كارگێڕیی یانەی ئینتەرمەیامی ئەمریكی، دەبێت بەخێرایی كێشەیەكی چارەسەر بكات بەمەبەستی تۆماركردنی گرێبەستەكەی لیۆنێل مێسی.

 مێسی گەیشتە مەیامی بۆ تەواوكردنی گواستنەوەكەی بۆ خولی تۆپی پێی ئەمریكی، بەڵام ئەو ئێستا نەك هەر ناتوانێت یاری بۆ یانە نوێیەكەی بكات، بەڵكو ناتوانێت مەشقیش بكات، تاوەكو یانەكەی كێشەیەكی تایبەت بە دوو یاریزانی چارەسەر نەكات.

راپۆرتە رۆژنەمەڤانییەكان ئاشكرایانكردووە، یانە ئەمریكییەكە، دەبێت بەپەلە كێشەیەكی تایبەت بە هەردوو یاریزانەكەی رۆدۆلفۆ پیزارۆی مەكسیكی و گریگۆری بەرازیلی چارەسەر بكات، بۆ ئەوەی بتوانێت لیۆنێل مێسی ئەرجەنتینی، نوێترین ئەندامی تیپەكە، لە مێركاتۆی ئێستادا تۆمار بكات.

 بۆ دابینكردنی مووچەی مێسی و بۆ ئەوەی بابەتەكە لەگەڵ یاسادا بگونجێت، پێویستە ئینتەرمەیامی دەستبەرداری یەكێك لەو دوو ئەستێرەی ببێت، كە پێدەچێت یاریزانە مەكسیكییەكە، رۆدۆلفۆ پیزارۆ، بیر لە رۆیشتن بكاتەوە، كە گەورەترین مووچەی یانەكە وەردەگرێت و بریتییە لە 3 ملیۆن دۆلاری ساڵانە.

پیزارۆ و گریگۆری لەگەڵ لیۆناردۆ كامپانای ئیكوادۆریش ئێستا لە ئینتەرمەیامی مووچەیەكی زۆر وەردەگرن، بۆیە كارگێڕیی یانەكە دەبێت بەخێرایی دۆخی گرێبەستی گریگۆر بگۆڕێت بۆ ئەوەی رێگە بە تۆماركردنی ئەستێرەیەكی وەك لیۆنێل مێسی بدات.

 بڕیارە ئینتەرمەیامی یەكشەممەی داهاتوو بەفەرمی گرێبەستەكەی لیۆ رابگەیەنێت. پێشبینی دەكرێت یاریزانە ئەرجەنتینییەكە یەكەم یاریی خۆی رۆژی 21ـی تەمموز بەرامبەر كروز ئازول لە جامی خولدا ئەنجام بدات.