دەیڤید بێكهامی ئەستێرەی پێشووی یانەی ریاڵ مەدرید و میلان و پاریس، كە لە ئێستادا سەرۆكی یانەی ئینتەر میامی ئەمریكییە، لە دانیشتنێكدا لە لەندەن وەڵامی چەند پرسیارێكی تۆڕی نێتفلێكسی دایەوە.

ئەستێرەكەی پێشووی تۆپی پێ سەبارەت بە دۆخی ئێستای ریاڵ مەدرید وتی: من لە نزیكەوە ڕیاڵ مەدرید دەناسم، دەزانم بەشێك لە وەرزەكە كێشەیان هەبوو، بەڵام بینیتان سەركەوتن بۆ قۆناغی 16، ئەگەر داوام لێ بكەن پێشبینی بكەم دەڵێم: ڕیاڵ مەدرید ئەمساڵ جارێكی تر نازناوی چامپیۆنزلیگ بەدەست دەهێنێتەوە.

باسی لەوەشكرد، گواردیۆلا یەكێكە لە باشترین راهێنەرەكانی جیهان، دۆخی ئێستای مان سیتیش ئاساییە چونكە زۆر یانە تووشی بارودۆخی لەو جۆرە دەبنەوە بەتایبەت كاتێك یاریزانە گرنگەكانیان تووشی پێكان دەبن و یاریزانی تر یاری پێدەكەن.

بێكهام سەبارەت بە مێسیش وتی: گومانی تێدا نییە لیۆ باشترین یاریزانی جیهانە و تەنانەت باشترین یاریزانی هەموو سەردەمەكانە، دڵخۆشم بە بوونی ئەو لە تیپەكەمدا و دڵنیام ئەمساڵ جارێكی دیكە دەدرەوشێتەوە.

سەبارەت بەوەی لە داهاتوودا دەبێتە راهێنەر یاخود نا وتی: هەمیشە دەمزانی ڕۆژێك دەبێت واز لە یاری تۆپی پێ بهێنم، بەڵام هەرگیز خەونی من نەبووە ببمە ڕاهێنەر و ویستم كارێكی نوێ دەستپێبكەم، ئێستا میامی ماڵی نوێی منە.