پاش ئەوەی پەیوەندی بە ریاڵ مەدریدەوە كرد جود بێلینگهام چەندین خەڵاتی گرنگی بەدەستهێنا، ئەویش بەهۆی ئەو ئاستە بەرزەی لەگەڵ یانەكە پێشكەشی دەكات كە لە 36 یاریدا توانیویەتی 21 گۆڵ تۆماربكات و 10 گۆڵیش بۆ هاوڕێكانی دروست بكات.

لە نوێترین پێشهاتیشدا بێلینگهام خەڵاتی دیاردەی ساڵی بەدەستهێنا لە مەراسیمی خەڵاتەكانی لۆریۆس ئەویش دوای ئەوەی لە جۆش كیر و كۆكۆ گۆفی بردەوە و بووە یەكەم یاریزانی تۆپی پێ كە ئەم خەڵاتە بەدەستبهێنێت بە درێژای مێژوو.

دواتر لە درێژەی مەراسیمەكەدا نۆڤاك جۆكۆڤیچ بۆ جاری پێنجەم وەك باشترین وەرزشكاری ساڵ هەڵبژێردرا، یاریزانەكە كێبڕكێیكەی لە چەندین یاریزانی وەرزشە جیاوازەكان بردەوە كە تێیاندا لیۆنێل میسی و ئێرلینگ هالاند و ماكس ڤێرستاپن دەبینرا، نۆڤاك لە كۆی بەشداركردنی لە چوار گراند سلام سێ بردنەوەی بەدەستهێنا و تەنیا لە یاری كۆتایی ویمبڵدۆن بە كارلۆس ئەلكاراز دۆڕا.

ئایتانا بۆنماتی خەڵاتی باشترین وەرزشكاری مێینەی ساڵی بەدەستهێنا بەهۆی بردنەوەی جامی جیهانی لەگەڵ هەڵبژاردەی ئیسپانیا و چامپیۆنزلیگ لەگەڵ بەرشەلۆنە.