.

بەراورد  بە بوونەوەرەکانی دیکە، مرۆڤ پیسترین بوونەوەری سەرزەوییە کە ھیچ سوودێکی بۆ ژینگە نییە و زۆرترین سوودیش لە ژینگە وەردەگرێت!.

 باشترین ڕێنمایی لەکاتی چوونە شاخ چییە؟

 باشترین ڕێنمایی ئەوەیە، خۆت لەگەڵ ئەو گرووپە شاخەوانییانە ڕێکبخە کە لەکەسانی شارەزا و پڕ ئەزموونی زانست و زانیاریی شاخەوانیی پێکھاتوون و لە خول و سیمیناراتی تایبەت بە بوارە جیاوازەکانی شاخەوانیی بەشدارییانکردووە. ئەو ڕێنماییەش بۆئەوەیە لەکاتی گەشتە شاخەوانییەکاندا تووشی پەککەوتن و ڕووداوی نەخوازراوی ناوچە کوێستانییەکان نەبیتەوە و چێژ لە گەشتەکانت ببینیت.

 سەرچاوەی باس:

http://www.sepehrmountainclub72.com/