تۆڕی سكای سپۆرت لە هەواڵێكیدا بڵاویكردەوە، یانەی ریاڵ مەدریدی ئیسپانی داوایان لە ئەلفۆنسۆ دەیڤزی كەنەدی كردووە گرێبەستەكەی لەگەڵ بایرن میونشن نوێ نەكاتەوە.

تۆڕەكە رایگەیاندوە، بەرگریكارە كەنەدیەكە دوایین ئۆفەری بایرن میونشنی بۆ مانەوە و نوێكردنەوەی گرێبەستەكەی رەتكردووەتەوە ئەوەش وەك فشارێك بەكاردەهێنێت كە رێگای بدەن بچێتە یانەی شاهانە.

سكای دوپاتیكردووەتەوە، بەرپرسانی یانەی شاهانە بە نیازن لە نزیكترین كاتدا گفتوگۆكانیان لەگەڵ ئەو یاریزانە دەستپێبكەن بەمەبەستی ئیمزاكردنی گرێبەست لەگەڵیاندا، لە هەمان كاتیشدا ئۆفەری فەرمی پێشكەشی یانە ئەڵمانیەكە دەكەن بەرامبەر دەستبەرداربوون لێی.

ئاماژەی بەوەشداوە، گرێبەستی دەیڤز لەگەڵ یانە باڤاریەكە لە هاوینی 2025 كۆتاییدێت و یانەكەی پایتەختی ئیسپانیاش ئامانجیان ئەوەیە لەپێناو بەهێزكردنی باڵی چەپی بەرگریان ئەو یاریزانە بگوازنەوە لە هاوینی ئەمساڵدا.